هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد فەیسبووكەكەی موژدینی هاك كرد  

 

 

سڤیل: رێكەوت سەلام
كەسێك بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسووك داوای هاوڕێتی لەخانمە گۆرانیبێژ موژدین ساڵح دەكات و دوای ئەوەی موژدین هاوڕێتییەكەی قبوڵ دەكات، هەمان رۆژ ئەو كەسە فەیسووكەكەی موژدین هاك دەكات، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خانمی یەكەمی عێراقیش هەفتەی رابردوو لەراگەیاندراوێكدا گوتی "من فەیسبووكم نییە".
خانمە گۆرانیبێژ موژدین ساڵح ساڵی 1982 لەشاری سلێمانی لەدایكبووەو ساڵی 1996 كوردستانی جێهێشتووەو ئێستا دانیشتوی وڵاتی هۆڵەندایە، دوای بڵاوكردنەوەی كلیپەكەی كە بەنیمچەرووتی دەركەوت، هەڵڵایەكی زۆری نایەوەو هاوڕێیانی لەفەیسبووك گەیشتە 21 هەزار هاوڕێ، كە زۆربەشیان كورد و تورك و عەرەبن، بەڵام هەفتەی رابردوو فەیسبووكەكەی لەلایەن كەسێك بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاك كرا.
موژدین ساڵح لەپەیوەندییەكیدا لەگەڵ (سڤیل) باس لەهاككردنی فەیسبووكەكەی دەكات و دەڵێت "رۆژی 27 /12/2011 كەسێك بەئەكاونتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد قسەی لەگەڵ كردم و پێیگوتم من خێزانی جەلال تاڵەبانیم و درۆت لەگەڵ ناكەم، دەمەوێت لەكارە هونەرییەكانت هاوكارتبم، منیش پێمگوت بێگومان بەختەوەر دەبم، كە خانمێكی وەك تۆ هاوكارم بێت، بۆیە منیش پرۆژە و ئیشەكانی خۆم بۆ باسكرد، بەڵام ئەو داوایكرد لەشوێنێكی تر قسە بكەین و لینكێكی تری پێدام، داوام لێكرد كرد بەشێوەیەكی تایبەتی كات بۆ یەكتری تەرخان بكەین ئیمێلی خۆم پێدا، چونكە هەردووكمان خاوەن جەماوەرێكی تایبەتین، بەڵام ئەو پێداگیریكرد كە لەم لینكەی كە ئەو پێیداوم قسە بكەین، منیش گوتم با قسەی نەشكێنم، چونكە تەمەنی لەمن گەورەترە، پێیگوتم كۆدی (م،س،ن) بنووسە، ئیتر هەندێ قسەمان كردو دواتر فەیسبووكەكەی هاككردم". موژدین تەنیا سەعاتێك قسەی لەگەڵ ئەو كەسە كردووەو گفتوگۆكان بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە، دەڵێت "ئەو كەسە زۆر باسی لایەنی سێكسی لەگەڵ دەكردم، بۆ ئەوەی لەكاری ڤیدیۆ كلیپەكانم لایەنی سێكسی بەكاربێنم، گوتم ببورە من كارم بەفەلسەفە كردووە، ئەوە پەیامی من بووە بۆ رووتبوونەوە، پێمخۆش نییە كاری سێكسی بكەم لەهیچ كلیپێكم، چونكە مەرج نییە زانیاری دان تەنیا لەرێگای ڤیدیۆكلیپیەوە بێت، بەڵكو لەڕێگای پەیجی تایبەتی خۆم لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە یان لەرۆژنامە وەك نووسەرێك هۆشیاری پێشكەش بەگەنج و ئەو كەسانە دەكەم، كە هاوڕێی فەیسبووكی منن".
(سڤیل) زۆر هەوڵیدا لەرێگەی نوسینگەی تایبەتی خۆی لەوبارەیەوە پەیوەندی بە هێرۆ ئیبراهیم بكات، بەڵام هەوڵەكان بێسوود بوون، تائێستا دوو ئەكاونت بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەفەیسبووك هەیە، بەڵام هەفتەی رابردوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەراگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد "من فەیسبووكم نییە و بەناوی منەوە قسە دەكرێت".
تاوەكو ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، موژدین لەهەوڵی ئەوەدایە فەیسبووكە هاككراوەكەی بگەڕێنێتەوەو تەواو نیگەران بووەو دەڵێت "ئەو كەسانەی فەیسبووكی خەڵك هاك دەكەن گرفتی دەروونییان هەیە و كەسانی رۆژهەڵاتین".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com