عەزیز وەیسی: ئەگەر بمزانیبا لای خەڵك لاواز دەبم گۆرانیم بۆ لیسی كوردستانی نەدەگوت كە 406 هەزار جەماوەرم لەدەستدا  

 

 

سڤیل: زانا دڵشاد دزەیی

بەڵێنی شووقەیەكیان پێدام كەچی لە كۆتاییدا دكتۆر بەرهەم پێیگوتم لاپتۆپێكم بۆ كوڕەكەت كڕیوە!

ئەگەر سێدییەكانم كۆپی نەكرێ لەهەر سێدیەك 30 دەفتەر دۆلار داهاتم دەبێت

خۆشم نازانم بۆچی گۆرانیبێژەكانی رۆژهەڵات دژایەتی من دەكەن

بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی دوو كلیپی تازە و بەشداریكردن لەشەش ئاهەنگ بۆ شەوی سەری ساڵ، ئێستا گۆرانیبێژ عەزیز وەیسی لەكوردستانەو (سڤیل) ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا.

سڤیل: بۆچی ئێستا گۆرانییەكانت وەك پێشوو ناچێتە ناو خەڵكەوە؟
عەزیز وەیسی: من هەر بەستایلی خۆم گۆرانیم گوتووە، بەڵام كاتێك كلیپەكانم نەگاتە كەناڵەكان ئەوانیش پەخشی ناكەن، جگە لەوە ماوەیەكە زوو زوو ئەلبوومم بڵاودەكردەوەو ئینجا بەهۆی بەرنامەی راستەوخۆ و پرۆگرامی دەشتی بەهەشت زۆر لەبەرچاو بووم، لەبەرئەوە ماوەیەك خۆم ون كرد تا بینەر لێم بێزار نەبێت، ئێستا بەرنامەی راستەوخۆ مۆدێلی نەماوە، دەمەوێت لەمەودوا بەكلیپ دەركەوم، ئێستا دوو كلیپ و ئەلبوومی نوێم ئامادەیە، ئەگەر كۆمپانیایەك هەبێت و پارەی باشم بداتێ ئەلبوومی نوێم بۆ نەورۆز ئامادەیە.
سڤیل: زۆربەی گۆرانیبێژان دوو ساڵ جارێك ئەلبووم بڵاودەكەنەوە، بەڵام تۆ هەموو ساڵێك ئەلبووم یاخود دوو ئەلبووم بڵاودەكەیتەوە، چۆن دەتوانی خەرجی ئەلبووم و كلیپەكانت دابین بكەی؟
عەزیز وەیسی: یەكەمجار پشت بەخۆم دەبەستم، ئەگەر پشت بەكۆمپانیاكان ببەستین، ناتوانین ئیش بكەین، ئێستا دوو كلیپم هەیە ئەگەر سپۆنسەر هەبێت بڵاویاندەكەمەوە، ئەگەریش نەبوو ناتوانم كلیپەكانم راگرم، بەڵام ئەو گۆرانیبێژانەی تۆ باسیان دەكەی لەوانەیە باری مادییان زۆر باش نەبێت، بۆ نموونە ئەگەر بتەوێ دوو گۆرانی بەكوالێتی باش بكەی بەلانیكەمەوە، بۆ هەر گۆرانییەك دوو هەزار دۆلارت پێویستە، كەواتە ئەلبوومێكی هەشت گۆرانی دوو دەفتەر دۆلاری دەوێت، ئەوە بۆ گۆرانیبێژێك كە هیچ دەرامەتێكی نەبێت زۆر زۆرە، بۆ سێ ساڵیش ناتوانێ ئەو دوو دەفتەرە كۆبكاتەوە، ئەگەر كۆمپانیایەك پشتگیری نەكات، بەڵام بۆ من كۆمپانیا پشتگیرم بكات و نەیكات زۆر لەلامەوە موهیم نییە، كاتێك ئەلبوومەكە تەواو دەكەم كێ پارەی باشم بداتێ پێیدەدەم، تائێستا لەگەڵ ناوەندی ئارۆ ئیشم كردووە، داوای چەند پارەم كردووە نەیگوتووە نا. چەندم سەرفكردووە لەوە زیاتریشی پێداوم، ئەوە وایكردووە نەوەستم و بەردەوام ئیش بكەم.
