|
سڤیل:
هەژار مەموزینی
لەبەرئەوەی لێم قەدەغە كراوە بگەڕێمەوە شاری
باب و باپیرانم بە یەكجاری لە كوردستان دەژیم
گۆرانیبێژ كاوە لەگوندی پاڵاسی شاری موشی
باكوری كوردستان لەدایكبووە و ساڵی 1987
لەتەمەنی 15 ساڵییەوە دەستی بەگۆرانیگوتن
كردووە، بەڵام بەهۆی قەدەغەكردنی زمانی كوردی
و زیندانیكردنی بۆماوەی دوو ساڵ و نیو لەلایەن
دەوڵەتی توركیاوە، ساڵی 1995 چووە فەرەنسا و
ساڵی 2001 یەكەمین ئەلبومی خۆی بڵاوكردەوە،
ئێستا خاوەن 5 ئەلبوومە و لەچەند فیلم و كورتە
فیلمێك وەك ئەكتەر بەشداری كردووە. كاوە بۆ
سەری ساڵ هاتە هەولێر و لەگەڵ چەند
هونەرمەندێك لەشارەكانی لەشارەكانی (هەولێر،
كەلار، گەرمیان، دهۆك، سلێمانی) كۆنسێرتیان بۆ
لێقەوماوانی شاری وان سازكرد و (سڤیل) ئەم
چاوپێكەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا.
سڤیل: سەردانی ئەمجارەت بۆ كوردستان بەچ
مەبەستێك بوو؟
كاوە: ئەمجارە لە (كەلار، دهۆك، گەرمیان،
هەولێر، سلێمانی). كۆنسێرتمان سازكرد، كە
داهاتەكەشی بۆ لێقەوماوانی رووداوەكەی وان
بوو، هونەرمەند دەبێت لەشین و شایی لەگەڵ
گەلەكەیدا بێت، ئەگەر هونەرمەند تەنیا گۆرانی
گوت و لەئێش و ئازاری خەڵكەكەی خۆی
دووركەوێتەوە، نابێت پێی بگوترێ هونەرمەند،
چونكە پێویستە هونەرمەند كارەكانی بۆ
خزمەتكردنی خەڵكەكەی تەرخان بكات.
سڤیل: كۆنسێرتەكان چۆن بەڕێوەچوو؟
كاوە: ژمارەیەكی زۆر خەڵك هاتن بۆ
كۆنسێرتەكان، بەڵام یەكەمین كۆنسێرتمان
لەكەلار لەدوا كاتژمێردا كە هۆڵی كۆنسێرتەكە
بەرلە 14 رۆژ گیرابوو، لەلایەن قایمقامی
كەلارەوە قەدەغەكرا، ئێمەش ناچاربووین
لەدەرەوەی هۆتێلەكە كۆنسێرتمان بەشێوەیەكی زۆر
باش بەڕێوەبرد، بۆیە شتێكی زۆر بێمانا بوو
لەدواین كاتژمێردا هۆڵی كۆنسێرتیان قەدەغەكرد،
كە كۆمەڵێك هونەرمەند بەشداری كۆنسێرتەكە
بوون.
سڤیل: هۆیەكی چی بوو؟
كاوە: بەداخەوە خۆ كۆنسێرتێكی سیاسی نەبوو،
كەچی قەدەغەی هۆڵەكەیان لێكردین، بۆیە لەگەڵ
قایمقام كۆبووینەوە، كۆنسێرتەكەیان خستە
چوارچێوەی كێشەی سیاسی، ئەوە مانای ئەوەیە
لێرە ئاڵای كوردستان دەهەژێ، بەڵام مێشكی كورد
رزگار نەبووە، لەبەرئەوەی هەمیشە لەتوركیا
رووبەرووی قەدەغە دەبینەوە، كەچی جارێكیش
كۆنسێرت رانەوەستراوە، بۆیە تاوەكو مافی مرۆڤ
و پڕۆسەی دیموكراتی لەكوردستانی باشوور
پێشنەكەوێت، چۆن داوای ئازادی دەكەن؟!
سڤیل: ئەلبوومەكانی تۆ زیاتر لەكوێ دەفرۆشرێت؟
كاوە: بەگشتی لەبەر ئینتەرنێت و كۆپیكردن
قازانجی بەرهەمەكانی هونەرمەندان زۆركەم
بۆتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئەلبوومەكانی من
لەزۆرێك هونەرمەندانی ناودار زیاتر دەفرۆشرێت،
بەتایبەت لەئەوروپا و كوردستانی باكوور، بەڵام
لەباشوور بەرهەمەكانم زۆر كۆپی دەكرێت.
سڤیل: بۆچی دوای بینینی رۆڵی (كاوەی ئاسنگەر)
لەشانۆ دووركەوتیەوە؟
كاوە: ئەوكاتە لەبەندیخانە شانۆمان پێشكەش
دەكرد، چونكە لەسەر گوتنی زمانی كوردی دوو ساڵ
و نیو بەندكرام، دوای ئەوەی ئازادكرام، ژیانم
لەتوركیا نەما، چونكە نەمدەتوانی بەردەوامی
بەكارە هونەرییەكانم بدەم، بۆیە ساڵی 1995
چووم بۆ فەرەنسا بۆئەوەی برەو بەهونەر بدەم.
سڤیل: ئەگەر لەداهاتوودا بۆ پڕۆژەیەكی دیكەی
فیلم داوات لێبكرێ بەشداری دەكەی؟
كاوە: دەتوانم، بەڵام بیرم لێنەكردۆتەوە،
چونكە بۆ من گۆرانیبێژیی لەسەرووی هەمووانە،
بۆیە زۆر پڕۆژەی ئەكتەری هاتەپێشم، كە بەشداری
لەكورتە فیلم و فیلمی سینەمایی بكەم، بەڵام
لەبەرئەوەی كورد لەرووی فیلم و سینەماوە
پێشنەكەوتووە، نەمویستووە بەشداری بكەم، بۆیە
میوزیكم كردۆتە كاری سەرەكیم.
