هاڤین شێتی نان و كەبابی ئەدەنە: ئەگەر وا بڕوات دەبمە بووكی هەولێریان  

 

 

سڤیل: زانا دڵشاد دزەیی

هیوادارم ئەوەی عاشقی نییە ئەمساڵ عاشقی هەبێت

بڕیارمداوە لە 2012 خۆم فێری زمانی عەرەبی و زاراوەی سۆرانی بكەم

هاڤین بە دوو كلیپ لەكوردستانی باشوور خۆی ناساند، پێشتریش بە بەشداریكردنی لەبەرنامەیەكی پێشبڕكێ لەكەناڵی ATVی توركی ناسراوە، لەشاری شتوتگارد لەوڵاتی ئەڵمانیا لەدایكبووە و خوێندنی لەوێ تەواوكردووە، ساڵی پار بەیەكجاری گەڕاونەتەوە توركیا، بۆ بەشداریكردنی لەپرۆگرامێكی كەناڵی زاگرۆس بۆ سەری ساڵ بەسەردانێك هاتە هەولێر و (سڤیل) ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا.

سڤیل: چەند بەرهەمت هەیە؟
هاڤین: لەتەمەنی حەوت ساڵییەوە خەریكی كاری هونەریم، ئامێری ساز دەژەنم، زۆر حەزم لەسازە، دوو ئەلبوومم هەیە، ئەمساڵ سێیەم ئەلبوومی خۆم بڵاودەكەمەوە، ساڵی پار لەبەرنامەیەكی پێشبڕكێی گۆرانیبێژان بەشداریم كرد لەكەناڵی ATV توركی، لەپێنج هەفتەدا هەر بە یەكەم دەردەچووم، هونەرمەند ئیبراهیم تاتلیساس ئەندامی لێژنەی هەڵسەنگاندنی بەرنامەكە بوو، من لەوێدا گۆرانی "شەمامێ"ـم بەكوردی گوت، ئیبراهیم تاتلیساس زۆر سەرسام بوو، نەیتوانی بەس سەیرم بكات، هات گۆرانییەكەی لەگەڵ گوتم.
سڤیل: زوو سەردانی هەولێر دەكەی، بیرت لەوە نەكردۆتەوە گۆرانییەك بەزاراوەی سۆرانی بكەی؟
هاڤین: وەی! حەزدەكەم گۆرانییەك بەسۆرانی بڵێم، بەتایبەت گۆرانیبێژێكی سۆرانی هەبێت پێكەوە گۆرانییەكە بڵێین، چونكە زۆر شێت و شەیدای گۆرانیبێژە سۆرانییەكانم، هەروەها گۆرانییەكانیان، لەو بڕوایەشدام هەردەبێ گۆرانییەك بەسۆرانی بڵێم، گۆرانیگوتن بەسۆرانی هەستێكی جوان لەدڵم دروست دەكات، چونكە شێوەی گوتن و ئەدای گۆرانییە سۆرانییەكان زۆر جوانن، زمان و شێوەی گوتنەكەشی زۆر جوانە، بۆیە لەئێستاوە بڕیامداوە هەرچی زووە خۆم فێری زمانی سۆرانی بكەم، ئەوەی لەگۆرانی سۆرانی سەرنجی راكێشاوم هەڵپەڕكێیەكەیانە، تائێستا لەهیچ شوێنێك هەڵپەڕكێی وام نەبینیوە، تاكە، زۆر سەرنجڕاكێشە.
سڤیل: گۆرانییەكت بەزمانی توركی گوتووە، كە هی ئیبراهیم تاتلیساسە، بۆچی ئەم گۆرانییەت گوتەوە؟
هاڤین: من یەك گۆرانی ئەوم گوتووە، ئەویش گۆرانی "شەمامێ" بەكوردی، لەوكاتەی گۆرانییەكەم گوت ئەو ئەندامی لیژنەی بەرنامەكە بوو، ئیبراهیم تاتلیساس تەحەممولی نەما، هەڵسا لەگەڵ من گۆرانییەكەی گوت، بەڵام بۆ وەڵامی پرسیارەكەت لەبەرئەوەی ئیبراهیم گۆرانیبێژێكی گەورەیە و ئیمپراتۆرە ئاساییە هەموو گۆرانییەكانی بڵێمەوە، لەگۆرانییەكانی ئەودا خۆشی وەردەگرم.
سڤیل: ئەی پەیوەندی هاوڕێیەتیت لەگەڵیدا چۆنە؟
هاڤین: پەیوەندییەكە بەمشێوەیە نییە، بەڵام ئینسانێكی زۆر باشە، بەتایبەت لەوكاتەی ئەو لیژنە بوو زۆر هاوكاری ئێمەی دەكرد، ئەوە بۆمن زۆر گرنگ بوو، لەكاتی رووداوەكەشدا كە بریندار كرا من لەنەخۆشخانە سەردانم كرد، بەڵام لەبەر قەرەباڵغی نەمتوانی بیبینم، لەدوای رووداوەكەش تائێستا نەمبینیوەتەوە.