سڤیل: ئەلبوومەكەی تۆش وەك ئەلبوومی گۆرانیبێژانی تر كۆپی دەكرێ، ئەی بۆچی كۆمپانیا پارەی باش بە ئەلبووكەی تۆ دەدات؟
عەزیز وەیسی: نەمگوتووە ئەلبوومی من كۆپی ناكرێ، بەڵام گۆرانییەكانی من بەدوو، سێ رۆژ دەڕواتە ناو خەڵكەوە، لەبەرئەوەی لەهەموو شوێنێك گۆرانی هەڵپەڕكێ لێدەدرێت، حەوت رۆژ پێش نەورۆز ئەلبووم بڵاودەكەمەوە، حەوت رۆژ ئەلبوومەكەم كۆپی نەكرێ زۆرترین ئەلبوومی خۆم دەفرۆشم، ئەلبوومەكەی پێشووم "هەرزانە" كە بڵاوم كردەوە دانەی بەهەزار دینار بوو، ئەوجا خەڵك كۆپی كرد، نموونەت بۆ دێنمەوە ئەوكاتەی تازە سمێلم تاشی بوو، لەلای عارەبانەیەكی سێدیفرۆش وەستابووم و هاواری دەكرد "عەزیز وەیسی بەتووك و بەبێ تووك بەپێنج سەد دینار". ئەگەر ئەلبوومی من كۆپی نەكرێ لەئەلبوومێك 30 دەفتەر دۆلار داهاتم دەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی كۆپی دەكرێ، ئەلبووم بەدوو دەفتەر و نیو دەفرۆشم.
سڤیل: بیرت لەوە نەكردۆتەوە رۆژێك واز لەگۆرانی بێنی؟
عەزیز وەیسی: بۆچی وازبێنم؟، ئەگەر جەماوەرم كەم بێتەوە و بزانم لاواز بووم وازدێنم، بەڵام تاجەماوەر هەبێت و هانم بدەن گۆرانی دەڵێم.
سڤیل: بەڵام لەوكاتەی ریكلامت بۆ لیسی كوردستانی كرد جەماوەرێكی زۆرت لەدەستداوەو ئەو جەماوەرە فراوانەی سەرەتات نەماوە؟
عەزیز وەیسی: راستە، ئەوە لەلای خۆمان وایە، ئەگەرنا چەند گۆرانیبێژێكی گەورەی ئەمەریكی پشتگیریان لەئۆباما كردو پێشی لاواز نەبوون، ئەوە حەزێكی خۆم بوو گۆرانی بۆ ئەو دوو سەركردەیە بڵێم، بەڵام ئەوە دووبارە ناكەمەوەو ئەگەر بمزانیبایە دڵی خەڵكم لێ دەرەنجێ و لای خەڵك لاواز دەبم ئەو ئیشەم نەدەكرد، بەڵام كوردگوتەنی "هەركاتێك ماسی لەئاو بیگری تازەیە". ئێمە دەتوانین لەمەودوا ئەو ئیشانە نەكەین.
سڤیل: لەگەڵ هەر گۆرانیبێژێك گۆرانی دوێتت كردبێ دووبارە گۆرانی دوێتت لەگەڵ نەكردۆتەوە، ئەوە بۆچی؟
عەزیز وەیسی: من دەیانناسێنم. گۆرانیبێژ هەیە پێمدەڵێ حەزدەكەم لەگەڵ تۆ گۆرانییەك بكەم، چونكە ئەگەر بەتەنیا گۆرانییەكە بكات خەڵك نایناسێ، بەڵام كاتێك خەڵك لەرێگەی منەوە ناسی، ئیتر پێویست ناكات دووبارە گۆرانی لەگەڵ بكەمەوە، حەز دەكەم ئەوانەی سەرەتان هانیان بدەم، بەتایبەت كچەكان، پێم خۆشە بێنە ناو بواری هونەرەوە.
سڤیل: زۆربەی گۆرانیبێژەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان گلەیی ئەوە دەكەن "بۆچی لەباشووری كوردستان ئەوەندە گرنگی بەعەزیز وەیسی دەدرێت، هونەری عەزیز وەیسی شیاوی ئەوە نییە گرنگی پێ بدرێت". تۆ دەڵێی چی؟
