شەهێن تاڵەبانی: كاتی ئەوە هاتووە منداڵەكانم سەربەخۆ بژین و منیش بگەڕێمەوە كوردستان  

 

 

سڤیل: زانا دزەیی- باوان رزگار

خانمە هونەرمەند شەهێن تاڵەبانی بەسەردانێك گەڕاوەتەوە كوردستان و لەماوەی سێ هەفتەدا دوو كلیپی ئەنجامداوەو بڕیارە سەری ساڵ دوو كلیپەكەی پەخش بكات و كلیپێكی دیكە بۆ گۆرانییە تازەكانی ئەنجام بدات و بگەڕێتەوە كوردستان، لەسەردانێكیدا بۆ هەولێر (سڤیل) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئەنجامدا و رایگەیاند "كاتی ئەوە هاتووە منداڵەكانم سەربەخۆ بژین و خۆشم بگەڕێمەوە كوردستان".

 

سڤیل: ئێستا بە چ مەبەستێك گەڕایەوە بۆ كوردستان؟
شەهێن تاڵەبانی: ئامادەكردنی چەند كلیپێك لەگۆرانییە تازەكانم، بۆ سەری ساڵ و دوای سەری ساڵ پێویستە ئەنجام بدرێت، سوپاس بۆ خوا لەهەولێر دوو كلیپم تەواو كردووە، بەهیوام كلیپێكی تریش ئەنجام بدەم، بەداوەتی فەرمان محەمەد هاتوومەتەوە كوردستان لەكەناڵی هەولێر، هەر هەمان كەناڵ سپۆنسەری كلیپەكانی كردم، جگە لەوەش بۆ یەكەمجار كۆنسێرتم لەهەڵەبجەی شەهید و كۆیە ئەنجام دا، گروپی باواجی كارەكانی ئەنجامدا.
سڤیل: كێ رێگربوو شەهێن تاڵەبانی نەتوانێ بەیەكجاری ماڵەكەی بێنێتەوە كوردستان؟
شەهێن تاڵەبانی: ئەو ماوەیە كە لەوڵاتی بەریتانیا ژیاوم، سێ كوڕم لەوێ بوو، دەبوایە بوەستم تاوەكو زانكۆ تەواو دەكەن و بتوانن سەربەخۆ بژین، ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە، ئەوان بۆ خۆیان بژین و منیش بگەڕێمەوە كوردستان، ئیتر رێگری ئەوكاتم تەنیا منداڵەكانم بوو.
سڤیل: بەتەمەنبوونت كاریگەری لەسەر دەنگی تۆوە نەبووە؟
شەهێن تاڵەبانی: تەمەن هەر دەڕوات، هەموو كەس دەزانێ كاتێك تەمەنم 18 ساڵ بوو كە نەفسم هەبوو دەمخوێند، بێگومان لەگەڵ ئێستام جیاوازی هەیە، بەڵام هێشتا دەنگم ماوە و توانای گۆرانی گوتنم هەیە.
سڤیل: باشترین شت كە لەژیانی خۆت كردووتە چییە؟
شەهێن تاڵەبانی: یەكەم شت توانیوومە دایكێكی باش بم بۆ سێ كوڕەكەم، كارێكی زۆر باشم كرد دوای وازهێنانم لەگۆرانیگوتن دووبارە گەڕامەوە سەر گۆرانیگوتن، بەهۆی ئەوەی ئەو هەموو جەماوەرە خۆشەویستە منیان خۆش دەوێت.
سڤیل: لەگەڵ رۆژنامەنووسەكان نێوانت چۆنە؟
شەهێن تاڵەبانی: نێوانم باشە، هەر دێن و منیش دڵم نایەت بڵێم نا، هەموویان حەزدەكەن گفتۆگۆ و چاوپێكەوتنم لەگەڵ بكەن، قەت دڵم نەهاتووە قسەی رۆژنامەنووسان بشكێنم.
سڤیل: لای شەهێن تاڵەبانی كێ باشترین ئاوازدانەرە؟
شەهێن تاڵەبانی: حەزناكەم ناوبێنم، ئەو كەسە باشترین ئاوازدانەرە كە خۆشەویستییەكی راستەقینەی هەیە بەرامبەر گۆرانی رەسەنی نیشتیمان و وڵات، كە دەتوانێت باشترین گۆرانی دانێ لەدڵی خەڵك و بۆ هەمیشە بمێنێتەوە، بەڵام لەئەمڕۆدا ئەم جۆرە ئاوازدانەرانە كەم بۆتەوە، كە بتوانن گۆرانییەك دانێن بۆ مانەوە بێت، پێشتر دانە دانە گۆرانی دەكرا، دەمایەوە، ئێستا بەئەلبووم گۆرانی دەكرێ و بەئەلبوومەوە دەمرێت.
سڤیل: ئەی بۆچی پرۆژەكەی خۆت لەگەڵ ئاوازدانەر هەڵكەوت زاهیر نەكرا؟
