ئەلین: دوێتێكم ئامادەیە بۆ جەماوەری خۆم دەیكەمە سورپرایز ... سۆرانییەكان پارچەیەكن لە خوێن و گیانی من  

 

 

سڤیل:

سۆرانییەكان پارچەیەكن لە خوێن و گیانی من


ئەلین وەك ژنە گۆرانیبێژێكی كورد رەنگە ناوبانگی زۆر نەبێت، بەڵام بە چەندین شێواز لە بواری گۆرانی كاری كردووە، دواجاریش چەند كلیپێكی بڵاوكردەوە، كە بەلای رەخنەگرانی هونەرەوە بە كاری سەركەوتوو لەقەڵەم درا. ئەلین بۆ (سڤیل)ئەوە ئاشكرا دەكات، كە سورپرایزێكی بۆ گەلی كورد و جەماوەرەكەی هەیە، لەو نزیكانە بڵاو دەبێتەوە.
گۆرانی "من دخازم" دواكاری ئەلینە كە پێشتر ئەو گۆرانییە لەلایەن هونەرمەندی كۆچكردوو ئەیاز زاخۆیی گوتراوە، ئەلین بە شێوازێكی نوێ ئەو گۆرانییەی دووبارە كردۆتەوە و كلیپی بۆ كردووە. ئەلین زیاتر لە 17ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت، ئەو خاتوونە هونەرمەندە هەردەم پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە "هونەر ویژدانی گەلە"، ئەو باوەڕەشی لەوە سەرچاوەی گرتووە، وەك خۆی دەڵێ "من لە ژێر كاریگەری بیركردنەوەی خانەوادەكەمم، من لە خێزانێكی كوردپەروەر و سیاسی گەورە بووم، ئێستاش من هەر ئەو بۆچوونانەم هەیە". ئەلین بۆ (سڤیل) زیاتر باسی لە ژیانی خۆی كرد و گوتی "من خوێندنی زانكۆم تەواو كردووە، بەشی دەرمانسازیم خوێندووە، دواتریش لە ئەنیستیتۆی مۆسیقا خوێندوومە".
هەرچەندە ئەو زیاتر كار لەسەر گۆرانییە كلاسیكیەكانی كورد دەكات، بەڵام لەبارەی گۆرانی نوێ كوردییشەوە ئەلین پێیوایە گۆرانی كوردی بە شێوەیەكی ئەكادیمی و پڕۆفیشنال بەرەو پێشچووە، زۆربەی ئەو گۆرانیانەی ئەلین دەیانڵێ خەمێك لەخۆدەگرن، ئەو بێ ئەوەی ناوەڕۆكی رووداوەكە باس بكات، لە چەندین دیمانەدا باسی ئەوەی كردووە، كە لە ژیانیدا كارەساتێكی بەسەر هاتووە، بەڵام ئامادە نییە باسی ئەو كارەساتە بكات.
ئەگەرچی ئەلین لەو راگەیاندنانەی بە سۆرانی پەخش دەكرێن كەم دەردەكەوێت، بەڵام خۆی باس لەوە دەكات، كە تا ئێستا لە چەندین ماڵپەر و تیڤی لە ئەوروپا بە چەندین زمان هەڤپەیڤینی لەگەڵدا ئەنجام دراوە.
یەكەم كلیپی ئەلین لەگەڵ خەیرۆ عەباس بوو، كە چەند ساڵێك لەمەوبەر بوو، بەڵام مێژووی هونەریی ئەلین ئەوەندە نییە، خۆی بۆ (سڤیل) باسی لە مێژووی خۆی كرد و گوتی "من لە تەمەنی 8 ساڵییەوە گۆرانییم گوتوە، بەڵام لە 18 ساڵی بە شێوەیەكی رێكوپێك دەستم بەكاری هونەریی كرد، راستە یەكەم كاری كلیپم لە دوێتێك بوو لەگەڵ خەیرۆ عەباس، بەڵام 10ساڵ بەر لەو مێژووە من گۆرانییم گوتووە".
ئەلین یەكێكە لەو خانمە هونەرمەندانەی بایەخێكی تەواو بە رۆشنبیركردنی خۆی دەدات و چەندین زمان دەزانێت، لەوانە زمانی عەرەبی و روسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی، چەندین كاری هونەریشی بەو زمانانە كردووە، ئەو تەنها بە كوردی دوێتی لەگەڵ هەر یەكە لە هونەرمەندانی كورد كاوە و خەیرۆ نەكردووە، بەڵكو كاری گرنگتری بە زمانی بیانی كردووە، ئەلین لە قسەكانی بۆ (سڤیل) باسی لە زانینی زمانەكانی تر كرد و وتی "من دوێتم بە زمانی كوردی و ئەڵمانی و ئینگلیزی كردووە، بۆ نموونە دوێتی وڵات بە كوردی و ئینگلیزی كراوە، دوێتێكی نوێم هەیە و ئامادەیە وەك سەپرایز بۆ جەماوەری خۆم دەیكەمە دیاری".
جیا لەو زمانانەی باسیكرد، ئەلین یەكێك لە كلیپە جوانەكانی ئەوەیە، كە بۆ گۆرانیەكی سریانی دروستی كردووە و بە سریانی گۆرانی دەڵێت، ئەمەش وا دەكات ئەلین بە تاكە ئافرەتێكی كورد دابنرێت، كە بە سریانی گۆرانی گوتبێت. ئەلین لە قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد، كە چەندین كاری هونەریی بە شێوەزاری سۆرانی كردووە، ئەلین گوتی "من وەك ژنێكی كرمانجی، گۆرانیم بە سۆرانی گوتووە، كلیپیشم بە زمانی سۆرانی ئامادەیە پێشكەشی كوردی سۆرانی خۆمانی دەكەم، كوردی سۆرانی پارچەك لە خوێن و گیانی منن، هەوڵدەدەم بەردەوام گۆرانی بە سۆرانی بڵێم".
ساڵی رابردوو ئەلین لە كوردستان چوار كونسێرتی ئەنجام دا، یەكێك لە زاخۆ و ئەوانی تر لە دهۆك و ئاكرێ و هەولێر بوو، ئەلین بۆ (سڤیل) ئەوەی ئاشكراكرد، كە لە ساڵی نوێدا بەرنامەی سازكردنی ئاهەنگی لە كوردستان هەیە و وتی "بۆ ساڵی نوێ بەرنامەیەكم هەیە، دەمەوێت چەند ئاهەنگێكی تازە لە كوردستان ئەنجام بدەم".
ئەلین باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ هونەرەكانی تر دەكات و بە دووری نازانێت لە داهاتوودا لە بواری سینەما و نواندندا كار بكات، وتی "لە راستیدا شانۆ و سینەما ئارەزووی منە و زۆر گرنگیان پێدەدم، لەوانەیە لە داهاتوودا لەو بوارەشدا خزمەت بكەم".
 

 

 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com