یەكەم دیداری شانۆی كوردی كێـــــــــــــــشەی خستە نێوان شانۆكارانەوە  

 

 

سڤیل: مەسعودی مەلا هەمزە

سەعـــدون یونـــس: هەموو ئەو كـارە شـانۆییە كوردییانەی لە دەرەوەی كوردستان نمایش دەكرێن 50 كەس زیاتر نەیبینیووە

بە بەشداری 60 شانۆكاری میوان و كۆمەڵێك لەشانۆكاران، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، دیداری شانۆی كوردی سازكرد، كە 3 رۆژی خایاند و ئەم دیدارە تووشی چەندین رەخنە و گلەیی شانۆكاران بووەوە.
دیدارێكی شەخسی یان شانۆیی؟
لەمەراسیمی دەستپێكی دیدارەكە كە هەریەك لەوەزیری رۆشنبیری و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندان و كۆمەڵێك لەهونەرمەندان ئامادەی بوون، ئاماژەیان بەوەكرد كە ئامانج لەسازكردنی ئەم دیدارە قسەكردنە لەسەر رەوتی شانۆ و دۆزینەوەی میكانیزم و رێگاچارە بۆ كێشەكانی شانۆ، لەبەرامبەردا بەشێك لەشانۆكارە بەشدارەكان پێیانوابوو كە "ئەم دیدارە تەنیا بۆ ئەوە سازكراوە ناوی چەند كەسێكی پێ بەرزبكرێتەوە، بەتایبەتی (د. فازڵ جاف)" لەبەرامبەر ئەو قسانەدا د. فازڵ جاف دەڵێت "پێموایە كارێكی زۆرهەڵەیە سازكردنی دیدارێكی وا فراوانی لەو جۆرە لەقالبێكی ئاوادا بچووك بكرێتەوە، ئەگەرچی ئەو كارە بیرۆكەی منە، بەڵام بۆ سەرجەم شانۆكارانە".
"شانۆكاران گەندەڵن و
سیستەمەكەش وێرانە"
لەمیانی ئەو كۆڕ و سیمینارانەی لەدیدارەكە پێشكەشكرا، بەشێك لەهونەرمەندان ئاماژەیان بەوەكرد، سیستەمی كاركردن لەوەزارەتی رۆشنبیری "سیستەمێكی وێرانە و شانۆكارانی گەندەڵ كردووە"، بەتایبەتی لەسیمیناری هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان ئەم قسەیە زۆر باسكرا، لەبەرامبەردا هونەرمەندێكی بەشداربووی دیدارەكە گوتی"ئەو قسانە راستن، بەڵام ناكرێ لەسەردەمی كەسێك بكرێ، كە خۆی بەڕێوەبەری شانۆ بووە و لەبری شانۆكارێك مەراسیمی رێزلێنانی بۆ وەزیرێك كردووە".
زۆربەی كێشەكان پەیوەندی بەپەروەردە و خوێندنی باڵا هەبوو
لەمیانی دیداری شانۆی كوردیدا كۆمەڵێك تەوەری گرنگ خرانە بەرباس و لێكۆڵینەوە، كە زۆربەیان پەیوەندییان بەوەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هەبوو، كەچی نوێنەری هیچ یەك لەو وەزارەتانە لەدیدارەكە ئامادە نەبوون، هونەرمەند مەهدی حەسەن گوتی "بەبێ بوونی نوێنەری ئەو وەزارەتانە پێموایە قسەكردن كارێكی بێسوودە، چونكە نەزانن چی دەگوترێ، دواتر كە بەنووسراو كاغەزێكیان دەچێتە بەردەم چی دەكەن و چۆن بە بایەخەوە وەریدەگرن؟". لەبەرامبەردا لیژنەی باڵای دیدارەكە رایگەیاند، كە بۆ پێشنیاز و راسپاردەكانی ئەو دیدارە لیژنەیەك پێكدەهێنرێ بۆ بەدواداچوونی كارەكان".
شانۆگەرییە كوردییەكانی دەرەوە 20 كەس دەیانبینێ
هونەرمەند سەعدون یونس كە ساڵانێكی زۆرە لەدەرەوەی وڵات نیشتەجێیەو بەردەوام قسەی هەبووە لەسەر رەوشی شانۆ، ئەو لەمیانی كۆڕەكەی خۆیدا ئاماژەی بەوەكرد كە هەموو ئەو كارە شانۆییە كوردییانەی لەئەوروپا نمایشكراون، لە 20 كەس زیاتر نەیبینیوە، ئەم قسەیە ناڕەزایی دروستكردو لەناو هۆڵەكە بە سەعدون یونس راگەیەنرا، ئەو غرورە و ئاگاداری شتەكان نییە، سەعدون یونس دیسانەوە گوتی "بەدڵنیاییەوە دەڵێم هیچ شانۆگەرییەكی كوردی لەدەرەوەی وڵات 20 تا 50 كەس نەیدیوە".
ئافرەتانی شانۆكار ئیستیغلال دەكرێن
نووسەر و رەخنەگری بواری شانۆ حەمەسوار عەزیز لەمیانی كۆڕەكەی خۆیدا ئاماژەی بەوەكرد، یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی كەمی رێژەی ژن لەشانۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "ژنان و كچانی شانۆكار ئیستیغلال دەكرێن و زۆرجار تەحەروشیان پێدەكرێ" ئەم قسانە هەرایەكی زۆری نایەوە، لەبەرامبەردا حەمەسوار عەزیز گوتی "هەموو ئەو قسانەی كردم لێی بەرپرسیارم و هونەرمەندانیش خۆیان لەمن باشتر دەزانن، ئەو دیاردەیە چەند بەربڵاوە و چ كاریگەرییەكیشی هەیە".
با پەیمانگاكان دابخرێن و
مۆڵەت لەتیپەكان بسەنرێتەوە
لەدوارۆژی دیدارەكە هەریەك لەلیژنەكان پێشنیازو راسپاردەی خۆیان بۆ لیژنەی باڵای دیدار خستەڕوو، لیژنەی خوێندنی هونەری لەپێشنیاز و راسپاردەكانیان جەختیان لەوەكردەوە، كە پێویستە ئەو هەموو پەیمانگا زۆرە هونەرییەی هەیە دابخرێن و بەجدی كار بۆ چەند پەیمانگایەك بكرێ، لەبەرامبەر ئەو پێشنیازەدا هاوار حەمیدی هونەرمەند گوتی "حكومەت كردنەوەی ئەو هەموو پەیمانگایە بەدەستكەوت دەزانێ چۆن دایاندەخا".
داوا كرا مۆڵەت لەتیپە شانۆییەكان وەرگیرێتەوە
هەر لەمیانی پێشنیاز و راسپاردەكاندا لیژنەی تیپ و گروپەكان ئاماژەیان بەوەكردبوو، كە پێویستە مۆڵەت لەسەرجەم تیپەكان وەربگیرێتەوەو سەرلەنوێ مۆڵەتیان پێ بدرێ و ساڵانەش بودجەی تایبەتیان بۆ كاری شانۆیی و كاری خزمەتگوزاری پێ بدرێ، هونەرمەند ئەحمەد مشەختی كە لەدهۆكەوە بەشداربوو گوتی "ناكرێ مۆڵەت لەتیپە چالاكەكان وەربگیرێتەوە، بەڵام هەموومان دەزانین تیپە ناچالاك و گەندەڵەكان كێن با مۆڵەت لەوان بسەننەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com