حوسێن شەریفی: من خۆم كار لەگەڵ كامكارەكان ناكەم لێرە گروپی باشتر هەیە  

 

 

سڤیل: بێخاڵ حوسێن

سلێمانی لە هەولێر مۆسیقای پێشكەوتوو و دەوڵەمەندترە

سڤیل: بۆچی ساڵانێكە بێدەنگی و بەرهەمی نوێت نییە؟
حوسێن شەریفی: هۆكاری سەرەكی ئەوەیە ئەو ئیشانەی كە من كاتی خۆی كردوومە، ئیشی پرۆفیشناڵ بووە، حەزدەكەم ئەگەر ئێستا ئیشێك بكەم باش بێت، ئەگەر لەبەرهەمەكانی ترم باشتر نەبێت، با خراپتر نەبێت، لەساڵی (1990)ەوە ئیشم كردووە، ئیشی پرۆفیشناڵ، یەكەم كاسێتم "شلێرە" بوو لەگەڵ كامكاران ئیشم كرد، كاری باش پارەی باشی دەوێ، ئەگەر تۆ پارەی باشت هەبێت، ئاوازی باش و دابەشكردنی باش و هۆنراوەی باش هەبێت، بەرهەمی پرۆفیشناڵ لەدایك دەبێت، بۆیە تائێستا بەهۆی نەبوونی ئەم شتانە نەمتوانیوە ئیشەكانم بەباشی بكەم.
سڤیل: داوات نەكردووە وەزارەتی رۆشنبیری هاوكاریت بكات؟
حوسێن شەریفی: بەڵێ داوام كرد، بەس ئەوان ئیمكانیاتی ئەوەیان نەبوو هاوكاریم بكەن، پڕۆژەی خۆم پێشكەشكردن، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەداومەتەوە.
سڤیل: یەكەمجار لەگەڵ عەندەلیبیەكان هاتی بۆ كوردستان و كۆنسێرتت ساز كرد، لەگەڵ عەندەلیبییەكان پەیوەندیت ماوە؟ بۆچی كارێكی نوێیان لەگەڵ ناكەی؟
حوسێن شەریفی: بەڵێ پەیوەندیم لەگەڵ عەندەلیبییەكان ماوە، كە هاتم یەكەمجار لەگەڵ عەندەلیبییەكان هاتم پەیوەندیشم لەگەڵیان باشە، نەك لەگەڵ عەندەلیبییەكان پەیوەندیم لەگەڵ هەموو هونەرمەندێك خۆشە، لە 2006 كارم لەگەڵیان نەكردووە، بەڵام لەبەر نەبوونی ئەو شتانەی كە باسم كرد نەمتوانیوە كارێكیان لەگەڵ بكەم، ئەگەر عەندەلیبییەكانیش نەبن، لەتوركیا، ئەگەرنا لێرەش موزیكژەنی باش هەیە، هونەرمەند دەتوانێ سوودیان لێوەرگرێ، بەتایبەت لەكوردستان ئێستا ستۆدیۆی باش دروست بووە لەخزمەتی هونەرمەندان دایە.
سڤیل: لەنەوەدەكان گۆرانی "مەلە جوانەكە" لەباشوری كوردستان زۆر پێشوازی كرا، بەرای تۆ هۆی چی بوو؟
حوسێن شەریفی: هەر كەس ئەم گۆرانیەی گوتووە بەئارەزووی خۆی گووتویە، "مەلە جوانەكە" ئاوازەكەی هی حەسەنی كامكارەو شیعرەكەی هی شاعیر پیرەمێردە، ئەم گۆرانییە مۆركی میللی وەرگرت، لەو سەردەمە ئەو گۆرانیە یەكێك بوو لەو گۆرانیانەی كە لەخەرمانی كوردی زیاد بوو، نەمردووە.
سڤیل: هەندێ لەگۆرانیبێژانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسلێمانی نیشتەجێ بوون و هەندێكیش لەهەولێر، تۆ بۆچی هەولێرت هەڵبژارد؟
حوسێن شەریفی: تائێستاش لەهەر شوێنێك بم كوردستان هەر كوردستانە، لەهەولێر زۆر بەڕێزەوە پێشوازیان لێكردووم، چ خەڵكەكە چ حكومەت، سوپاسی هەموویان دەكەم، ئەوە هۆكارێك بوو كە بمێنمەوە لەهەولێر، ژیانم لێرە دامەزرا و لێرە كەوتمە كار، ئەگەرنا هیچ هۆكارێكی تایبەت نەبوو بۆ مانەوەم لەهەولێر. تاوەكو هەولێر ئاوابێت هەر دەمێنمەوە.
سڤیل: ئاستی هونەری لەباشوری كوردستان چۆن دەبینی؟
