|
سڤیل:
زانا دڵشاد دزەیی
هەر كە پێبنێیتە بازاڕی ئیسكان لەهەولێر،
یەكەم شت گوێبیستی دەنگی ئوم كەلسوم دەبیت،
چەندین وێنەی ئوم كەلسوم لەكاتی گۆرانیگوتن و
دانیشتنە تایبەتییەكانی تێدا هەڵواسراوە، ئوم
كەلسوم كە نازناوەی هونەریی هەسارەی رۆژهەلات
بوو، لەچەندین شوێن ناوی بۆ گازینۆ و
چایخانەكان بەكارهاتووە، لەهەولێریش بەهەمان
ناو گازینۆ هەیە، كە هونەرمەندان و وەرزشوانان
شەوانە لێی كۆدەبنەوە، جارجارەش كەسایەتییە
سیاسییەكان دێن، ئەوێ "قاوەخانەی ئوم
كەلسوم"ە. میوانە عەرەبەكانی بەغدا و موسڵ
دەڵێن "كە لەقاوەخانەی ئوم كەلسوم دادەنیشین
هەست دەكەین لەشارەكەی خۆمانین". خاوەنی
چایخانەكە دەڵێت "لەبەغدا و موسڵ چایخانەی ئوم
كەلسوم هەیە، بۆیە حەزمكرد لەهەولێریش هەبێت".
عەبدوڵڵا مەحموود تەمەن 50 ساڵ، راهێنەری
پێشووی یانەی بروسك زۆربەی شەوان دێتە
چایخانەی ئوم كەلسوم و لەوێ لەگەڵ هاوڕێیە
وەرزشوانەكانی كۆدەبێتەوە. عەبدوڵڵا دەڵێت
"هەموو شەوێك دێم بۆ چایخانەی ئوم كەلسوم،
تەنیا لەبەرئەوەی لەگەڵ گۆرانیەكانی ئوم
كەلسوم یادگاریمان هەیە". ئەو راهێنەرە تەنیا
چایخانەی ئوم كەلسومەكەی هەولێری نەبینیووە،
بەڵكو چایخانەی ئوم كەلسومی بەغدادیشی بینیووە
و لەوێشەوە ئاشنایەتی لەگەڵ گۆرانییەكانی ئوم
كەلسوم دروستكردووەو دەڵێت "نزیكەی 40 ساڵ پێش
ئێستا برایەكم لەبەغدا دەیخوێند، عەشقی ئوم
كەلسوم بوو، كە دەچووم بۆ سەردانی براكەم
لەبەغدا هەمووجارێك لەگازینۆی ئوم كەلسوم
یەكترمان دەبینی، لەوێوە عەشقی ئوم كەلسوم
بووم".
موشتەرییەكانی چایخانەی ئوم كەلسوم لەپێنج
ستاف پێكهاتوون "وەرزشوانان، هونەرمەندان،
كەسایەتییە سیاسییەكان، گەنجان، پارێزەران".
هەریەك لەوانە لەچەند كەسێك پێكهاتوون و
لەكاتی دیاریكراو لەچایخانەكە كۆدەبنەوە،
سەرەتای ئێواران هونەرمەندان و گەنجان
بەتایبەت قوتابیانی پەیمانگای هونەرەجوانەكان
و وەرزشی، پاشان وەرزشوانان، دواتر پارێزەران،
رۆژی وا هەیە هەموو ستافەكان پێكەوە
لەچایخانەكە كۆدەبنەوە، ئەوە قەرەباڵغترین
رۆژی چایخانەكەیە. میوانانی عەرەب بەردەرگای
چایخانەكەیان پێخۆشە، چونكە لەوێدا زۆرتر
گوێبیستی گۆرانییەكانی ئوم كەلسوم دەبن و
نێرگەلە و قاوەیەكی عەرەبی تاڵ داوا دەكەن،
چایخانەكە تا كاتژمێر 2ی دوای نیوەشەو جمەی
دێت.
