|
سڤیل:
رێكەوت سەلام
گۆرانیبێژ كەمال عەلی كە ئێستا دانیشتووی
وڵاتی بەریتانیایە، دوای بڵاوكردنەوەی
ئەلبوومێك و چەند ڤیدیۆ كلیپێك، چەند ساڵێكە
بەرهەمی نوێی نەكردووە و ئاماژە بەوە دەدات
لەئێستادا بێدەنگی بۆ ئەو هونەرمەندانە باشە،
كە كاری رەسەن دەكەن و دەڵێت "خەم لە هونەری
كوردی دەخۆم، چونكە سەردەمی ئێستا هی
ئەوانەیە، كە هونەرمەند نین و سینگ و مەمك
دەرخستن بۆتە ستایلی نوێی گۆرانی كوردی".
كەمال عەلی، لەو چاوپێكەوتنەی كە لەگەڵ
(سڤیل)دا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەئێستادا
بێدەنگی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هونەرمەند،
بۆیە ئەویش چەند ساڵێكە بەرهەمی نوێی
نەكردووە، گوتی "من تووڕە نیم، بەڵكو غەمبارم
بۆ هونەری كوردی، سەردەمی ئێستا گۆڕاوە بۆ ئەم
ستایل و مۆدێلەی لەهونەری كوردیدا نەبوو، بۆیە
خەم لەو رۆژە دەخۆم، كە هونەری كوردی
تێیكەوتووە، زۆر بەداخەوە دەڵێم لەم زەمەنەدا
كارنەكردن دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ هەندێ
هونەرمەند".
كەمال باسی لەوەشكرد ئەو دژی ستایلی نوێ و
داهێنان نیە "بەڵام ستایلی نوێ شتێكە و هێنانی
گۆرانی توركی و فارسی و عەرەبی و گوتنەوەیان
بەزمانی كوردی شتێكی ترە، خۆرووتكردنەوە و
سینگ و مەمك دەرخستن كەی داهێنان و ستایلی
گۆرانی كوردیە؟!". كەمال عەلی گوتیشی "ناڵێم
گۆڕانكاری نەكراوە، بەڵێ كراوە و جیاوازیش
هەیە، بەڵام گۆڕانكاییەكە خراپەكەی لە باشەكەی
زیاتر بووە، ئێمە پێشتر كارمان بۆ هونەر
دەكرد، ئێستاش بۆ ناودەركردن و پارەیە،
بەداخەوە هیوام وایە رەسەنایەتی خۆمان لەدەست
نەدەین".
بەبڕوای كەمال ئەركی وەزارەتی رۆشنبیرییە
رێگەنەدات بەرهەمی خراپ بكەوێتە بازاڕەوە و
لەهەمووشی گرنگتر پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری
كەسی باش لەشوێنی شیاوی خۆی دابنێت، كەسانی
هونەرمەند لەوەزارەت كاربكەن، نەك كەسی حیزبی،
ئەنجامدانی ئەو كارە وا دەكات، كە هونەری
كوردی كەمێك بگەڕێتەوە ئاستی جارانی.
لەبارەی نوێكردنەوەی گۆرانییە كۆنەكانی خۆی،
كەمال عەلی گوتی "گۆڕانكاری لەژیان شتێكی زۆر
پیرۆزە، بەڵام من پێم باشە ئەو بەرهەمانەی
لەسەردەمی كۆن گوتوومن، چۆن تۆمار كراون و هەر
ئاواش بمێننەوە جوانتر و باشترە، چونكە خەڵك
بەم شێوەیە گوێی لێ بووە". ناوبراو ماوەیەكی
زۆرە ڤیدیۆ كلیپی نەكردووە و هۆكارەكەشی بۆ
ئەوە گێڕایەوە، كە هەندێ لە گۆرانیبێژان
بینەریان فێری كلیپی ناشرین و نەشیاو كردووە،
ئەو نایەوێت بەم شێوەیە كلیپ بكات، دەشڵێت
"هەتا ئەمجۆرە كلیپانە مۆدێل بن و بینەریان
هەبێت، من نامەویت كلیپی نوێ بكەم".
|