|
سڤیل:
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەك لەماڵپەری
فەیسبووك، كە هونەرمەند جانێ لەناو پەرلەمانی
كوردستان لاوك دەڵێت، جانێ رایگەیاند "مەبەستم
سووكایەتیكردن بە پەرمان نەبوو". جانێ كە
گۆرانیبێژێكی كوردستانی باكورە و ئێستا
دانیشتووی ئەڵمانیایە، چەندین كەس بەوە
تۆمەتباری دەكەن كە سووكایەتی بە پەرلەمانی
كوردستان كردووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە
ڤیدیۆیەك لەماڵپەری فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە
جانێ لەناو پەرلەمانی كوردستان لاوك دەڵێت و
چەند ئەندام پەرلەمانێكیش دانیشتوون گوێ
لەلاوكە دەگرن، ڤیدیۆیەكە بەناوی "خۆش
پەرلەمان" بڵاوكراوەتەوە. لەوبارەیەوە جانێ لە
پەیوەندیەكیدا بە (سڤیل)ـی راگەیاند "من
مەبەستم سووكایەتیكردن بە پەرلەمانی كوردستان
نەبووە، شتێكی خراپم نەكردووە، ویستم وانیشان
بدەم كوردستان ئازادە و پەرلەمانی هەیە و
گرنگە هونەرمەندیش بچێتە پەرلەمان، وەك چۆن
لەهەموو پەرلەمانی وڵاتان هەیە". جانێ گوتیشی
"بەڵام بەداخەوە باوەڕم نەدەكرد ئەوەی من كردم
بەشێوەیەكی خراپ لێكدەدرێتەوە".
|