سڤیل: زۆر تێكستی گۆرانییەكانت خۆت دەینووسی،
هاوكاری گۆرانیبێژانی ترت كردووە؟
كاوە: زۆر تێكست و میوزیكی گۆرانیم پێشكەش
بەهونەرمەندان كردووە، لەوانەش (ئالین، سیپان
خەلات، جانێ، ئوندەر دینیز، گوڵێ، زۆزان،
ئامەر). زۆری تریش، بۆیە بۆمن شەرەفێكی
گەورەیە هاوكاری هونەرمەندانی كورد بكەم،
هەروەها زۆر هونەرمەند هاریكاری منیان كردووە.
سڤیل: ئەی چۆن بوو لەبەرهەمەكەی ساڵی 2010 دوو
گۆرانیت بەستایلی راپ گوت؟
كاوە: ئەوە تەجروبەیەك بوو، لەبەرخاتری
گەنجەكان راپم كرد، چونكە ستایلەكەی من زیاتر
گەنجان گوێی لێدەگرن.
سڤیل: دەتەوێت لەباشووری كوردستان بژیت؟
كاوە: لەبەرئەوەی ناتوانم بگەڕێمەوە شوێنی باو
باپیرانم لەباكووری كوردستان و بۆ من
قەدەغەیە، بۆیە نامەوێت لە ئەوروپا رزی و پیر
بم، لەبەرنامەم دایە بەیەكجاری بێم لەباشووری
كوردستان بژیم، چونكە وڵاتی خۆمانە.
سڤیل: بەچەند شێوەزار گۆرانیت گوتووە؟
كاوە: بە كرمانجی و سۆرانی و زازاكی گۆرانیم
گوتووە، هەروەها زمانی فەرەنسی دەزانم، بەڵام
گۆرانیم پێنەگوتووە.
سڤیل: لەبەرچی كاوە سەرەرای ئەوەی زوو دەستی
بەكاری هونەری كردووە، بەڵام زوو بەرهەمی
بڵاونەكردۆتەوە؟
كاوە: لەرەوشی قەدەغەكردندا دەستم بەكاری
هونەری كرد، ئەوەبوو ئەشكەنجەدراین و خراینە
بەندیخانە، بۆیە لەكاتی جۆش و خرۆشی هونەرەوە
دەوڵەتی تورك رێگری لێكردم، لەبەر ئەم هۆیانە
نەمتوانی ئەلبووم پێشكەش بكەم.
سڤیل: خۆشەویستیت كردووە؟
كاوە: بەڵێ وەكو هەركەسێك منیش خۆشەویستیم
كردووە، بەڵام بەئامانجی خۆشەویستەكەم
نەگەیشتم، بەهۆی ئاڵۆزی عەشیرەتی و ماڵباتی،
بەڵام ئەگەر ئەو ئەڤینە سەری بگرتبایە بۆی
هەبوو نەبووبام بەهونەرمەند.
سڤیل: لەكاتێكدا دەبوایە كۆنسێرت و شایی و
بەرنامەی تەلەفزیۆنی هونەری سەری ساڵ وەكو
رێزگرتنێك بۆ رووداوی شەرناخ راگیرابا، بەڵام
زۆر كۆنسێرت و بەرنامەی سەری ساڵ
لەتەلەفزیۆنەكانەوە بەڕێوەچوو، ئیوە چ
هەلویستیكتان لەبەرامبەر ئەمەدا هەیە؟
كاوە: ئەو هونەرمەندانەی بەشداری بەرنامە و
كۆنسێرتی سەری ساڵی نوێیان كردووە، دوورن
لەكۆمەڵگا، هونەرمەندی خەمخۆری كورد نین و
تەنیا گۆرانیبێژی بەرژەوەندی خۆیانن، دەبێت
هیچ كاتێك بەخۆیان نەڵێن هونەرمەندی نەتەوەی
كوردین.
سڤیل: وابزانم رااتگەیاندووە حەزناكەی
گۆرانییەكانت لەكەناڵی TRT6 پەخش بكرێ، بەڵام
بۆچی تائێستا گۆرانییەكانت لەو كەناڵە هەر
پەخش دەكرێ؟
كاوە: لەكاتێكدا بۆ ماوەی 16 ساڵە لەدووری
وڵات دەژیم، لەسەر گوتنی گۆرانی بەزمانی كوردی
بەندكرام، ئەمڕۆش كەناڵی TRT6 و ئەم كەناڵانەی
لەدوای TRT6 كرانەوە كلیپەكانم پەخش دەكەن،
زۆرجار بەرەسمی ئەم كەناڵانەم ئاگاداركردۆتەوە
كلیپەكانم پەخش نەكەن، بەڵام هەر پەخشی دەكەن،
من لەوە نیگەرانم.
سڤیل: رەوشی كۆنسێرت لەباشوور یا باكوور باشتر
دەبینی؟
كاوە: تائێستا خەڵكی كوردستانی باشوور فێری
كەلتوری كۆنسێرتگیڕان نەبوونە، بۆیە باكوور
زۆر جیاوازە لەگەڵ باشوور، زیاتر خەڵكی باكوور
حەز بە كۆنسێرت دەكەن، بەڵام خەڵكی باشوور حەز
بە شایی و هەڵپەڕكێ دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا
لەرووی ستایل و مۆسیقاوە رۆژ دوای رۆژ گۆرانی
و مۆسیقای باكوور كاریگەری زیاتر دەبێت بەسەر
گۆرانیبێژەكانی باشوور.
|