|
سڤیل:
مەسعودی مەلا هەمزە
سەرچاوەیەك: 129 ملیۆن دینار بۆ فیستیڤاڵەكە
خەرجكرا
لەماوەی چوار رۆژدا و بەنمایشكردنی 15 كورتە
فیلم لەبەشی پێشبڕكێ و دوو فیلمی میوان لەرۆژی
یەكەم و كۆتایی فیستیڤاڵ، دووەمین خولی
فیستیڤاڵی "نابۆتوندوتیژی دژی مێینە" لەهۆڵی
میدیای شاری هەولێر سازكرا، كە فێستیڤاڵەكە
بووە جێگەی رەخنەی هەندێ لەئامادەبووان و
هونەرمەندان، بەشێك لەهونەرمەندان رایان وابوو
"ئەنجامەكانی لیژنەی دادوەران ناعادیلانەبووە،
تەنیا بۆ رازیكردنی دڵی بەشداربووەكان
خەڵاتەكانی بەخشیوەتەوە".
17 كورتە فیلم بەرهەمهات و 15 نمایشكرا
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست (سڤیل)
كەوتووە، بۆ دووەمین خولی فیستیڤاڵی "نا
بۆتوندوتیژی دژی مێینە" بڕی 129 ملیۆن دینار
خەرج كراوەو وەك باسیش دەكرێ 100 ملیۆن لەو
بڕە تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی كورتە فیلمەكان
تەرخان كراوە، كە 17 كورتە فیلم بوون و دواجار
15 یان نمایشكراو 2 كورتە فیلمیش لەكورتە
فیلمە بەرهەمهاتووەكان بەهۆی نزمی ئاستیان و
دووری لەبابەتی توندوتیژی نمایش نەكران، یەكێك
لەهونەرمەندە بەشدارەكانی فیستیڤاڵ تایبەت بە
(سڤیل) گوتی "لێرەدا بێپلانی ئەو فیستیڤاڵەمان
بۆ دەردەكەوێ، چۆن دەبێ كورتە فیلم بەرهەمبێ و
نمایش نەكرێ، لەكاتێكدا پێشتر سیناریۆكان
بەفلتەردا تێپەڕیون!".
چیرۆكی دوور لەواقیع و
شێواندنی كلتووری كورد
بەدرێژایی رۆژەكانی فیستیڤاڵ و لەكاتی
نمایشكردنی كورتە فیلمەكان، بینەران واهەستیان
دەكرد، ئەو كورتە فیلمانەی نمایش دەكرێن،
تەعبیر لەمیللەتێكی دوور لەمرۆڤایەتی و
وەحشیگەر دەكەن، یەكێك لەبینەرەكانی فیستیڤاڵ
كە سەرجەم كورتە فیلمەكانی بینی بۆ (سڤیل)
گوتی "زۆرم پێ سەیرە دەرهێنەری كورد گەیشتبێتە
ئەو ئاستەی كە میللەتەكەی خۆی بشكێنێ و
بەوەحشی پیشانی بدات"، لەبەرامبەر ئەو قسەیەدا
شەیما جاف وەك خوێندكاری بەشی سینەما لەكۆلیژی
هونەرەجوانەكان گوتی "كورتە فیلمە بەشدارەكانی
ئەو فیستیڤاڵە رەگەزی بەرامبەر "پیاو" وەك
دڕندە پیشان دەدەن".
كورتە فیلمەكان چارەسەریان لانەبوو
"بەهونەر كار بۆ راگرتنی توندوتیژی دژی مێینە
دەكەین". دروشمی فیستیڤاڵەكە بوو، ئەوەی
لەكورتە فیلمە نمایشكراوەكان بەدیكرا چارەسەر
و كەمكردنەوە نەبوو، بەقەد ئەوەی نیشاندانی
كێشەكان بوو.
د. كوردستان موكریانی لەوتاری لیژنەی
داوەراندا ئاماژەی بەوەكرد "پێویستە بۆ ساڵانی
ئایندە بیر لەچارەسەر بكرێتەوە، نەك بەتەنیا
كێشەكان نیشان بدرێ".
4 دەرهێنەرە ئافرەتەكە خەڵاتكران و
كەسیان براوە نەبوون
بەوتەی ناسر حەسەن، سەرۆكی فیستیڤاڵ یەكێك
لەشانازییەكانی ئەو فیستیڤاڵە ئەوەبووە، كە 4
ئافرەتی دەرهێنەر تێیدا بەشداربوونە، لە كۆتا
رۆژی فیستیڤاڵەكەش هەر 4 ئافرەتە دەرهێنەرەكە
خەڵاتی لیژنەی دادوەرانیان پێبەخشرا، كە بەڕای
زۆر لەهونەرمەندانی بەشداربوو ئەوە جۆرێكە
لەموجامەلە، ئەیوب لهۆنی دەرهێنەری بواری
فیلمسازی گوتی "لەهیچ شوێنێكی دنیادا نییە 4
فیلم خەڵات بكرێن، ئەو جۆرە شتە تەنیا
لەكوردستان هەیە".