عەبدوڵڵا مەحموود دەڵێت "ئێمە كۆمەڵە
وەرزشوانێكین رۆژانە لەچایخانەی ئوم كەلسوم
یەكتر دەبینین، پێش ئێمەش كۆمەڵە هونەرمەندێك
دێن، دوای ئەویش كۆمەڵە كەسێك دێن بۆ
نێرگەلەكێشان كە گەنجەكانن، هەر سەعاتێك
كۆمەڵە كەسێك دێن".
داروین ئەحمەدی، تەمەن 23 ساڵ، گەنجێكی
شانۆكارە بەهۆی ئیشوكاری هونەری زوو زوو دێتە
هەولێر و وەك خۆشی باسی دەكات هەر جارێك بێتە
ئیسكان سەرەتا چایەك لەچایخانەكەی ئوم كەلسوم
دەخواتەوە، هەر لەوێش مەوعید دەداتە
هاوڕێكانی. داروین دەڵێت "كە لەچایخانەی ئوم
كەلسوم دادەنیشم دڵم دەكرێتەوە، شوێنێكی زۆر
شەعبی و خۆشە، ئەوە جوانییەكە بۆ شاری هەولێر،
لەسلێمانیش چایخانەی شەعب هەیە، هونەرمەندان و
رۆشنبیران لێی كۆدەبنەوە، بەڵام پێم خۆشە
لەسلێمانی چایخانەیەك بەناوی مەرزییە فەریقی
هەبووایە، لەداهاتوودا ئەوە یەكێكە
لەپڕۆژەكانم".
ساڵی 2011 چایخانەی ئوم كەلسوم دامەزراوە،
خاڵە شاهین خاوەن قاوەخانەی ئوم كەلسوم، باس
لەهۆكاری دامەزراندنی چایخانەكەی بەو ناوە
دەكات و دەڵێت "هەر لەسەرەتای گەنجیم موعجەب
بووم بە ئوم كەلسوم، چونكە دیراسەی خوێندنمان
عەرەبی بوو، زۆر بەباشی لەگۆرانییەكانی
تێدەگەیشتم، هەر گۆرانییەكی ئەو چیرۆكێكی
تێدایە، هەركەسێك لێی تێبگات خەیاڵ دەیباتەوە
بۆ دنیایەكی تر، ئاواز و شیعرەكانی لەوپەری
بەهێزیدان، دەنگخۆشییەكەی تاكە، هەروەها ژنێكی
رۆشنبیر و نموونەی ئەخلاقی بەرز بوو". خاڵە
شاهین دەشڵێت "لەبەغدا و موسڵ چایخانەی ئوم
كەلسوم هەیە، حەزمكرد لەهەولێریش هەبێت،
ساڵێكە چایخانەكەم دامەزراندووە، بەڵام ئێستاش
زۆرترین كەس روو لەچایخانەكەم دەكات، بەتایبەت
عەرەبەكانی بەغدا و موسڵ، كاتێك دەڕۆن پارەكە
دەدەن پێمدەڵێن دەستخۆش، واهەست دەكەین
لەشارەكەی خۆمانین". ناوبراو دەڵێ ئەگەر منیش
بمرم داوامكردووە ئەم چایخانە هەر بمێنێ، "ئوم
كەلسوم شووی نەدەكرد، لەبەر قسەی خەڵك
شوویكرد، ئەوەندە كەسایەتی بەرز بووە".