حوسێن شەریفی: بەگشتی ئاستی مۆسیقی لەكوردستان باش نییە، بەڵام لەهەندێك شوێن باشترە، وەكو سلێمانی، لەبەرئەوەی سلێمانی هونەرمەندی زۆری تێدایەو رۆشنبیری زۆر تێدایە، خەسلەتی شارەكە و سروشتی خەڵكەكە وایە، كە لەمۆسیقا سوود وەردەگرن و وەك مۆسیقی دەشت نییە وەك لاوك و حەیران، ئەوان پێشكەوتووترن لەرووی هونەرییەوە، هیوادارم هەولێریش وای لێ بێت، ئەگەر بەگشتی باسی باشوری كوردستان بكەین، نەیتوانی لەو مەجالە بەقازانجی خۆی سوود وەرگرێت، شتەكانی بەتەواوی وەرنەگرتووە، ئینشاڵڵا لەداهاتوودا باشوری كوردستان دەبێتە نموونە بۆكردنەوەی فیستیڤاڵی گەورە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات و كیشوەری ئاسیا.
سڤیل: جیاوازی هونەر لە باشور و باكور لەگەڵ رۆژهەڵات چییە؟
حوسێن شەریفی: ئەم پرسیارە زۆر قسە دەكێشێ، هونەر بۆ ئەم 3 پارچە بە ئیزافەی باشوری كوردستانیش هونەرێكن رەسەنی كوردین، بەڵام بەهۆی دەسەڵاتی كوردی كە نەبووە بەئەم پارچە وەكو ئەم پارچانە نەیانتوانیووە خۆیان بناسێنین، هونەری كوردی لەباشوری كوردستاندا بووە بەپێناسەی كوردی، بۆیە جیاوازیێك نابینم، ئەوان تۆزێك هەژارن، ئێرە تۆزێك دەوڵەمەندترە، لەوێش هونەری كوردی تێدایە، بەڵام لێرە باشترە و گەشاوەترە.
سڤیل: رات چییە بەرامبەر ئەو گەنجانەی تازە پێگەیشتوون؟
حوسێن شەریفی: چاویان ماچ دەكەم، هەزار خەڵك بچێتە ناو دەریا خۆ هەموو خەڵكەكە نابێتە مەلەوان، هەموو ئەو گەنجانەی ئێستا لەمەیدانی هونەرین دیارە مەرج نییە لەكۆتایی هەموویان هونەرمەندیان لێدەرچێت، بەڵام نابێت ئێمە ئەو مەجالەی لێ ببڕین، دەبێت هاوكاریان بكەین.
سڤیل: بۆچی كارێكت لەگەڵ گروپی كامكاران نەكردووە؟
حوسێن شەریفی: من خۆم نایكەم، گروپی باشتر لێرە هەیە، ئەگەر بمەوێت كاریان لەگەڵ بكەم، تەنیا نەكردنی نەبوونی توانای منە لەرووی مادییەوە، كامكارەكان نوێنەری مۆسیقی كورد نین، بەشێكن لەهونەر و مۆسیقای كوردی، كامكار دەتوانن باشتر كار پێشكەش بە خەڵك بكەن.
سڤیل: لەبنەماڵەكەتان كێ رێچكەی تۆی گرتووە؟
حوسێن شەریفی: من كوڕەكەم مۆسیقییە، بەس ئێستا خەریكی خوێندنی دكتۆرایە ناوی "بابكر"ـە، كارەكەی سێیەمم گۆرانی "دەوران دەوران" خۆی دابەشكردنی بۆ كردووەو خۆشی مۆسیقاكەی ژەنیووە، كچێكیشم هەیە دەف لێدەدا ناوی "هانا"یە، حەزیش دەكەم كارێكیان لەگەڵ بكەم، بەس كارەكانی من پرۆفیشناڵە، ئەوان بەم رادەیە پرۆفیشناڵ نین، لە داهاتوو كارێك دەكەین.
سڤیل: بۆچی تائێستا لەگەڵ هونەرمەندێكی دیكە گۆرانی دوێتت نەكردووە؟
حوسێن شەریفی: زۆر داوایان لێكردووم، بەس من حەزم لێنەبووە، من لەكارەكانم وەس واسم، حەزدەكەم خۆم بپارێزم لەم لافاوەی هونەری كوردی رووی تێكردووە، ئەگەر ئاگات لەخۆت نەبێت دەخنكێی.
سڤیل: هیچ قسەیەكت ماوە؟
حوسێن شەریفی: سوپاسی ئێوە دەكەم، هیوادارم لە 2012 بتوانم پرۆژە هونەرییەكانم بەئەنجام بگەیەنم و بتوانم كاری نوێ پێشكەش بكەم.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com