2011 بۆ زۆر لەهونەرمەندان ناخۆش و بۆ چۆپی زێڕین بوو  

 

 

سڤیل: هەولێر

2012 سێ كچی نوێ لەبواری گۆرانی دەردەكەون و حــــەمكـــۆ و ئــــەژدەریـــــش دەستــــــپـێــدەكــــەنـــەوە

زۆربەی گۆرانیبێژەكان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك خەریكی سازكردنی ئاهەنگن بۆ سەری ساڵ، هیچ ساڵێك بەهێندەی ئەمساڵ ئاهەنگ ساز نەكراوە، بەڵام ئەمساڵ بەپێچەوانەی هەموو ساڵەكانی دیكە كەمترین ئاهەنگ لەدەرەوەی وڵات سازكراوە. هونەرمەندەكان هۆكاری ئەوە بۆ "روودانی شەڕ لەئاهەنگەكانی تاراوگە" دەگێڕنەوە، بۆیە رێگەیان پێنادەن ئاهەنگ سازبكەن. عەزیز وەیسی دەڵێت "هەموو ئاهەنگەكانی من لەدەرەوەی وڵات شەڕی تێدا كراوە، ئێستا وایلێهاتووە خێزان ناتوانێت بێتە ئاهەنگەكان، جگە لەوە لەدەرەوە هونەرمەند ناتوانێ لەدوو ئاهەنگ زیاتر ئەنجام بدات، من ئەمساڵ لەكوردستان شەش ئاهەنگ ئەنجام دەدەم".
كۆمەڵێك هونەرمەند لەساڵی 2011 بەرهەكانیان دەنگدانەوەی هەبوو، لۆكە و میرە بەئەلبوومێكی دینی بەناوی "اللە اكبر" كە لەمانگی رەمەزان بڵاویان كردەوە دەنگدانەوەیەكی گەورەیان دروستكرد، هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر ئاوازدانەری ئەلبوومەكە رایگەیاند "بەنیازن بۆ ساڵی داهاتووش گۆرانی دینی بكەن". هەروەها لۆكە بەگۆرانییەكی فارسی بەناوی "چی چی" بۆ ماوەیەكی زۆر مایەوە، كە ریزبەندی یەكەم ئافرەتە گۆرانیبێژی كوردی بەدەستهێنا، كە بتوانێ بە فارسی گۆرانی بڵێت و كلیپی بۆ بكات.
هەروەها عەدنان كەریم بەئەلبوومی "خاتوون" و چۆپی فەتاح بە ئەلبوومە مەقامییەكەی "شارا" دوو لەبەرچاوترین بەرهەمی هونەری بوون، عەزیز وەیسی بەگۆرانی "ناز مەكە" كە بە دوێت لەگەڵ نارینا كوردی تۆماریان كرد، هەروەها ئەیوب عەلی بە ئەلبوومە بێناوەكەی بە كلیپی "دەسووتێم". نازدار بە گۆرانییە كرمانجییەكەی "لێ لێ". موژدین بە كلیپە نیمچەرووتەكەی لەمیدیا عەرەبی و توركیا باس كرا، لەچاوپێكەوتنێكی پێشووی لەگەڵ (سڤیل) گوتی "ساڵی 2012 بەهەمانشێوە كاری تر دەكەم، چاوەڕێی ئەو كۆمپانیایە دەكەم كە بڕیارە سپۆنسەری بكات". ئەژدەر بە بەرنامە هونەرییەكەی "ئەژدەر شۆ" كە لەكەناڵی كۆڕەك پێشكەشی دەكرد دەنگدانەوەیەكی گەورەی هونەری دروستكرد، ئەژدەر ئەوەی راگەیاندووە لەساڵی 2012 لەكەناڵێكی دیكە بەرنامەكەی دەستپێدەكاتەوە.
ئەمساڵ 27 ئەلبووم و 86 كلیپ بڵاوكرایەوە، هەروەها پێنج دراما و 42 شانۆگەری نمایش كراوە، جگە لەچەندین كۆنسێرت و چالاكی هونەری، بەڵام دانا عەبدولجەبار دەڵێت "ساڵی 2011 بۆ من ساڵێكی خۆش نەبوو، بەڵام بەوەش دڵخۆشم توانیم لەم ساڵ كۆنسێرتێك ئەنجام بدەم و جەماوەرێكی زۆری تێدا ئامادە بێت". هەروەها عەزیز وەیسی دەڵێت "ئەمساڵم بەدڵ نەبوو، چونكە توندوتیژی زۆری تێدا ئەنجام دراوە، بارودۆخەكە بۆ هونەرمەندان خۆش نەبوو، هیوادام لەساڵی 2012 قەرەبووی ناخۆشییەكانی ئەمساڵ بكەینەوە". خانمە هونەرمەند هێڤی دەڵێت "ئەمساڵ فریا نەكەوتم بەرهەمم هەبێت، زەحمەتییەكانم زۆرتر بوون، هەرچۆنێك بێت لەساڵی تازە كارەكانم تەواو دەكەم".
