|
سڤیل:
هەژار مەموزینی
جگە
لە گۆرانیگوتن بەهرەی نواندن و شیعر نوسین و
سەما و پێشكەشكاریم هەیە
ئەگەر وەك كچە گۆرانیبێژەكانی ئەمڕۆ بكەم
سەركەوتوو نابم، چونكە كۆمەڵگە لێیان رازی نیە
پێشتر زاگرۆس جەبار وەك ئەكتەرێك ناسرا بوو،
كە لەوڵاتی هۆڵەندا بەشداری لە دوو شانۆگەری
كردووە بە ناوەكانی “Hollandse Nieuwe” و
“SpiegelbeelD”. هەروەها رۆڵی سەرەكی لە كورتە
فیلمی “Totale Controle” بینیووە، واتا
"كۆنترۆڵی گشتی"، كە باس لەتوندتیژی دژ
بەئافرەتان دەكات. هەروەها كاری پێشكەشكاریشی
كردووە و بەم نزیكانەش یەكەم كلیپی گۆرانی خۆی
بڵاودەكاتەوە، كە پێشتر رایگەیاندبوو دەست
بەگۆرانیگوتن دەكات. ئێستا زاگرۆس دانیشتووی
وڵاتی هۆڵەندایە و لەو چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ
(سڤیل) ئاشكرای كرد، كە ستایلی گۆرانیگوتنەكەی
ئەو وەك كچە گۆرانیبێژەكانی ئێستا نابێت و
دەڵێت "وادەكەم گۆرانییەكانم رەسەنایەتی كوردی
پێوە دیار بێت".
زاگرۆس وەك خۆی باسی دەكات ساڵی 1999 لەگەڵ
خانەوادەكەی كوردستانیان جێهێشتووە و لە وڵاتی
هۆڵەندا نیشتەجێ بوون، كە ئەوكات 11 ساڵ بوو،
ئێستا زاگرۆس بواری گۆرانیگوتنی هەڵبژاردووە و
بەم نزیكانەش یەكەم كلیپی خۆی بڵاودەكاتەوە.
زاگرۆس هۆكاری دەستكردنی بە گۆرانیگوتن بۆ
ئەوە گێڕایەوە، ئاواتی منداڵی بووە ببێتە
گۆرانیبێژ و دەڵێ "ئێستا كاتێكی گونجاوە
بتوانم ئەو ئاواتەم بەدیبێنم و دەمەوێت
تواناكانی خۆم بەرجەستە بكەم و خزمەت بكەم".
هەروەها دەڵێت "لەتەمەنی 11 ساڵیەوە بیرم
لەگۆرانیگووتن كردۆتەوە، ساڵی 2003 هونەرمەند
عیماد محەمەد هاوكاریكردم و كۆرسی گۆرانیگوتنی
پێدام، بەشێوەی ئەكادیمی فێری كردم، لەوكاتەوە
جگە لەوەی سەرقاڵی خوێندن و شانۆ بووم،
لەهەمان كاتدا بە بەردەوامی پڕۆڤەم لەسەر
نۆتەكانم كردووە و ئێستا پێم وایە ئەزمونێكی
باشم لەسەر نۆتەكان هەیە،بۆ ئەوەی بتوانم دەست
بەگۆرانیگوتن بكەم، چونكە هەروا ئاسان نیە
دەستم بە گۆرانیگوتن بكردایە، كەس ناتوانێ بە
رۆژێك و دوو رۆژ ببێتە گۆرانیبێژ". زاگرۆس
ئاماژەی بەوەشدا ئەو واز لەكاری نواندن
ناهێنێ، بەڵكو "ئەوە بڕیاری خوای گەورە بووە
رێگای نواندنی بۆ هەڵبژاردووم و ئێستاش نواندن
بۆتە سەركەوتنێكی گەورە لەژیانی مندا".