لەچایخانەكە چەندین وێنەی دانسقە و نایابی ئوم
كەلسوم هەڵواسراوە، كە لەكاتی كۆنسێرت و
دانیشتنە تایبەتییەكانی گیراوە، ئەم وێنانە
لەهیچ شوێنێكی دیكە نییە، نزیكەی 15 وێنە
دەبێت، ئەوە وایكردووە لەچایخانەیەكی ئاسایی
نەچێت، وەك زیاتر لەهۆڵێكی هونەریی دەچێت،
لەوبارەیەوە خاڵە شاهین دەڵێت "برادەری زۆر
باشم هەیە، بەتایبەت ئەوانەی لەچینی رۆشنبیر و
هونەرمەندانن، زۆربەی وێنەكان ئەوان بەدیاری
بۆم دێنن، جگە لەوێنە، لەمیسر و سوریا سێدی
گۆرانییەكانی ئوم كەلسومم بۆ دێنن". خاڵە
شاهین چەند جارێك ویستوویەتی سەردانی میسر
بكات، بەڵام بۆی رێكنەكەوتووە، ئەمساڵ بەنیازە
بچێتە میسر وێنەیەكی نایاب ببینێتەوەو
دیارییەكیش بەناوی كورد بداتە ئوم كەلسوم،
"دەچم بۆ سەر گۆڕەكەی ئوم كەلسوم و وێنەیەكی
گۆڕەكەی دەگرم لەچایخانەكەم هەڵیدەواسم،
بەناوی هەموو كورد گوڵێك لەسەر گۆڕەكەی
دادەنێم".
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەچایخانەكەی خاڵە شاهین
هیچ جۆرە یارییەكی وەك دۆمینە و تاوڵەی تێدا
ناكرێ، كەچی یەكێكە لەچایخانە قەرەباڵغەكانی
هەولێر، خاڵە شاهین بۆ ئەوە دەڵێت "نامەوێ ئوم
كەلسوم گۆرانی بڵێت خەڵك یاری بكات، ئەو
قاوەخانەیەم كردۆتەوە بۆئەوەی سەرنجی خەڵك بۆ
ئوم كەلسوم راكێشم". خاڵە شاهین خاوەن
چایخانەكە ئاماژە بەوە دەدات لەبەرئەوەی
گەنجانی ئەمڕۆ زۆر باش لەزمانی عەرەبی
تێناگەن، ئەو بەرنامەیەكی وایداناوە بۆ ئەوەی
گەنجەكان لەگۆرانییەكانی ئوم كەلسوم تێبگەن،
باسی بەرنامەكە دەكات و دەڵێت "هەر ماوەیەك سێ
گۆرانی زۆر دووبارە دەكەمەوە، بۆئەوەی تەواو
وشەكان لەبەر بكەن و فێری بن، بەتایبەت ئێستا
گەنجەكان زۆر باش لەگۆرانی (انت عمری) و (بعید
عنك) تێدەگەن و لەگۆرانییەكانی تر تێناگەن،
وایلێهاتووە گەنجەكان پرسیارم لێدەكەن ئەو
گۆرانییە باسی چی دەكات و ئاوازدانەر و
شاعیرەكانی كێن، ناوی ئەسڵی و ساڵی لەدایكبوون
و مردنی ئوم كەلسومم لێدەپرسن".
هەڤاڵ غازی 13 ساڵە چایچیە و لەزۆربەی
چایخاكان ئیشی كردووە، ئێستا سەرپەرشتی
چایخانەی ئوم كەلسومە، دەڵێت "چایخانەی ئوم
كەلسوم لەهەموویان خۆشتر و دڵكراوەترە، ئەو
خەڵكەی دێت دیار و رۆشنبیرن، لەجێگایەكی
هونەری خۆش دەچێت، بۆیە نە من و
نەموشتەریەكانیش قەت لێی بێزار نابین".
جاسم عەبدوڵڵا، تەمەن 31 ساڵ، خەڵكی موسڵە و
دوو ساڵە لەسەمونخانەیەكی هەولێر ئیش دەكات
دەڵێت "هەموو شەوێك دوو سەعات لەچایخانەی ئوم
كەلسوم دەمێنمەوە، نێرگەلەكەی خۆش نییە، بەڵام
شوێنێكی نایابە، لەچایخانەكەی خۆمان دەچێت،
دوای ماندووبوونی رۆژانەم لێرە دەحەسێمەوە".
خاڵە شاهین خاوەن چایخانەكە دەڵێت "زۆرجار
سەیرم كردووە ئەوەی دێتە ئیسكان گوێبیستی
دەنگی ئوم كەلسوم دەبێت، ئەگەر نەیەتە
چایخانەكەش رادەوستێ، سەیری چایخانەكە دەكات
ئینجا دەڕوات".
|