گورگەكانی سەر شەقام: لە زۆربەی هونەرمەندەكان جەماوەرمان زیاترە و وەك ئەوانیش منەت لەسەر كەس ناكەین  

 

 

سڤیل:

جەماوەری ئێمە قوتابیانی كۆلێژ و قوتابخانەكانن

ئەوان تەنیا حەوت كەسن و گروپی گورگەكانی سەر شەقامیان پێكهێناوە، كە گروپێكی راپە، سەرۆك گروپەكە دەڵێ جەماوەرێكی ئێجگار زۆرمان هەیە و "ئەگەر لەبەر داب و نەریت نەبوایە، نیوەی گەنجی كورد دەستیان بەراپ دەكرد، چونكە گەنجانی ئەمڕۆ حەز بەراپ و ستایلی ئینگلیزی دەكەن".
كۆتایی ساڵی 2007 چەند گەنجێك لەهەولێر گروپێكی راپیان بەناوی گورگەكانی سەر شەقام دامەزراند، سەرەتا 12 گەنج بوون، بەڵام چەندین جار زیاد و كەمی كردووە، هەروەها جارێك گروپەكە شكستی هێناوە، ئەوە بە قسەی هەڤاڵ، كە ئێستا سەرۆك گروپەكەیە و دەڵێت "دوای شكستەكە، من بوومە سەرۆكی گروپ و جارێكی تر بەهێزم كردەوە و كۆنسێرت و راپی زۆرمان دروستكرد، شانسێكی دیكەمان وەرگرتەوە". ئێستا ئەوان تەنیا حەوت كەسن "هەڤاڵ، نورا، هەردی، زانا، هێرش، محەمەد، شێروان".
ساڵی 2009 كاتێك بەشداریان لەبەرنامەی من جیاوازم كرد لەكەناڵی زاگرۆس، دەرفەتی ناوبانگ دەركردنیان زیاتر بوو، كە تاوەكو قۆناغی كۆتایی بەرنامەكە چوون و پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا، هەڤاڵ دەڵێ "سێ ملیۆن دینارمان بردەوە و لەنێو خۆمان دابەشمان كرد".
هەڤاڵ باس لەوە دەكات، زۆربەی تێكستەكان ئەو دەینوسێت، بەڵام میوزیكی راپەكانیان لەبیانییەوە وەردەگرن، بەتایبەت راپە كۆرییەكان، "ئەگەر دانسی جوان و ئاسان هەبوو، كە بتوانین بەباشی تەقلیدی بكەینەوە و لەكوردستان نەبینراو بێت، ئێمە وەریدەگرین، خۆشمان لەدانسدا شتی نوێ دەكەین، هەروەها شێوازی راپی بیبۆ كاریگەری لەسەر راپەكانمان هەیە".
هەردی تەمەن 21 ساڵ، یەك لەگورگەكانی سەر شەقامە، ئارەزووی ئەو راپ و دانسە، خەون بەوە دەبینێ گروپەكەیان هەنگاوی گەورە بنێ، بەڵام دەڵێت "كەس هاوكاری ئێمە ناكات و جێگایەكمان نیە تێیدا كۆبینەوە و پڕۆڤە بكەن، لەشوێنی وا پرۆڤەی دانسم كردووە راپم لەبەرچاو كەوتووە، ویستوومە واز بێنم، بەڵام هەر خۆشم دەڵێم نا بەبەردەوام بوونی ئێمە پێشدەكەوین". هەردی ئاماژەی بەوەشدا هیچكام لەوان بۆ پارە پەیداكردن راپ ناكەن، "بەڵام ئەگەر لایەنێك هاوكاریمان بكات زیاتر پێش دەكەوین".
بیبۆی محەمەد گورگێكی دیكەی گروپەكەیە، پێی وایە لەبەرئەوەی سەر بەهیچ دەزگا و سەرنتەرێك نین، جێگایەكی دیاریكراویان نیە، ئەو دەڵێت "لەهەر شوێنێك مەجال هەبێ پڕۆڤەی تێدا دەكەین".
هەڤاڵ سەرۆك گروپەكەیە و دەڵێت "لە كۆنسێرتەكانمان داوای پارە ناكەین، بەس هاوكاریمان بكەن لەدابینكردنی هۆڵ و ئامادەكارییەكان". وەك خۆیان باسی دەكەن، لەبەر نەبوونی هاوكاری، راپەكانیان بەلاپتۆپ تۆمار دەكەن، هەڤاڵ دەڵێت "لەبەرئەوەی هەموو ئەندامەكان قوتابین، پارەی زۆربەی خەرجییەكان هەر خۆم دەیدەم".
