|
سڤیل:
هەژار مەموزینی
زوبێر ساڵح یەكێكە لەگۆرانیبێژەكانی كوردستانی
رۆژئاوا كە لەگوندی دەلكێك لەنزیك شاری
دەربازیێ لەرۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە،
ئێستاش دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە، 25 ساڵە
كاری هونەری دەكات و لەو چاوپێكەوتنەی لەگەڵ
(سڤیل)دا رەخنە لەدەزگا هونەرییەكان دەگرێت و
دەڵێ "خۆیان بەخاوەنی هونەرمەندان نازانن" و
پێشی وایە ئەوەش وایكردووە هونەری گۆرانی
كوردی رۆژ دوای رۆژ لەكزبوون دابێت.
هونەرمەند زوبێر ساڵح دەڵێت "پێویستە
دەزگاكانمان لەكوردستان خاوەندارێتی
هونەرمەندان بكەن و بەشداری بكەن
لەبەرهەمهێنانی كاری هونەری هونەرمەندەكان، بۆ
ئەوەی هونەرمەندیش بتوانێ بەشێوەیەكی
پڕۆفیشیناڵ و رەسەن كار بكات. ئەگەر هونەرمەند
لایەنی ئابووری لاواز بوو، زۆر زەحمەتە بتوانێ
ئەوەی دەیەوێت پێشكەشی بكات". زوبێر نموونەی
قسەكەی بەوە دێنێتەوە و دەڵێت "چەندین ساڵە
لەناو هونەردا دەسوتێم و بەرهەمی رەسەنم
پێشكەش كردووە، ئێستا دەمەوێت بەرهەمێك لەسەر
هۆنراوەكانی جەزیری بكەم، بەڵام لەبەر نەبوونی
هاوكاری ناتوانم ئەوە بكەم، بۆیە ترسم
لەوەدایە ئومێدم لەوكارە ببڕێت".
ناوبراو رەخنە لەدەزگا و كەناڵەكانی
راگەیاندنیش دەگرێت، كە هەر كەناڵێك خزمەت
بەهونەرمەندانی ناوچەیەك دەكات، زوبێر ساڵح
وەك خۆی دەڵێت "بەداخەوە راستیەك هەیە ئەوەیش
هەر كەناڵێك لەپارچەیەكی كوردستان
هونەرمەندانی خۆیان پیشان دەدەن و جیاكاری
لەنێوان هونەرمەندانی ناوچەكانی كوردستاندا
دەكەن، ئەم جۆرە شتانە زۆر پێی عاجز دەبم".
زوبێر باس لەبارودۆخی ئێستای سوریا دەكات و
داوا لەحیزبە كوردییەكان دەكات ئەو دەرفەتە
بقۆزنەوە و لەو وەختەدا دەست لەناكۆكی
خۆبەخۆیی هەڵگرن و تەنیا بیر لە بەدەستهێنانی
ماف و ئازادی كورد بكەنەوە، چونكە ئەو دەڵێت
"ئەو دەرفەتەی ئێستا لەسوریا بۆ كورد رەخساوە،
هیچ كاتێكی دیكە نارەخسێتەوە". ئاماژەی
بەوەشدا سەرەڕای ئەوەی گەلی كورد لەسوریا
ژێردەستە "بەڵام هونەرێكی باش لەئارادایە و
لەمێژوودا هونەرێكی رەسەن و باش بووە".
|