شەهێن تاڵەبانی: ساڵی 2007 بڕیاربوو كلیپ و ئەلبوومم بۆ بكات، دەستخۆشیم لێكردو زۆریش خۆشحاڵ بووم، بەڵام ئەو شێوازەی ئەو دەیویست نەمتوانی قبوڵی بكەم، ئەگەر میلۆدیەكی رەسەنی كوردییم بۆ بكات و بەجلی كوردیی بێت لەسەرچاو، من شەهێن تاڵەبانیم بەمنداڵی و بەگەنجیم هەر حەزمكردووە بەجلی كوردییەوە دەركەوم، ئەگەر هەڵكەوت زاهیر ئەوەم بۆ بكات بەدڵ و بەگیان قبوڵی دەكەم.
سڤیل: هیچكات هەوڵت نەداوە شیعر بنووسی؟
شەهێن تاڵەبانی: نەخێر هیچكات شیعرم نەنوسیووە، ئەوە كاری من نەبووە، چونكە شاعیری بەهرەیەكی ترە، وەك ئەوەی من بەهرەی دەنگم هەیە، یەكێكی تر بەهرەی شیعرنووسینی هەیە، شاعیر دەتوانێ ئەوە بنووسێ كە كۆمەڵگە ونی كردووە، شاعیر بەوشە جوانەكانی دەیدۆزێتەوەو دەیداتەوە بەخەڵك، جاهەندێ وەریدەگرێ و هەندێكی تر وەریناگرێت. من نەمتوانیووە شاعیر بم، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی شیعری گۆرانییەكانم سەلیقەم هەبووەو دائیمەن شیعری ناسك و جوان و عاشقانەم هەڵبژاردووە، خۆشبەختانە بەشێكی زۆر خەڵك وەریانگرتووە.
سڤیل: جیاوازی بەریتانیا و هەولێر چییە؟
شەهێن تاڵەبانی: ئەگەر بەراستی من باسی بكەم، ئەوروپا یان بەریتانیا كە من لەناو ئەو وڵاتە 22 ساڵە دەژیم زۆر پێشكەوتوون، ئەوان بیركردنەوەیان زۆر جیاوازە لەگەڵ ئێمە، ئێمە زۆرمان ماوە بگەین بەوان، ساڵەهای ساڵە وڵاتن، فێربوون چۆن لەگەڵ منداڵ هەڵسوكەوت بكەن، چۆن پەروەردەیان بكەن، لەم رووەوە زۆر لەگەڵ ئێمە جیاوازن، هەموو شتێكیان بە قانوون و كاتە. بەڵام لەلای ئێمە پێشكەوتن ئەوەیە جلوبەرگ و جانتامان ماركە بێت و ماڵەكەمان خۆش بێت.
سڤیل: لەناو كوردەواری قسەیەك هەیە دەڵێن "بریا هەموو شتێك هەبوایە پیری نەبوایە". یان "مردن هەبوایە پیربوون نەبوایە" تۆش لەگەڵ ئەو قسەیەی؟
شەهێن تاڵەبانی: بەڵێ بریا پیری نەبوایە، مردن هەبوایە، منیش سەد لەسەد لەگەڵ ئەو قسەیەم، پیری خۆش نییە، بەڵام ئەوەش قۆناخێكی ژیانە، كەس بەگەنجی نامێنێتەوە و هەموومانیش دەمرین، ئێمەش قبووڵمان كردووە.
سڤیل: حەزدەكەی بچیتەوە سنە، بەڵام قەت گۆرانی نەڵێی؟
شەهێن تاڵەبانی: حەزی من سنەیە، شارەكەم سنە، 19 ساڵە سنەم نەبینیووە، هیوادارم بەزوویی بارودۆخێك دروست بێت بتوانم بچمەوە سنەوە، نەك من هەموو ئەوانی تریش بتوانن بگەڕێنەوە شارەكەیان، زۆریش هەیە، یەكێك لەوانە خۆمم، كە بتوانم كۆنسێرتیان بۆ بكەم، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەكە دیسانەوە گۆرانی هەڵدەبژێرم و نەچمەوە سنە، چونكە لەهەر كوێیەك گۆرانی بڵێم ئەوان لەدوورەوە گوێیان لەدەنگی من دەبێت، ناتوانم بەبێ گۆرانی و مۆسیقا بژیم.
سڤیل: بۆچی فەیسبووكت نییە؟
شەهێن تاڵەبانی: فەیسیبووكم هەیە، حەوت هەزار هاوڕێم هەیە و پێكەوە چات دەكەین.
سڤیل: چی تر؟
شەهێن تاڵەبانی: داوا لەخەڵك دەكەم ئەگەر بیانەوێت پێشبكەوین لەهەموو بوارێك، دەبێ پشتگیری لەهونەرمەندانی خۆمان بكەن، هونەرمەندانی بێگانەیان زیاتر خۆشدەوێت، ئێمەی هونەرمەندی كورد بەوە دڵخۆشین ئەگەر جەماوەر پشتمان بگرێت.
 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com