ئارمانج بۆ سڤیل: ئامۆژگاری هونەرمەندانی باشوور دەكەم واز لە موزیكی توركی و عەرەبی بێنن  

 

 

سڤیل: هەژار مەموزینی

ئارمانج یەكێكە لەهونەرمەندە كوردەكانی باكوری كوردستان، لەئومەریەی سەر بە نسیبینی شاری ماردین لەدایكبووە، لەساڵی (1995)ەوە لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، خاوەنی 4 ئەلبوومەو ئێستاش خەریكی ئامادەكردنی دوو سێدی گۆرانییە، لەو چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) رایگەیاند "پێویست نەبوو كەناڵی TRT6 بۆ كوردانی باكور دامەزرێت، چونكە هاوشێوەی حكومەتەكەی سەدامە، كاتێك مافی كوردی نەدەدا و كەناڵی كوردیشی دەكردەوە بۆ هەڵخەڵەتاندن".
ئارمانج باسی ئەوە دەكات، چۆن دەستی بەكاری هونەری كردووەو دەڵێت "پێش ئەوەی دەست بەگۆرانیگوتن بكەم، هەستێكم بۆ هونەر هەبوو، نابێ لەسەر خواست و بڕیارەكانی خۆت بكەی بەهونەرمەند، بەڵكو دەبێت رۆحی مرۆڤ خۆشەویستی و هەستێكی بەجۆش تێدا بێت بۆئەوەی ببێتە هونەرمەند". ئارمانج پێیوایە ئێستا گۆرانی كوردی لەلاوازییەكی زۆردایە، هۆكارەش بۆ نەبوونی مادی هونەرمەندان و نەبوونی پشتگیری حكومەت دەگێڕێتەوە، هەروەك خۆی دەڵێ "پشتیوانی مادی گرنگترین سەرچاوەیە بۆ گەڕاندنەوەی هونەری كوردی بۆ دۆخی جاران، بۆیە دەبێت دەزگاكانمان بەهێزتربن و كارەكانیان بخەنە گەر بۆ خەباتی هونەری رەسەنی كوردی". ئارمانج بەشێكی زۆری هونەرمەندەكان بەوە تۆمەتبار دەكات، كە بەئاشكرا حیزبایەتی دەكەن و وایلێهاتووە هونەرمەند لەكوردستان ئەگەر سەر بەلایەنێك نەبێت، گرنگی پێنادرێت، كە بەبڕوای ئەو چارەسەركردنی ئەو بابەتە و دەرهێنانی هونەرمەند لەكاری حیزبایەتی ماوەیەكی زۆری دەوێت، ئارمانج دەڵێت "حیزبە كوردییەكان واسەیری هونەرمەند دەكات ئەگەر بەدڵی ئەوان قسە نەكات و گۆرانییەكانت بۆ خزمەتی ئەوان نەبێت لاواز و پەراوێزت دەخەن، بۆئەمەش گرنگترین خاڵە بۆ لاوازبوونی هونەری كوردی، چونكە هونەرمەند لەم بارەیەوە دەكەوێتە رەوشێكی زۆر خراپ". هەروەها ئارمانج گوتیشی "هەتا كێشەی نەتەوەیی كورد چارەسەر نەبێت، كێشەی هونەرمەندانیش بەبێ چارەسەری دەمێنێتەوە، هەروەها پێیوایە لەرۆژهەڵاتی ناوین بۆئەوەی بەرژەوەندیی تایبەت بەهێزتر ببێت، هونەرمەندان خۆیان نزیكی دەسەڵات دەكەنەوە".
ئارمانج لەكەناڵە كوردییەكان پشتگوێ نەخراوە، خۆیشی دان بەوەدا دەنێت، ئەوەش لەبەرئەوەیە 10 ساڵە پێشكەشكاری بەرنامەیەكی هونەری بووە، بۆیە لەو رێگەیەوە بەردەوام بەرچاو بووەو كارەكانی گرنگی پێدراوە، "جگە لەوەش زۆر گۆرانیبێژی نوێ لەم بەرنامەیەی من دەركەوتن، بۆیە ئەم بەرنامەیە بۆمنیش كاریگەریەكی باشی هەبوو لەسەر ناوبانگم". سەبارەت بە كاریگەرییەكانی موزیكی دراوسێ بەسەر هونەری كوردی ئارمانج گوتی "هەموو میللەتانی دراوسێ دەكەونە ژێر كاریگەرییەكانی هونەرمەندان، بۆیە نەوەی ئەمڕۆ هونەری كوردیان نەناسیووە، لەباشور گۆرانیبێژانی نوێ دەبێت خۆیان لەمیوزیكی عەرەبی و توركی بپارێزن، چونكە ئەو میوزیكە زۆر بەكاردێنن، ئەوە ئامۆژگاری منە بۆ هونەرمەندانی باشوور".
ئارمانج كەناڵی TRT6ش بە پێویست نازانێت بۆ كوردەكانی باكور لەتوركیا، بەڵكو ئەو پێیوایە كردنەوەی ئەم كەناڵە بۆ هەڵخەڵەتاندنی كوردە، لەوبارەیەوە نموونە بۆ قسەكەی دێنێتەوەو دەڵێت "لەباشوری كوردستانیش لەسەردەمی حكومەتەكەی بەعس، سەدام حوسێن وەكو توركیای كرد، بۆیە چۆن ئەوكات كردنەوەی كەناڵێكی كوردی پێویست نەبوو، ئێستاش لەباكور پێویستیان بە كەناڵی TRT6 نییە، كورد گەیشتۆتە ئەو ئاستەی خۆی كەناڵێكی زۆری كوردی كردۆتەوە، خراوەتە خزمەتی گەلی كوردەوە". ئارمانج لەقسەكانی بەردەوام دەبێت و دەڵێ TRT6 نابێتە رێگای چارەسەری بۆ كێشەی كورد لەباكور، بەڵكو "لەخشتەبردنی كوردانە". دەڵێت "بۆ چارەسەری پرسی كورد دەبێت لەدەستوری توركیا دانپێدانانێك بەزمانی كوردی دابنرێت"، ئەوەش دەخاتەروو توركیا كەناڵ بەناوی كەناڵی تایبەتی و محەلی كوردی دەكاتەوە، بەڵام لەدەستوردا وەكو زمانێكی فەرمی قبوڵ ناكرێت و مافی كورد زەوت دەكرێت، "بۆیە ئەم رێچكەیە برەودانە بە لەرێلابردنی كورد".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com