عەلی رووداوەكانی هەڵەبجە بۆ دەرهێنەرێك دەگێڕێتەوە  

 

 

سڤیل: راز نەورۆز
فیلمێكی سینەمایی بەناوی "هێلانە سووتاوەكان" بەرهەمدەهێنرێت، كە باسی پێش كیمیاباران و دوای كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات، لەسیناریۆ و دەرهێنانی شەهرام مەسڵەخییە و چەندین ئەكتەری كورد و فارس بەشداری تێدادەكەن.
راگەیاندنی فیلمەكە ئاشكرایكردووە هەریەك لە "شوان عەتوف، ژیان ئیبراهیم خەیات، حەمەعەلی خان، مەسعود یوسفی و پەیام نەسیری، رەزا حاجی خوسرەوی، شەهێن جەمال، هەژان هێرش، نەشمیل عەلی بەرزنجی" ئەكتەرانی فیلمەكەن، لەگەڵ چەند ئەكتەرێكی دیكەی فارس وەك "شەهرام حەقیقەتدوست، سەحەر قورەیشی، ئیمان سەفا، حشمەت ئارمیدە". هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەكراوە چیرۆكی فیلمەكە باسی بەر لەكیمیاباران و دوای كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات، لەڕێگەی گێڕانەوەی بەسەرەهات و روداوەكانی ژیانی عەلی (زمناكۆ)، ئەو كوڕەی كە لەكاتی بۆمبارانەكاندا ئاوارەی ئێران دەبێت و دوای چەند دەهەیەك دەتوانێت خێزانەكەی خۆی بدۆزێتەوە و بگەڕێتەوە كوردستان، كە ماوەی فیلمەكە 90 خولەكە.
شەهرام مەسڵەخی دەرهێنەری فیلمەكە دەڵێت "لەم فیلمەدا عەلی وەك پەتی تەزبیحێكە، دەنكەكانی ئەو چیرۆكانەیە كە لەهەڵەبجە و ئێران روویانداوە و عەلی دەبێت بەپەتی پەیوەستكردنەوەی چیرۆكەكان بەیەكتر". گوتیشی "ئەم فیلمە بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای ئەڵوەندسازان بەرهەمدەهێنرێت و لەزۆرێك لەفێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكانی دونیا چاوەڕوانی ئاكامی گەورەی لێدەكرێت".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com