لەچەند ساڵی رابردوو چەندان گروپی راپ لەكوردستان دروست بوون و رۆژ لەدوای رۆژ لەزیاد بووندان، بەڵام زۆربەی هونەرمەندان راپ رەتدەكەنەوە و بە "ستایلی بێگانە" وەسفی دەكەن، لەچەند هەفتەی رابردووشدا مەلایەكی شاری هەولێر هێرشی توندی كردە سەر گروپی گورگەكانی سەر شەقام و لە وتارەكەیدا گوتی "پێشتر پیاوچاكی وەك مەولەی و هونەرێكی جوان و پاك هەبوو، كەچی ئێستاش گورگەكانی سەر شەقام دروستبوونە!"
لەوبارەیەوە سەرۆكی گورگەكانی سەر شەقام دەڵێت "ئەو مەلایە لەروانگەی دینی ئیسلامەوە قسە دەكات، بەڵام دینی ئیسلام داوامان لێدەكات دوعای خراپ لەكەس نەكەین، كەچی ئەو دوعای خراپی لەئێمە كرد و خۆشی گوناهبار كرد".
نورە ئەندامێكی قسەخۆشی گروپەكەیە و ئەویش لەسەر ئەو رەخنانەی كە لەلایەن لەهەندێ هونەرمەندەوە لەگروپەكانی راپ دەگیرێ گوتی "لەزۆربەی هونەرمەندەكانی كوردستان جەماوەرمان زیاترە و وەك هونەرمەندەكانیش منەت لەسەر كەس ناكەین، ئەوەشی كردوومانە هەموو تواناكانی ئێمە نییە، هێشتا ئەوە هیچ نییە، چونكە هەموو شتێك لەسەر گیرفانی خۆمانە". هەڤاڵ كاتێك باسی جەماوەری خۆیان دەكات، ئاماژە بەوە دەدات، زۆرترین جەماوەری ئەوان لەكۆلێژ و قوتابخانەكانن "لەبەرئەوە زۆرترین كۆنسێرتەكانمان لەكۆلێژ و قوتابخانەكان ئەنجام داوە، خەڵكێكی زۆر ئێمەیان خۆشدەوێت، لەگەڵ خەڵك تێكەڵین و پەیوەندی هاوڕێیەتیمان دروستكردووە، دێنە لامان وێنەمان لەگەڵ دەگرن و دادەنیشین و چایش دەخۆینەوە". ئەو بەبێ دوو دڵی ئەوەش دەڵێت "ئەگەر لەبەر قسەی خەڵك و داخراوی كۆمەڵگە و دابونەریت نەبووایە، نیوەی گەنج دەبوونە راپەر، چونكە گەنجی زۆر هەیە حەز دەكەن بەشداریمان لەگەڵ بكەن، بەڵام لەترسی قسەی خەڵك ناوێرن". سەرۆك گروپەكەش دەڵێت "هەر لەبەر ئەوەش ئەندامی كچ وەرناگرین، یەكەم لەترسی كێشەی كۆمەڵایەتی، دووەم فێربوونی برێكدانس بۆ كچ قورسترە، خۆمان ئەركمان قورسە، ئەگەرنا چەند كچێك داوایان كرد لەگەڵمان راپ بكەن، بەڵام وەك گوتم وەرمان نەگرتووە".
نورە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، گروپەكانی راپ لەكوردستان مونافەسەیەكی زۆری یەكتر دەكەن بۆ شكاندن و دژایەتیكردنی ئەویتر، گوتی "هەر لایەك هەوڵدەدات ئەوی تر لاواز بكات، بەڵام كەس ناتوانێ شان لەشانی ئێمە بدات، كاری خۆمان دەكەین و دژایەتی كەس ناكەین". نورە لە قسەكانی بەردەوام بوو گوتیشی "ئەو دژایەتیكردنە هەم ئاستی راپ لەكوردستان دێنێتە خوارەوە، هەمیش راپ بەدیوێكی ناشرین بەخەڵك نیشان دەدەن، كە بە راپ جنێو بە یەكتری دەدەن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com