سڤیل: زۆربەی گۆرانییەكانت دڵدارییە، خۆت ئەڤینداری؟
هاڤین: ئێستا من تەمەنم 19 ساڵە، لەكاتی هەرزەكاریمدا كاتێك لەقوتابخانە بووم عاشق بووم، لەو تەمەنەدا هەموو كەسێك عاشق دەبێت ئاساییە، بەڵام نەمتوانی ئەو عەشقە بگرم، بەڵام تائێستا بەتەواوەتی عاشق نەبوومە.
سڤیل: رات لەسەر كەناڵی TRT6 چییە؟
هاڤین: كەناڵێكی دەوڵەتییە، رێزم بۆ ئەو كەناڵە هەیە، كەناڵی هەموومانە، هەر ئیشێكیان بەمن بێت بۆیان جێبەجێ دەكەم، ئەگەر بانگیشم بكەن ئامادەم بچم.
سڤیل: لەكلیپەكەت جلی بووكێنیت لەبەركردووە، ئەگەر خوازبێنیت هات شوو دەكەی؟
هاڤین: بە"پێكەنینەوە" ئەگەر ئەوا بڕوا رەنگە من لەهەولێر مێرد بكەم، ئینسان دەبێت بڕوای بە هەموو شتێك هەبێ و هەموو شتێك روودەدات، كێ ناڵێ من لەهەولێر مێرد ناكەم، بچە هەر شوێنێك خوازبێنیم دێت، كێ ناڵێ دەبمە بووكی هەولێر، ئەوە قسمەتە، كچ هەردەبێ شوو بكات، بەڵام من تاقانەم لەماڵەوە زۆر خۆشەویستم وازوو دەستبەردارم نابن.
سڤیل: ئەگەر كەسێكی تورك بێتە خوازبێنی شووی پێدەكەی؟
هاڤین: بەمجۆرە بیرناكەمەوە، تورك بێت یان كورد، یەكەم شتی گرنگ، ئینسانی باش بێت، ئەوەی دڵی من بدزێت ئەوە لای من گرنگە.
سڤیل: بڕیاربوو لەكەناڵ چوار بەرنامە پێشكەش بكەی، بۆ نەكرا؟
هاڤین: هیچكات وانەبووە من لەو كەناڵە كاری پێشكەشكاری بكەم، داواشم لێنەكراوە بۆ پێشكەشكاری تەنیا رێكلامم بۆ كۆمپانیایەك كرد بۆ بەرنامەكە، ئیتر نازانم بۆ بەرنامەكە نەكرا، ئێستا لەئێوە بزانم بەرنامەكە نەكراوە.
سڤیل: حەزدەكەی پێشكەشكاری بكەی؟
هاڤین: بەڵێ زۆرم پێخۆشە، بەڵام لەبەرئەوەی لەوڵاتی ئەڵمانیا لەدایكبووم و گەورە بووم زمانی كوردی بەباشی نازانم، لەئێستادا خۆم فێری عەرەبی و زاراوەی سۆرانی دەكەم، ئەوكات ئامادە دەبم بۆ پێشكەشكاری.
سڤیل: ئاواتت لە 2012 چییە؟
هاڤین: هیوادارم ببێتە خۆشی بۆ هەموو لایەك و ساڵی لەشساغی و هێمنی بێت، ئەوەی عەشقی نەبێت هیوادارم ئەمساڵ عەشقی هەبێت، لەمساڵەشدا بەنیازم ئەلبوومێكی نوێ بڵاوبكەمەوە، هیوادارم ئەمساڵ سەركەوتن تۆمار بكەم.
سڤیل: دەڵێن زۆر حەزت لەنان و كەبابە؟
هاڤین: راستە زۆر حەزم لەكەبابە، بەتایبەت كەبابی شاری ئەدەنە، چونكە تیژە، بەكورتی هەرشتێك تیژ بێت حەزم لێیە.
سڤیل: هەركاتێك تۆم بینیوە پێدەكەنی، چ كاتێك توڕە دەبی؟
هاڤین: من كەسێكی زۆر هێمنم، زۆریش بەسەبرم، بەڵام ئەگەر كەسێك هەڵەم لەگەڵ بكات و دووبارەی بكاتەوە هەڵدەچم، بەرامبەرەكەم عاجز دەكەم، بەڵام پاش كەمێكی تر دەچم داوای لێبوردنی لێدەكەم و دڵی دەدەمەوە.
سڤیل: هەولێر و توركیا و ئەڵمانیات بینیوە، كامەیان خۆشترە؟
هاڤین: قەت نەمدەزانی هەولێر ئەوەندە خۆش و جوانە، زۆر سوپاسی بەرپرسانی هەرێم دەكەم، ئەو وڵاتە وا بەجوانی بەڕێوە دەبەن، زۆر شتی جوانیان بۆ هەولێر كردووە، ئەوەی هەولێر ببینێ بۆی دەردەكەوێت، ئەوە پایتەختی وڵاتێكە كە كوردستانە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com