فەرزین كەریم: لە ناو رەوتی فیلم و سینەمای كوردی هەندێك مشەخۆر هەن بەرۆكی بەرنادەن و خوێنی دەمژن  

 

 

سڤیل: مەسعودی مەلا هەمزە

هونەرمەندی سینەماكار فەرزین كەریم لە دیدارێكی تایبەتی سڤیلدا تیشك دەخاتە سەر كێشە و ئاستەنگەكانی بەردەم سینەما و ئاماژە بەوەش دەكات، كە پلان و بەرنامە نییە بۆ ئەوەی هۆڵی سینەمایی دروست بكرێ. هەروەك باس لەو كاتانەش دەكات كە بەڕێوەبەری سینەما بووە.


سڤیل: بۆچی تا ئێستا دەرهێنەرانی ئێمە فیلم بۆ فێستیڤاڵەكانی دەرەوە بەرهەم دێنن و بینەری كورد نایانبینێ؟
فەرزین كەریم: بەلێ سەدا سەد وایە، چونكە وەرگر و بینەر و موخاتەبی ناوخۆییمان نییە، لەبەر چەند هۆكارێك: یەكەمیان: هۆڵی سینەمایی نیە. دووەمیان: سەرمایەدار و دەوڵەمەند و زەنگینی خاوەن كلتوور و رۆشنبیری سینەماییمان كەمە، یان هەر نییە تا سەرمایەگوزاری لەسینەمادا بكات. سێیەم: رۆشنبیری سینەمایی لای تاكەكانی كۆمەڵگای ئێمە لاوازە. چوارەم: بەرنامە و سیستەمی سینەمایی درێژخایەنی مۆتربەكراو لەگەڵ واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری ئێمە بوونی نیە. پێنجەم: ئەوانەی دوور و نزیك لەم بوارە كار دەكەن تێكڕا دەڵێن "دەزانم" و كەس نییە بڵێ "نازانم". ئەم "دەزانم"ەش بووەتە عوقدەیەك و زۆر خەڵكی بە سەهو بردووە و زۆر كڵاویشی لەسەری حكومەت و خەڵك ناوە! شەشەم: لەناو رەوتی فیلم و سینەمای كوردی هەندێك ئەنگەل و مشەخۆر هەن بەرۆكی بەرنادەن و خوێنی دەمژن! هێشتاش هۆكار ماون بەڵام بەسە.
سڤیل: لەپاڵ ئەو كێشانەی باستكرد، نەبوونی هۆڵی سینەما كێشەی هەرە گەورەیە و وەك پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
فەرزین كەریم: بە داخەوە لەساڵانی رابردوو تائێستاش سینەماش وەكو زۆر لەكایە مەعریفی و مەعنەوییەكان تەنیا وەكو پڕۆژە بازرگانییەكان سەیردەكرێ، لە كاتێكدا دەبووایە سینەما لەهەرێمەكەمان پتر وەكو بوارێكی كلتووری سەیر كرابوایە. ئەم بەبازرگانی سەیركردنەی سینەما بووە هۆی ئەوەی زۆر رووبەری گەورەی زەوی بەناوی ئیستسمار و موساتەحە بەمەبەستی دروستكردنی سینەما بدرێتە خەڵك، بەڵام هیچیان نەكرانە هۆڵی سینەما، چونكە ئەم كارە بەدیراسەوە نەكرا. ئێستا ئامادەم ئەگەر زەوی تەرخان بكرێت بۆ ماوەیەكی كەم سەرمایەداری بیانی یان خۆماڵی پەیدا بكەم تا بیكاتە هۆڵی سینەما.
سڤیل: ئەوكاتەی بەڕێوەبەری سینەمابووی لەوەزارەتی رۆشنبیری، بۆچی هەوڵت نەدا دروستكردنی چەند هۆڵێك بخەنە بەرنامەی خۆتان؟
فەرزین كەریم: كاتی خۆی لەكۆتاییەكانی ساڵی 2005 بەدواوە لەگەڵ خوالێخۆشبوو سامی شۆڕش وەزیری رۆشنبیری بەهۆی غیابی كەرتی تایبەت و سەرمایەداری خۆماڵی، بریاڕ بوو كار بۆ دروستكردنی كۆلۆنیایەكی هۆڵی سینەمایی-حكومی بكەین و تەنانەت زەویش بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پلانی ستراتیجیكی درێژخایەنمان بۆ سینەما نیە، لەگەڵ گۆڕینی هەر كابینە و وەزیر و بەڕێوەبەرێك دەگەڕێینەوە خاڵی سفر. خاڵی سفر فەلسەفەی هەر ئاڵوگۆڕێكی ئیدارییە لەهەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لەبوارە رۆشنبیری و كلتورییەكانەوە. تەنانەت سوود لەئەزموونی یەكتریش وەرناگرین. بۆیەشە ئەوانەی قسەشیان لەم بوارە پێیە دوای ماوەیەك دوورەپەرێز دەبن و دەڕواننە ئەو مەسرەحییە كلێشە و دووبارە گاڵتەجاڕییەی (خاڵی سفر). با ئەوەش بڵێم، ئەم خاڵی سفر و چەق بەستووییە كلتووری و فەرهەنگییە، ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرە پاوانخوازانەش دەگرێتەوە كە ساڵانێكە كورسیان بەرنەداوەو پاڵیان داوەتەوە و ناگۆڕدرێن!
سڤیل: لەپاڵ دروستنەكردنی هۆڵی سینەمایی، لەهەولێر چەند هۆڵێكی سینەمایی هەبوون رووخێنران، كەس نەهاتە دەنگ؟ ئەی هەڵوێستی سینەماكاران؟
فەرزین كەریم: هەر بەو رادەی پێشكەوتنە خێرایەی بەچركە و خولەك جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، خەڵكیش چاوەڕوانی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری زیاترن، نابێت قەت چاوەڕوانی ئەوە بین خەڵك و خێزانەكان بێنە هۆڵێكی نیو سەدە یان چارەكە سەدەیەك پێش ئێستا، كە نەكورسیەكانی سەردەمیانەیە نە بینایەكەی. ئێستا هۆڵ دروست دەكرێت تەواوی لایەنە تەرفیهی و خزمەتگوزارییەكانی وەكو كافتریا و سوپەرماركێت و ریستۆرانت و شوێنی یاری و لەهەندێك شوێن تەنانەت باخچەی ساوایان و دایەنگە و مەلەوانگە و تا دوایی تێدایە، تاكو خەڵك لەسینەما دانەبڕێت، چونكە سینەما واتە گەشەی كلتوور و شارستانیەت و پەروەردەی مروڤ. دەكرێت ئەم هۆڵە كۆنانە، وەكو زۆر لەوڵاتە شارستانیەكان، لەچەشنی مۆزەخانەیەك بپارێزرێن تاكو بەشێك لەبیرەوەرییەكانی نەوەكانی پێشتر بەزیندوویی بمێنێتەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com