هەڤاڵ و نازدار لەسەر گۆرانییەكەی ماملێ كێشەیانە  

 

 

سڤیل: زانا دڵشاد دزەیی

 گروپی دیاكۆ: سكاڵامان لەدژی نازدار تۆماركردووە

لەدوو مانگی رابردوودا هەڤاڵ ئیبراهیم گۆرانی "ئەی فەلەك"ـی تۆمار و كلیپ كرد، كە ئاواز و هۆنراوەی گۆرانییەكە هی محەمەدی ماملێیە، دواتر نازدار هەمان گۆرانی تۆمار و كلیپ كرد، كە ئێستا هەردوو كلیپەكە لەكەناڵەكان پەخش دەكرێت، گروپی دیاكۆ دەڵێت "دوای رەزامەندی وەرگرتن لەبنەماڵەی محەمەدی ماملێ گۆرانییەكە بەگرێبەستی رەسمی بووە موڵكی ئێمە، دەستنیشانمان كرد هەڤاڵ ئیبراهیم گۆرانییەكە بڵێتەوە، نازدار رێگەی پێنەدراوە گۆرانیەكە بڵێتەوە". نازداریش دەڵێت "من لەلایەن بنەماڵەی ماملێ رێگەم پێدرا گۆرانییەكە بڵێمەوە".
دوو مانگە هەڤاڵ ئیبراهیم كلیپەكەی بڵاوكردۆتەوە و ژمارەی بینەرانی لە ماڵپەری یوتوب گەیشتۆتە 15 هەزار، كە لەشاری دهۆك وێنەی بۆ گیرا، گروپی دیاكۆ كلیپەكەی بەرهەمهێناوە و خەرجی تۆماركردنی گۆرانییەكەشی گرتەئەستۆ، سەرۆكی گروپی دیاكۆ دەڵێت "زیاتر لە 13 هەزار دۆلارمان لە تۆماركردن و كلیپكردنەكەی خەرجكردووە". هەروەها نازدار مانگێك و حەوت رۆژە كلیپەكەی بڵاوكردۆتەوە، كە ژمارەی بینەرانی لەماڵپەری یوتوب گەیشتۆتە 18 هەزار، خۆی خەرجی تۆماركردن و كلیپكردنەی گرتەئەستۆ، كە 9 هەزار دۆلاری تێدا خەرجكردووە، لەبەرئەوەی گۆرانییەكە هی هونەرمەند محەمەدی ماملێیە ئێستا كێشە لەنێوان هەڤاڵ و نازدار دروستبووە، سەرۆكی گروپی دیاكۆ ئاماژە بۆ ئەوەكات "گۆرانییەكە موڵكی ئێمەیە، گرێبەستی رەسمی لەنێوان من و چیا ماملێ هەیە، كە دەكاتە كوڕی محەمەدی ماملێ، بەهیچ شێوەیەك نازدار مافی ئەوەی نەبوو ئەو گۆرانییە بڵێتەوە". نازداریش ئەو قسانە رەتدەكاتەوە و دەڵێ "گۆرانییەكە هی هونەرمەند محەمەدی ماملێیە و پرسم بە بنەماڵەی ماملێ كردووە، پێویست ناكات مۆڵەت لە گروپی دیاكۆ یاخود هەڤاڵ ئیبراهیم وەرگرم".
ئەندازیار شێروان جەعفەر، سەرۆكی گروپی دیاكۆ، كە كلیپەكەی هەڤاڵ ئیبراهیمیان بەرهەمهێناوە بە(سڤیل)ـی راگەیاند "لەبەرئەوەی هەڤاڵ ئیبراهیم لەزۆربەی ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانی خۆیدا ئەو گۆرانیەی (ئەی فەلەك)ـ گوتوتەوە، من پێم خۆشبوو هەڤاڵ لەستۆدیۆ ئەم گۆرانییە تۆماربكاتەوە و كلیپی بكات، گووتنەوەی گۆرانییەكە لەلایەن هەڤاڵ ئیبراهیم لەسەر پێشنیاری من بوو". سەرۆكی گروپی دیاكۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەوان لەگەڵ كوڕی محەمەدی ماملێ گرێبەستیان كردووە گۆرانی (ئەی فەلەك) بووەتە موڵكی گروپی دیاكۆ، شێروان جەعفەر دەڵێت "من و هەڤاڵ ئیبراهیم دانیشتنێكمان لەگەڵ چیا ماملێ ئەنجامدا و سەرەتا من مۆڵەتم وەرگرت گۆرانییەكە ببێتە مۆڵكی گروپی دیاكۆ، بەشێوەیەكی یاسایی من وەك گروپی دیاكۆ لەگەڵ چیا ماملێ گرێبەستم ئیمزا كرد، گۆرانییەكە ئێستا موڵكی گروپی دیاكۆیە، ئێمەش وەك گروپی دیاكۆ ئازادین ئەم گۆرانییە بەكام گۆرانیبێژی بدەین، من گۆرانییەكەم بە هەڤاڵ ئیبراهیم دا بیڵێتەوە". شێروان جەعفەر دەڵێ ئێمە لەدوو شت نازدارمان ئاگاداركردەوە، یەكەم گۆرانییەكە موڵكی ئێمەیە، دووەم پێمانگوت گۆرانییەكەمان بە هەڤاڵ داوە و كلیپیشی بۆ كراوە، بۆیە داوامان لێكرد گۆرانییەكە نەڵێتەوە، "بەڵام بەداخەوە نازدار گوێی بەئاگاداركردنەوەكەی ئێمە نەدا و گۆرانییەكەی گوتەوە، بۆیە ئێستا رێگای یاساییمان گرتۆتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، بەنیازین داوایەكی یاسایی لە دژی نازدار تۆمار بكەین و لەسكاڵاكە داوای دوو شتمان كردووە، یەكەم كلیپەكەی نازدار لەكەناڵەكان راگیرێت و هەروەها لەماڵپەری یوتوب نەمێنێ، دووەم داوای قەرەبووی مادی دەكەین، چونكە گۆرانییەكە بە بەڵگە موڵكی گروپی دیاكۆیە".
نازدار، كە ئێستا دانیشووی وڵاتی ئەڵمانیایە و سەرچاوەیەكی نزیك لەنازدار بە (سڤیل)ـی راگەیاند "نازدار دەڵێ من هیچ هەڵەیەكەم نەكردووەو خاوەن گۆرانییەكە كە محەمەدی ماملێیە كۆچی دوایی كردووە، پرسم بەبنەماڵەكەی كردووە كە چیا ماملێیە، ئەویش خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و بەنازداری گوت لەلایەن ئێمەوە ئازادی گۆرانییەكە بڵێوە و پێشمان خۆشە". ئەو سەرچاوە نزیكەی لای نازدار ئەوەشی گوت "لەبەرئەوەی مۆڵەتی لەبنەماڵەی ماملێ وەرگرتووە، نازدار بەپێویستی نەزانیووە مۆڵەت لە گروپی دیاكۆ وەرگرێت". لەبارەی ئەو سكاڵایەی لەلایەن گروپی دیاكۆ لەدژی نازدار تۆماركراوە، سەرچاوەكە گوتی "نازدار دەڵێ بێمنەتم، چونكە من پرسم بە چیا ماملێ كردووەو گۆرانییەكەش راناگرم".
لەو بارەیەوە چیا ماملێ، كە دەكاتە كوڕی هونەرمەند محەمەدی ماملێ لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) گوتی "هەردووكیان حەقی ئەوەیان هەیە ئەو گۆرانییە بڵێنەوە، چونكە ئەو گۆرانییە موڵكی باوكمە، نەك هیچ كەسی تر، پێویست ناكات كێشەی لەسەر دروست بكرێ و بیخەنە قالبی بازرگانی، ئەگەر كێشەكەش چووە دادگا، ئەوا من لایەنگری هیچ كامێكیان ناكەم، بەڵام چونكە نازدار ئافرەتە داوا دەكەم لێی ببورن".
(سڤیل) پەیوەندی بە هەڤاڵ ئیبراهیم كرد بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئەو لەسەر كێشەكە، بەڵام تەنیا گوتی "رای من لەگەڵ رای گروپی دیاكۆیە، پێم خۆش نەبوو ئەو كێشەیە دروست بێت".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com