فرمێسك: بەشەو و بەرۆژ ئیشم كردووە پارەم كۆكردۆتەوە و گۆرانییەكانم پێ تەواوكردووە  

 

 

سڤیل: باوان رزگار

ماڵەوەمان نەیاندەهێشت گۆرانی بڵێم، بەڵام هاوڕێكانم پشتگیرییان كردم

داوا لە هونەرمەندە ئافرەتەكان دەكەم ئەخلاقی خۆیان بپارێزن

فرمێسك، كچە گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی كوردستان، دوای بڵاوكردنەوەی دوو كلیپ، ئێستا بەسەردانێك لەسلێمانییەو وێنەی بۆ كلیپێكی تازەی گرت، لەبەرنامەی دایە دوای ئاهەنگی سەری ساڵ كە بڕیارە لەسلێمانی ئەنجامی بدات، بڕواتەوە بۆ شاری مەهاباد. لەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ (سڤیل)ـدا فرمێسك باسی سەرەتاكانی گۆرانیگوتن و هەندێ لایەنی ژیانی تایبەتی خۆی دەكات.

سڤیل: ئەگەر بكرێ باسێكی خۆت بكەی و چۆن دەستت بەكاری گۆرانیگوتن كرد؟
فرمێسك: ساڵی 1982 لەشاری مەهاباد لەدایكبوومە، باپیریم ناودارە و یەكێكە لەمەلا گەورەكانی شاری مەهاباد، خوشك و برام هەیە، لەگەڵ دایك و باوكمان دەژین، بڕوانامەی ماستەرم هەیە لەئەندازیاری، تەمەنم تەنیا 2 ساڵ بوو حەزم لەگورانیگوتن بوو، دەنگخۆشییەكەم لەدایكم بۆم ماوەتەوە، هەر لەو تەمەنە منداڵییەم زۆر حەزم لەگیتار بوو، بەڵام نەمبوو، دواتر هاوڕێیەكم بەدیاری گیتاری پێشكەشكردم، لەبەر ماڵەوە نەمدەتوانی گیتار بژەنم، بۆیە زوو زوو دەچووم بۆ ژێرزەمینەكەی ماڵەوەمان، لەوێ گیتارەكەم دەژەنی.
سڤیل: بۆچی لەژێرزەمین گیتارەكەت دەژەنی؟
فرمێسك: ماڵەوە بەوە رازی نەبوون گۆرانی بڵێم و خۆی فێری گیتار بكەم، كاتێك ماڵەوەمان زانیان حەز بەگۆرانیگوتن دەكەم زۆر رێگرم بوون، ئەویش بەهۆی ژیان و دابونەریتی كومەڵگەكەمان بوو، چونكە لەمەهاباد قەدەغەیە ئافرەت گۆرانی بڵێت، ئافرەتەكانیان لەزۆر شت بێبەشن، باوكم پیشتگری نەدەكردم، تەنیا دایكم پاڵپشتم بوو، بەڵام ئەویش كەم كەمە، دواتر مامۆستا "ئاركۆ" فێری ژەنینی گیتاری كردم، من خۆم هۆنراوەنووسم و تێكست دەنووسم، رۆژێك لەكاتی پڕۆڤە مامۆستا ئاركۆ داوای لێكردم لەگەڵ ژەنینی گیتارەكە گۆرانیش بڵێم، كە تەواو بووم، ئەو زۆر سەرسام بوو، گووتی دەمێكە فێری دەكردی گیتار بژەنی، بەڵام نەمدەزانی دەنگت واخۆشە، هەر ئەویش هاندەرم بوو گۆرانی بڵێم، هەروەها كاك شەماڵ زۆر یارمەتیدام گۆرانی بڵێم، ئەوە بوو گۆرانی "مەی" بەكلیپ بڵاومكردەوە.
سڤیل: دەتەوێ هەر بەشێوەی سینگل بەردەوام بیت، ئەی بیرت لەوە نەكردۆتەوە ئەلبووم بكەی؟
فرمێسك: دوو كلیپم بڵاوكراوەتەوە، هەروەها دەمێكە خەریكی دروستكردنی ئەلبوومێكی نوێم كە ئێستا كارەكانی تەواو بووە، لە 7 گۆرانی پێكهاتووە و زۆربەی گۆرانییەكانم بەستایلی "رۆك، پۆپ، كلاسیك" تۆماركردووە، چوار ساڵ پێش ئێستا بڕیارمدا گۆرانی خۆم بكەم، ئەویش لەسەر داوای هاوڕێكانم بوو، كاتێك بڕیارمدا گۆرانی بڵێم چووم بۆ ستۆدیۆیەكی بچووك، چەند ئامێرێكی میوزیكی تێدا بوو، گۆرانی "شێت بووم" تۆمار كرد، كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە لەئەلبووكەمدا هەیە، وەك یەكەم ئافرەتی كورد توانیم بەستایلی "رۆك" گۆرانی بڵێم، تائێستاش هیچ ئافرەتێك بەم ستایلە گۆرانی نەگوتووە، من 7 مانگ پڕۆڤەم كرد، ئینجا توانیم ئەو گۆرانییە بڵێم، چونكە ستایلی "رۆك" قورسترین ستایلە، هیوادارم لەداهاتوودا گوێی لێبگرن.