عەزیز وەیسی: ئەگەر درەختێك میوەی نەبێت خەڵك بەردی ناهاوێژێت، نازانم بۆ گۆرانیبێژە رۆژهەڵاتییەكان هەموو دەڵێن بۆچی لەباشوور بۆ عەزیز وەیسی وادەكەن، من ئیش دەكەم و زەحمەتی دەكێشم، یەكەمجار لەكەناڵی كوردسات دەركەوتم، بەرنامەكیان بۆ كردم لەگەڵ گۆرانییەكان هەڵپەڕكێم دەكرد، لەئێرانەوە سەدان تەلەفۆن كرا دەیانگوت "ئەوە هونەری كوردی سەقەت كردووە". كەواتە من خۆم كردە قوربانی تا ئەو ستایلەم دروستكرد، ئێستا كلیپێكی من ئەگەر هەڵپەڕكێی تێدا نەبێت، خەڵك تەماشای ناكات، لەكلیپە تازەكەم كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە، حەرەكەی تازەم كردووە، گۆرانیبێژەكانی تریش لەگەڵ گۆرانیەكانیان دانس و هەڵپەڕكێ دەكەن، لەقسە و قسەلۆك و دژایەتیكردن زیاتر ئێران هیچ شتێكی تری بۆ من نەبووە.
سڤیل: گوتیان چیت بۆ دەكەین، كێ بەڵێنی بەتۆدا، ئێستا وازت لەداواكارییەكە هێناوە؟
عەزیز وەیسی: لەبانگەشەی هەڵبژاردن 27 ئاهەنگم لەشار و شارۆچكەكانی كوردستان كرد، لەگەڵ چوار ڤیدیۆ كلیپ، بەڵێنیان بەمندا شتی زۆرمان بۆ بكەن، بەڵام بەداخەوە كاتێك هەڵبژاردن تەواو بوو هیچیان نەكرد، خۆ شەڕ ناكەم، كاك شۆڕش ئیسماعیل بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی لیستی كوردستانی داوایكرد گۆرانی بڵێم، من داوام نەكرد ئەوەندە پارەم دەوێت، كاك (پشتیوان گوڵپی) تەلەفۆنی بۆكردم بۆ ئێران و گۆرانی لیستی كوردستانی پێدام، كە هاتمەوە بۆ كوردستان منی بەشۆڕش ئیسماعیل ناساند، ئەویش پێیگوتم لەبەرامبەر ئەو ریكلامانەی بۆ لیستی كوردستانی دەیكەی شووقەیەكمان بۆ دانای، تائێستا هیچم نەبینیووە، ئینجا دكتۆر بەرهەم پێیگوتم "تاكۆتایی جێمان مەهێڵە، پێویستیمان پێتە" ئیتر لەكۆتایی رۆژ كە دكتۆر بەرهەمم بینیەوە، پێیگوتم لاپتۆپێكم بۆ كوڕەكەت داناوە، گوتم (سەهەند)ی كوڕم چوار لاپتۆپی هەیە، زۆر سوپاس بەكەسێكی تری بدە، بەڵام لەو رۆژە تائێستا دكتۆر بەرهەمم نەبینیووەتەوە وەك وەفایەك پێم بڵێت سوپاس، چەندەها دوژمنم لەلیستەكانی تر بۆ دروستبووە، 406 هەزار كەس جەماوەری گۆڕانە، كەواتە 406 هەزار كەس حەزی نەكردووە من گۆرانی بۆ لیستی كوردستانی بڵێم، من بە زەحمەتەوە بووم بە عەزیز وەیسی، یەك كەس لێم دووركەوێتەوە بۆ من گرنگە، 406 هەزار كەس پشتی تێكردم، دەزانم تۆش مەبەستت ئەوەیە، بەڵام دكتۆر بەرهەم یەكجار نەیگوت سوپاس، ئێستا من تەنیا گلەیم لەدكتۆر بەرهەم هەیە، شەش مانگە دەمەوێت دكتۆر ببینم هێشتا نەمبینیووە، بۆ پارەم نییە، چونكە من قەت بۆ پارە خۆم بچووك ناكەمەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com