لە یادی سی ساڵەی چیرۆكی خۆشەویستی نێوان نزار قەبانی و بەلقیس ئەلراوی  

 

 

سڤیل: فەیسەڵ خەلیل

سەرۆك كۆماری عێراق بۆ نزار قەبانی چووە خوازبێنی بەلقیس

ئەو شیعرانە چەند بەشێكی بچووكن لەقەسیدەی بەناوبانگی "بەلقیس"ی شاعیری عەرەبی بە رەگەز سوری نزار قەبانی، هەرچەندە لەقەسیدەكە رەمزێك بۆ بەلقیس شاژنی سەبەئ هەیە، كە ئەو شاژنە لەگەڵ پێغەمبەر سولەیمان چیرۆكێكیان هەیە، لەكتێبە ئایینیەكانیش باسكراوە، نزار دەیەوێت بەلقیس ئەلراوی بە بەلقیسی سەبەئی بشوبهێنێت، بەڵام ئەوا تەنها رەمزێكە نزار وەك تەكنیكێكی شیعری بەكاری دەهێنێت، ئەگینا مەبەستی نزار ئەوەیە لە دوا تەمەنی خۆیدا دوا مەلحەمەی خۆی بە جوانی بەلقیس و ئازاری رۆحی خۆی دروست بكات، لەوەشدا تا رادەیەك سەركەوتوو بوو، زۆركەس لەڕەخنەگران پێیانوایە لەگەڵ باسكردنی بەلقیس نزار باسی لەسەرجەم ئازارەكانی عێراق و عەرەب كردووە، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەو دێرەیە كە دەڵێت "ئەو نەتەوەی عەرەب چیە؟ئەو نەتەوەیەیە كە دەنگی بولبول تیرۆر دەكات".
بەلقیس ئەلراوی كچێكی گەنجی بەغدادی بوو، لەخێزانێكی دیار بوو، كاتێك لەساڵی 1962 نزار دێتە عێراق لەئێوارە كۆڕێكدا چاوی بەو كچە دەكەوێت، ئەو كات نزار تەمەنی لەسەرووی پەنجا ساڵەوە دەبێت، كاتێك ئەو كچە دەبینێت عاشقی دەبێت و پەیوەندییەك دروست دەكەن، دواتریش دەنێرێتە خوازبێنی، بەڵام چەند كۆسپێك لەبەردەم ئەو خۆشەویستیە دروست دەبێت، یەكێك لەوانە جیاوازی تەمەنە، نزار 30 ساڵ زیاتر لەكچەكە گەورەترە، دووەم خەڵكی عێراق نییە، سێیەم شاعیرێكە بەشاعری ژنان ناسراوە، هەر لەبەر ئەو هۆكارەی دوایی بەپێی هەندێك گێڕانەوە باوكی بەلقیس بە كچەكەی دەڵێ "ناتوانم بتدەمە پیاوێك كە رۆژانە خەریكە بۆ خزمەتی شیعرەكانی لیستی ناوی مەعشوقەكانی درێژ بكاتەوە و بچێتە ژیانی هەر ژنێكەوە"، بەڵام بەلقیس هەر لەسەر بۆچوونی خۆی سوردەبێت و دەڵێت "منیش ناتوانم شو بە گەنجێك بكەم هەموو شتێكی هەبێت، بەڵام لە ناوەوە بێ مانا بێت".
نزار خۆی چیرۆكی خۆشەویستی خۆی لەگەڵ بەلقیس دەگێڕێتەوەو دەڵێ "بەلقیس گەنجینەیەكی گەورە بوو، بەرێكەوت دۆزیمەوە، كاتێك بۆ شیعر خوێندنەوە چوومە بەغدا، بەڵام خۆشەویستیەكەمان وەك خۆشەویستی زۆربەی چیرۆكەكانی خۆشەویستی لەشارەكانی عەرەبی رووبەڕووی گەورەترین (نا) بوووە، شیعرە دڵدارییەكانیش بەدەست كەسوكاری بەلقیسەوە بووە چاكترین بەڵگە لەدژی من".
دواتر نزار بە دڵشكاوی دەگەڕێتەوە ئیسپانیا، نزار لەو ماوەیەدا بەر لەوەی بەلقیس بناسێت، هاوسەری یەكەمی مردبوو، كە كوڕێك و كچێكی لە دوا بەجێمابوو، دواتر كوڕەكەشی بەناوی تۆفیق كە قوتابی كۆلیژی پزیشكی بوو، بە نەخۆشی دڵ جوانەمەرگ بوو، دوای ئەوەش خۆشەویسترین كەس بەلای نزارەوە كۆچی دوایی دایكی بوو، نزار لەگەڵ كچەكەی بە تەنیا مایەوە، چاوەڕێی دایكێكی تر بوو ئەویش بەلقیس بوو.
لەساڵی 1969 جارێكی تر نزار دەگەڕێتەوە عێراق، بەڵام بە درێژایی ئەو ماوەیەی دووری نامە گۆڕینەوەیان لەگەڵ بەلقیس هەبوو، كاتێك نزار شیعر دەخوێنێتەوە، دەڵێ "پاڵەوانی هەموو شیعرەكانم بەلقیس بوو"، ئەو شیعرە لەبەغدا دەخوێنێتەوە، كە بەوە دەسپێدەكات و دەڵێ "سڵاو ئەی عێراق هاتووم گۆرانیت بۆ بڵێم. خۆ هەندێك لەگۆرانییەكان گریانن"، دواتر نزار هیچی بۆ نامێنێتەوە، پەنا دەباتە بەر سەرۆكی كۆچكردووی عێراق ئەحمەد حەسەن بەكر، ئەویش پەیوەندی بە ماڵی باوكی بەلقیس دەكات و دەڵێ "بەو سیفەتەی كە یەكەم سەرۆكم خوازبێنی بۆ شاعیرێكی عەرەبی دەكەم، دەبێت قسەم نەشكێنن، ئینجا دوو وەزیر دەچنە ماڵیان و زەواجەكە دەبێت".
ئەو دوو عاشقە ساڵانێكی زۆر كەم لەگەڵ یەك دەمێننەوە، ماوەیەك لەمەدرید و ماوەیەك لەبەیروت دەمێننەوە، بەلقیس دوو منداڵی دەبێت، دواتر 30 ساڵی تەواو بەر لە ئێستا واتە لە 15\12\1981 بە بۆمبێكی سوری لەبەیروت بەلقیس لەكاتی كاركردنی بەر بۆمبەكەی دەكەوێت و گیان لە دەست دەدات و تا مردنیش نزار لەگەڵ منداڵەكانی بە تەنیا دەمێنێتەوە، وەك لەقەسیدەكە باس دەكات تا مردنیش چاوەڕێی ژوانێك بوو لەگەڵ بەلقیس بوو، بۆ خواردنەوەی چایەكی بۆنداری عێراقییانە.

سوپاس بۆ ئێوە..
سوپاس بۆ ئێوە..
ئەوا خۆشەویستەكەم كوژرا، ئێستا دەتوانن
پێكێك لەسەر گۆڕی ئەو خانمە شەهیدە بخۆنەوە
ئەوا قەسیدەم تیرۆر كرا
ئایا جگە لەئێمە نەتەوەیەك هەیە لەسەر زەوی قەسیدە تیرۆر بكات؟
بەلقیس...
جوانترین شاژنەكانی مێژووی بابل بوو
بەلقیس
زراڤترین دارخورما بوو لەخاكی عێراق
كاتێك دەڕۆیشت تاوسەكان هاوڕێی بوون
مامزەكان شوێنی دەكەوتن
بەلقیس.. ئەی ئازاری من
ئەی ئازاری ئەو قەسیدەیەی كە پەنجەكانی پێدەگات
ئایا دوای قژی تۆ گوڵەگەنمەكان بەرز دەبنەوە؟
ئەی نەینەوای سەوز
ئەی قەرەجە سورفڵەكە
ئەی شەپۆلەكانی دیجلە
لە بەهاردا جوانترین خرخاڵ لەقاچەكانی دەكات
تۆیان كوشت ئەی بەلقیس
ئەو نەتەوەی عەرەب چیە؟
ئەو نەتەوەیە كە دەنگی بولبول تیرۆر دەكات.

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com