سڤیل: كێ هاوكاری كردووی بۆ دابینكردنی خەرجی بەرهەمهێنانی ئەلبوومەكە و كلیپەكانت؟
فرمێسك: هیچ كەس، مەسروفاتی گۆرانییەكانم زۆر بە زەحمەتی جێبەجێكرد، كەس پاڵپشتم نەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی گۆرانیگوتن حەزی خۆمە هەوڵمدەدا و دەمزانی رۆژێ لەرۆژان پاداشتم دەبێ، بۆیە من رۆژانە كارم دەكرد لەبەیانی تائێوارە هەتا پارەم هەبێ بتوانم گۆرانی تۆمار بكەم.
سڤیل: یەكەم كلیپت لەشاری مەهاباد كرد، ئەوە نەبووە مایەی كێشە بۆ تۆ؟
فرمێسك: دوای ئەوەی چەند گۆرانییەكم تۆماركرد هاوڕێكانم پێیانگوتم بۆچی كلیپ ناكەی، هانیدام كلیپ بكەم، بەڵام لەبەرئەوەی ماڵەوەمان تووشی كێشە نەبن كلیپم نەدەكرد، دواتر بیرم لەوە كردەوە هەردەبێ كلیپ بكەم، ئەوە بوو گۆرانی "مەی"م لەشاری مەهاباد كلیپكرد، بێئەوەی كەس بزانێ بەنهێنی كلیپەكەم كرد، هەتا ماڵەوەش ئاگادارنەبوون، دواتر كە كلیپەكەم تەواوكرد بە ماڵەوەم گوت كلیپم كردووە، زۆر سوپاس بۆ كاك ئاكام زەحمەتی كێشا توانی كلیپەكەم بگەیەنێتە كوردستان و بەخۆشحاڵیەوە كەناڵەكان بڵاویانكردەوە، كاتێك كلیپەكەم پەخشكرا ئەو قسەیەم بیردەهاتەوە كە دەمگوت راستە باوكم و ماڵەوەمان پشتگیرم ناكەن، بەڵام لەدوای هەوڵدانێكی زۆر بەمەبەستی خۆم دەگەم و باوكم رای خۆی دەگۆڕێت.
سڤیل: كلیپی مەی چ مەبەستێك دەگەیەنێت؟
فرمێسك: مەبەستم ئەوەیە كەسانێك هەن كاتێك ناخۆشی دەبینن و لەژیان بێزار دەبن پەنا بۆ مەی خواردنەوە دەبەن و سەرخۆش دەبن، لەوكاتەدا روخساری راستەقینەی خۆی دەردەكەوێت، ئینجا توڕەیە یان دڵخۆشە، مەبەستم لەو كلیپە هەر ئەوە بوو رووی راستەقینەی مرۆڤ نیشان بدەم لەكاتی مەی خواردنەوە و سەرخۆشبووندا.
سڤیل: بەنیازی تاكەی لەسلێمانی بمێنیەوە؟
فرمێسك: دوای سەری ساڵ دەگەڕێمەوە مەهاباد، پێشئەوەش شەوی سەری ساڵ كۆنسێرتێك لەشاری سلێمانی لەسیتی سینەما ساز دەكەم، لەگەڵ هونەرمەندان ناسر رەزازی و میكائیل و شێركۆ، خەریكی ئامادەكاریم بۆ ئەو كۆنسێرتە، جگە لەوەش كلیپێكم نوێم كردووە بەناوی "ئەی مانگ" یەكێكە لەگۆرانییەكانی ئەلبوومەكەم، گۆرانییەكی كلاسیكە، ئەم كلیپە لەشاری سلێمانی وێنەی بۆ گیراوە لەلایەن دەرهێنەر هەردی سەلام، كەناڵی گەلی كوردستان سپۆنسەری كلیپەكە بوون، چاوەرێ دەكەم ئەو كلیپە مۆنتاژ بكرێ و بڵاوبكرێتەوە.
سڤیل: بۆچی تائێستا مەهاباد كۆنسێرتت نەكردووە؟
فرمێسك: هەوڵدان هەبووە، ئەمساڵیش هەموو ئامادەكارییمان كرد بۆ سازدانی كۆنسێرتێك، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری ئێران قەدەغەی كردو نەیانهێشت كار بكەین، بۆیە دابڕاین، دواتر لەلایەن چەند مامۆستای بەتوانا بانگهێشت كرام تابەشداربم لەكۆنسێرتەكانیان، بۆیە پێمخوش بوو بەمشێوەیە بەردەوام بووم.
سڤیل: دوا وتەت چییە؟
فرمێسك: دەستخۆشی لەگەنجەكان و گوێگرانی خۆم دەكەم، هەروەها داوا لەهونەرمەندە ئافرەتەكان دەكەم ئەخلاقی خۆیان بپارێزن، چونكە ئێمە كوردین و ژنی كورد ئەخلاقی بەرزە و هونەری رەسەنی خۆمان بیرنەچێتەوە، سوپاس بۆ گۆڤاری (سڤیل) هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com