ساڵی 2010 چۆپی فەتاح بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەدەستهێنا و ساڵی 2011ی بۆ كارە هونەرییەكانی تەرخانكرد، بۆیە ئەمساڵ بووە "ساڵی زێرین" بۆ چۆپی فەتاح، وەك خۆیشی دەڵێت "بۆمن ساڵێكی باش بوو بۆ كارە هونەرییەكانم، چونكە دووربووم لەخوێندن، لەوانەیە ساڵی داهاتووشم بۆ كارە هونەرییەكانم تەرخان بكەم، چونكە هێشتا دڵنیانیم ئەمساڵ دەست بەخوێندنی ماستەرەكەم دەكەم یان نا". گوتیشی "دوو ئەلبوومم بۆ ساڵی 2012 دەبێت، بەڵام لەوانەیە هەر ئەلبوومێك بڵاوبكەمەوە". دڵنیا قەرەداخی بەبێ ئەوەی باس لەهۆكارەكەی بكات گوتی "هەر ئەوەندە دەڵێم ئەمساڵ بۆ من ساڵێكی زۆر ناخۆش بوو، هەمیشە نەمتوانی كارەكانم بكەم". هەروەها ئاڤان جەمال دەڵێت "لەبەرئەوەی نەمتوانی لەساڵی 2011 هیچ كارێكی هونەری بكەم و جگەلەوەش باوكم و پورێكم لەدەستدا، ساڵی 2011 بۆ من خۆش نەبوو".
ئەگەرچی وەك ئەو هونەرمەندانە خۆیان ئاماژەیان بۆ كردووە، كە 2011 ساڵی ناخۆشی هونەرمەندان بووە، بەڵام چەند كچە هونەرمەندێك لەم ساڵ دەركەوتن، دیارترینیان مۆنیكا، مەهلێت، فرمێسك. هەڵكەوت زاهیر دەڵێت "بۆ ساڵی 2012 سێ كچی دیكەی نوێ لەلای منەوە دەردەكەون و ئەلبوومیان بۆ دەكەم، چاوەڕێی سەركەوتنی زۆر گەورەیان لێدەكەم".
ئەوەی لەساڵی 2012 روودەدات و چاوەڕوانی دەنگدانەوەی گەورەیان لێدەكرێ، بریتین لەكلیپەكەی مۆنیكا، هەروەها حەمكۆی 2012 كە دەست بە تەمسیلی كۆمیدی دەكاتەوە، لۆكە دەیەوێ ساڵی 2012 ریكۆرد بشكێنێ دوو ئەلبووم پێكەوە بڵاوبكاتەوە، ئەلبوومێك سۆرانی و ئەوی دیكە كرمانجی دەبێ، درامای بەشی سێیەمی گەردەلوول، كە چەندین ئەكتەری نوێ لەم بەشە بەشدارن و باسی پێشمەرگە و كەسایەتییەكانی هەولێریش دەكات، هەروەها دەرهێنەر ناسر حەسەن كە دوو ساڵە خەریكی درامایەكی 100 ئەڵقەییە بەناوی "كەركووك4" دەیەوێ زۆرترین بینەری ساڵی 2012 بۆ دراماكەی ئەو بێت. هەڵكەوت زاهیر هەوڵدەدات ساڵی 2012 پەخشی كەناڵەكەی بكاتەوە كە دوو ساڵە باسی دەكات، ئەگەر ئەمساڵیش نەیتوانی بیكاتەوە، واز لەپرۆژەی كەناڵ دێنی. رەوەند بەنیازە 2012 گۆرانییەك بكات و زوو بڕواتە ناو خەڵك و تەنانەت منداڵیش گۆرانییەكە لەبەر بكەن، بەناوی "عەشقێك بۆ هەمیشە".
نوێترین بەرهەمی هونەری كە لەساڵی 2012 نمایش بكرێ، پەخشكردنی دوو كلیپی تازەی شەهێن تاڵەبانییە لەكەناڵی هەولێر، كە ئامادەكراوە لەیەكەم رۆژی ساڵی تازە پەخش بكرێ، بەڵام گەورەترین گۆڕانكاڕیش ئەوەیە ئەمساڵ پڕۆگرامی سەری ساڵ لەكەناڵ چوار و كۆڕەك بەبێ ئەڤین و ئارامۆ بەڕێوە دەچێ، كەسێكی دیكە پێشكەشی دەكات، كە هەر یەك لە هانی و رۆزبێ و بڵند ئیبراهیم و ئاڤان عوسمان لەئاهەنگەكەدا بەشدارن، لەبەرئەوەی ئەمساڵ دووجار ئەڤین و ئارامۆ لەكەناڵ چوار و كۆڕەك دوورخرانەوە و گەڕانەوە، دواجار دوورخرانەوە، كەواتە ئەمساڵ ساڵێكی ناخۆش و بەكێشە بوو بۆ ئەڤین و ئارامۆ، چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێ ئیدارەی تازەی كەناڵ چوار و كۆڕەك لەمەودوا كلیپەكانی لۆكە و دەشنێ و ناسلی و میرا پەخش بكات، كە پێشتر لەو دوو كەناڵە پەخش نەدەكران، ئەگەر ئەوە رووبدات، یەكێك لەگۆڕانكارییە تازەكانی ساڵی 2012 دەبێت بۆ هونەرمەندان و كۆتایی بەدژایەتی دوو لایەن دێت.
 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com