|
سڤیل:
سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ریگان: بەلای
خۆمە ئاساییە قەزافی جلەكانی نانسی بپۆشێت
جلوبەرگی سەرۆكەكان و رێكپۆشی ئەوان بابەتێكە
زۆر جار لە راگەیاندنەكان و خەڵك باس دەكرێت،
سەرۆك هەبووە بەهۆی جلوبەرگ و شیكبوونیەوە
لەلایەن خەڵك سەرنجراكێش بووە، بە
پێچەوانەشەوە سەرۆك هەبووە بەهۆی
جلوبەرگەكانیەوە بۆتە مایەی گاڵتەپێكردنی
خەڵك. بەگشتی تێبینی كراوە بیروبۆچوونی سیاسی
و ئایدیۆلۆژی و فەلسەفەی ژیانی هەركەسێك
رەنگدانەوەی لەسەر جلوبەرگەكانی دەبێت، جیا
لەوەی كە جلوبەرگ رەنگدانەوەی زەوق و سەلیقەی
مرۆڤیشە. بۆ نموونە كە گاندی بڕوای بە
تەقەشوفی سوفیانە و خۆژیاندن هەبوو، زۆربەی
ئەو جلانەی لە دوا رۆژانی تەمەنی
لەبەریدەكردن، بە دەستی خۆی دوروابوون.
كاتێك باس لە سەرۆكە عەربیەكان بكرێت، ئەنوەر
سادات و جەمال عەبدولناسر بە رێكوپێكترین
سەرۆكی عەرەبی دادەنرێن، ئەوەی لەو دوو
كەسایەتیە زیاتر جێگای سەرنج بوو، ئەوان
زێدەخەرجیان لە كڕینی جلوبەرگ نەكردووە،
عەبدولناسر چەند دەستێك جلی لە دوای خۆی
جێهێشت، ساداتیش زۆر بەوە دڵخۆش دەبوو كاتێك
جلێكی نوێ دەكڕی، جلی ئەو دووانە لە زۆترین
كاتدا پێكهاتبوو لە چاكەت و پانتۆڵێك و
چاویلكەیەكی رەش، بەڵام عەبدولناسر سادەتر
بووە.
یاسر عەرەفات رێبەری كۆچكردووی فەلەستین بە
جامانەكەی سەریەوە ناسرابوو، ئەگەر جلەكانی
سەربازیش نەبوونایە، ئەوا شێوەیەكی سەربازی
هەبوو. لە داوی وەرگرتنی دەسەڵاتیش سەدام
لەسەرەتای هەشتەكاندا جامانەیەكی سوری لەسەر
دەكرد، بەڵام دواتر جلی سەربازیی و قاتی كوبی
لەبەر دەكرد. زۆربەی سەرۆكە عەرەبەكان جارجارە
پەنا دەبەنە بەر جلی میللی خۆیان، لەوانەش
میرەكانی خەلیج و علی عەبدوڵڵا ساڵح زۆرجار
جلی میلی خۆیان لەبەر دەكەن، بەڵام یەكێك لەو
سەركردانەی پێناسیەك بۆ جلوبەرگەكانی ناكرێت
سەرۆكی كۆچكردوو موعەمەر قەزافی بوو.
یەكێك لە سەیروسەمەرەترین سەرۆك لە رووی
جلوبەرگەوە قەزافی بووە، بە بڕوای هەندێك لە
چاودێرانی سیاسی جلەكانی قەزافی وەك فیكر و
سیاسەتی ئەو ئاڵۆز بوو، هەر لەسەرەتای
دەركەوتنی قەزافی (سی ئای ئەی) راپۆرتێك لەسەر
هەڵسوكەوتی قەزافی بە سەرۆك ریگان دەدات، ئەو
راپۆرتە لە یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی باس
لە لایەنی دەروونی قەزافی دەكات و بە كەسێكی
نەخۆش وەسفی دەكات. دواتر هەر لەو خاڵەدا باسی
جلوبەرگی قەزافی دەكات، بەپێی راپۆرتەكە
قەزافی زۆر حەزی لە جلوبەرگی ژنانە بووە، بە
تایبەتی جلی ژێرەوەی هی ژنان بووە.
كاتێك سەرۆك ریگان لە زاری بەرپرسی (سی ئای
ئەی) گوێی لەو زانیاریانە دەبێت، زۆر
پێدەكەنێی دەڵێ"لە لایەن خۆمەوە كێشەم نییە
ئەگەر قەزافی جلەكانی نانسی هاوسەرم
بەكاربهێنێت"، ئەو نوكتەیەی ریگان زۆر جار
لەناو كۆشكی سپی دەگوترێتەوە.
دواتر لە نەوەدەكان جلوبەرگی قەزافی زیاتر
بووە جێگای سەرنجی جیهان، ئەو سەرۆكە جل و
بەرگی زۆر سەیر و سەمەرەی لەبەردەكرد، كاتێك
بۆ یەكەمجار سەردانی ئیتاڵیای كرد، جلێكی
لەبەركردبوو، كە وێنەی عومەر موختاری
لەسەركێشرا بوو، گوایە ویستویەتی وێنەی ئەو
شۆرشگێرە لیبیە بەبیر ئیتاڵیەكانەوە بێنێتەوە.
كاتێك قەزافی نەیتوانی چیتر باس لە یەكێتی
خاكی عەرەب بكات، دروشمەكانی گۆڕی و باسی لە
كیشوەری ئەفریقیا دەكرد، بۆیە دەیویست
جلەكانیشی لە هی ئەوان نزیك بێت، بەڵام
ئەوانیش زۆرجار بەگاڵتەوە سەیری جلەكانی
قەزافیان كردووە. لە یەكێك لە سەردانەكانی دا
بۆ وڵاتێكی ئەفریقی قەزافی كراسێك و پانتۆڵێك
لەبەر دەكات، لەسەر كراسەكەی وێنەی رێبەرانی
ئەفریقی و نەخشەی ئەفیریقیا نەخشابوو. لەیەكێك
لە جلەكانی تریشی وێنەی جەمال عەبدولناسر و
ئەحمەد بن بیلا كێشرابوو، لە سەردانێكیشیدا بۆ
ئەدیس ئەبابا جلێكی زەرد لەبەردەكات، بە گوتەی
رۆژنامەی تایم، ئەوجارە بەو جلە زۆر گاڵتەی
پێكراوە، رەنگاورەنگی و بەرگی تۆخ یەكێك بوو
لە سیما شازەكانی هەڵسوكەوتی قەزافی، كە تا
ئێستاش نەزانراوە حیكمەتی ئەو جلوبەرگانە
لەچیدا بووە.
|