منداڵەكەی ناو هۆڵ چی گوت؟
جیاواز لەسەرجەم خەڵاتەكانی دیكەی
فیستیڤاڵەكە، خەڵاتی باشترین ئەكتەری منداڵ بە
تەنیا بەخشرایە یەك منداڵ، كە زۆرینەی
خەڵاتەكانی دیكە 2 یان 3 خەڵات بوون، بەڵام
تەنیا 2 منداڵ بەشداربوون و خەڵاتی باشترین
ئەكتەری منداڵ بەخشرایە كچە ئەكتەری فیلمی
"خونچە" لەدوای خەڵاتەكە "ماریا ئازاد" كە
لەكورتە فیلمی "لەم كاتەدا" رۆڵی بینی چووە
لای منداڵەكەی تر و بەقوڕگی بەگریانەوە
پیرۆزبایی لێی كردو پێیگوت "قەینا تۆ پیرۆزت
بێ، بەڵام وەزارەت پارەی نەبوو شتێكی ئاواش
بداتە من". لەبەرامبەر ئەو قسانەدا زەردەشت
جەلال دەرهێنەری كورتە فیلمی لەم كاتەدا گوتی
"بۆ لیژنەی باڵای فیستیڤاڵ ئاسایی بوو كە بۆ
هەر بوارێك 2-3 خەڵات دابنێن، بەڵام
نەیانتوانی دڵی ئەو دوو منداڵە رابگرێ و
وایكرد بەگریانەوە هۆڵەكە بەجێبێڵن".
"لە دنیادا نییە خەڵات بەهاوبەشی
ببەخشرێتە 4 بەرهەم"
لەكۆتا رۆژی فیستیڤاڵدا بۆ دیاریكردنی باشترین
كورتە فیلم و خەڵاتی رێزلێنانی لیژنەی
دادوەران بەهاوبەشی خەڵات بەخشرایە چوار كورتە
فیلم، كە هونەرمەندانی بەشدار رایان وابوو
ئەمە كارێكی زۆر نامەنتقیەو تەنیا لەو
فیستیڤاڵەدا ئەو جۆرە شتە روویداوە، " لیژنەی
دادوەران لیژنەیەكی سەد لە سەد تەوافوقی بوو،
تەنیا لەم فیستیڤاڵە ئەو شتە روویدا، كە چوار
فیلم یەك خەڵات وەرگرن". ئەیوب لهۆنی وایگوت.
بۆچی گفتوگۆكان رەتكرانەوە؟
هەروەك لەپڕۆگرامی سەرەكی فیستیڤاڵ هاتبوو،
رۆژانە لەتاقی بەیانیاندا گفتوگۆ لەسەر كورتە
فیلمە نمایشكراوەكان دەكرێ، بەڵام ئەم كارە
تەنیا لەرۆژی یەكەم ئەنجامدرا و دواتر
رەتكرایەوە بەهۆكاری "گفتوگۆكان لەرێچكەی
سەرەكی دەردەچن و دەبێتە قسەی بازاڕی". بەڵام
هونەرمەندێكی بەشداری فێستیڤاڵەكە كە نەیویست
ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ (سڤیل) گوتی "ئاستی
فیلمەكان ئەوەندە لاواز بوون، رووی ئەوەیان
نەبوو گفتوگۆیان لەسەر بكرێ".
بەشێك لە فیلمەكان ئاستیان
هی نمایش نەبوو، نەك فێستیڤاڵ
خراپی ئاستی كورتە فیلمە بەشدارەكانی فیستیڤاڵ
زۆر لەبینەران و ئامادەبووانی فیستیڤاڵەكەی
دڵگران كردو رایان وابوو كە ئەو جۆرە كارانە
ئاستی سینەمای كوردی نییەو فیلمەكان زۆر
لاوازن، ئەیوب لهۆنی دەرهێنەر دەڵێ "ئەوەی
بینیمان هەم ئاستی فیلمەكان و هەمیش ئاستی
لیژنەی دادوەران و كۆی فیستیڤاڵەكە لەپلەیەكی
زۆر نزم بوو". ئەندامانی لیژنەی داوەران بریتی
بوون لە "ناسر حەسەن، رزگار عەبدولقادر، د.
كوردستان موكریانی، كەریم دەشتی، دانا كەریم".
ئاستی فیستیڤاڵەكە زۆر نزم بوو
سازكردنی هەر فیستیڤاڵێك تایبەتمەندنی خۆی
هەیەو دەخرێتە بەرباس، ئەگەرچی لەمساڵدا و
بەتەنیا لەماوەی مانگێكدا 5 فیستیڤاڵی
سینەمایی لەكوردستان سازكرا، بەبڕوای
سینەماكاران خراپترین فێستیڤاڵ ئەم فیستیڤاڵە
بووە "زۆر بەداخەوەم كە بەناوێكی گەورە
فیستیڤاڵێكی زۆر كاڵ و كرچیان كرد، زۆریش
بەداخەوە كە كۆمەڵێ فیلمی جوانیان ناشیرین
كردو بەپێچەوانەشەوە".
سینەما دادەخرێ یان نا؟
ئەگەرچی نزیكەی ساڵێكە بڕیاری داخستنی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما دەرچووە، كەچی
تائێستا لەكاركردن بەردەوامە، ناسر حەسەن
بەڕێوەبەری گشتی سینەما رایگەیاند، ئەم
فێستیڤاڵە دوایین چالاكی ئەوان بووەو دواتر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما دادەخرێ،
سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە
(سڤیل)ـی راگەیاند "تاكو 3 مانگی دیكە ئەو
بەڕێوەبەرایەتییە داناخرێ".
|