زاگرۆس جەبار وەك خۆی دەڵێ بۆ سەری ساڵ
كلیپەكەی بڵاودەبێتەوە، خۆی ئاوازەكەی داناوە
و باوكیشی هۆنراوەكەی بۆ نوسیووە، كە ستودیۆی
یاد میدیا كلیپەكەی بەرهەمهێناوە، بەڵام ئەوەی
ئاشكرا نەكرد بۆ داهاتوو لەگەڵ كام شاعیر و
ئاوازدانەر كار دەكات و ئاماژەی بەوەدا، كاتێك
كارەكانی داهاتووی بڵاوبێتەوە دەردەكەوێت
لەگەڵ كام هونەرمەند كار دەكات. زاگرۆس
ئەوەندەی گوت "بەلامەوە گرنگە گۆرانییەكانم
رەسەنایەتی كوردی پێوە دیار بێت". ناوبراو
لەئێستادا تەنیا باوكی و هونەرمەند عیماد
محەمەد بەهاوكاری خۆی دەزانێ و بەم شێوەیە
باسی باوكی دەكات و دەڵێت "باوكم وەك شاعیرێك
كاریگەری زۆری بەسەرمنەوە هەبووە، خۆشم
تارادەیەك توانای نوسینی هۆنراوەم هەیە،
سەرەتا لەتەمەنی منداڵیمەوە بەهۆنراوە نوسین
دەستم پێكرد و دواتر گۆرانیگوتن و سەماكردن،
لەگەڵ هۆنراوە نوسین، وردە وردە ئاوازیشم بۆ
دەهات، بەڵام من هیچ شارەزاییم لەنۆتەكان
نەبوو، ئێستاش ئاوازەكانم بیردێتەوە، بەڵام بۆ
هۆنراوەكان باوكم دەستكاریم بۆ دەكات و بەوشەی
پەتی كوردی جوانتر و چیرۆكەكەی پوختتر دەكات”.
زاگرۆس رەخنە لەزۆربەی كچە گۆرانیبێژەكانی
ئێستا دەگرێت و پێیوایە گۆرانیەكانیان ناچێتە
خزمەتكردنی گۆرانی كوردییەوە و ناتوانن
سەركەوتوو بن، چونكە لەپێناو كاری جوان كاریان
نەكرووە، جگە لە خۆدەرخستن نەبێت، لەبەرئەوە
زاگرۆس دەڵێت "ئەگەر هەمان رێچكەی ئەوان
بگرمەبەر، سەركەوتوو نابم، چونكە جەماوەر
لێیان راز نیە، چەند گۆرانیبێژێك هەن بەرهەمی
زۆر جوان و رەسەنیان پێشكەشكردووە و
گۆرانیبێژیش هەیە بە پێچەوانەوە بەرهەم
بڵاودەكەنەوە، كە من لە مەبەستیان تێناگەم".
ئەو كچە گوتیشی "بەرهەمێك رەسەن نەبێت پێویست
ناكات خۆمی پێوە هیلاك بكەم، چونكە ناچێتە
دڵمەوە، هەوڵ دەدەم گۆرانیەكانم لەنێوان
رەسەنایەتی و كاری سەردەمیانە بێت و بچێتە دڵی
گوێگرانەوە، چاوەڕێ دەكەم گۆرانیەكەم
بڵاوبێتەوە بۆئەوەی رای گوێگرانم بزانم".
ناوبراو رەتیكردەوە كار لەگەڵ ئاوازدانەر
هەڵكەوت زاهیر بكات و دەڵێت "رێزم بۆ هەموو
هونەرمەندان هەیە، هەروەها رێزم بۆ هەڵكەوت
زاهیر هەیە، بەڵام من نامەوێت كاری لەگەڵ
بكەم، لەبەرئەوەی كۆمەڵگە بەكارەكانی ئەو رازی
نیە، منیش بۆ نەتەوەكەم كاردەكەم و كۆمەڵگە
چاوەڕێی چیم لێ بكات ئەوە دەكەم، چونكە
بیروبۆچوونی كۆمەڵگە ئاوێنەی كارە هونەریەكانی
هەموو هونەرمەندێكە". لەبارەی ئەو پرسیارەی
تاچەند بڕوای بەخۆی هەیە لەگۆرانیگوتن
سەركەوتوو دەبێت، گوتی "متمانەیەكی زۆرم بەخۆم
هەیە و هیوادارم سەركەوتوو بم، بەڵام لە
كۆتایشدا كۆمەڵگە بڕیار دەدات". |