|
سڤیل:
د. رائد ئەلعەزاوی- ئەلقاهیرە، تایبەت بە سڤیل
عادل ئیمام و مەحمود عەبدولعەزیز دوو ئەستێرەی
گەورەن، كەس ناتوانێت كێبڕكێیان لەگەڵ بكات،
تەنانەت منیش
هەوڵم داوە فیلمێك وەك دیاری پێشكەش بە
سینەمای كوردی بكەم، بەڵام كەسم دەست
نەكەوتووە باسی رۆڵی سینەمام لە كوردستان بۆ
بكات
بەرێكەوت لەئاهەنگی لەدایكبوونی (ئیلهام
شاهین) ئامادەبووین، كە تەنیا چەند كەسایەتیەك
و رۆژنامەنوسێك بانگێشت كرابوون. رۆژی
لەدایكبوونی رێكەوتی 3ی مانگی كانوونی دووەمە،
بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی بەوێنەگرتنی زنجیرەی
(قچیە معالی الوزیرە) كە بڕیارە لەمانگی
رەمەزانی داهاتوودا پێشكەش بكرێت، ئاهەنگی
لەدایكبوونەكەی لەڕۆژی 10ی هەمان مانگدا گێڕا.
لەو دەرفەتەدا (سڤیل) دیمانەیەكی لەگەڵ خانمە
هونەرمەندی میسری (ئیلهام شاهین) سازكرد.
سڤیل: سەرەتا هەموو ساڵێكت بەخۆشی بێت و
بەناوی خوێنەرانی سڤیلەوە هیوای خێر و خۆشیت
بۆ دەخوازین.
ئیلهام شاهین: زۆر سوپاس، هەموو ساڵێكی گەلی
كوردستانیش هەزار جار بە خێر و خۆشی بێت و
ئومێدی هەموو خێر و خۆشیەك بۆ خوێنەرانی
گۆڤارەكەتان دەخوازم.
سڤیل: لەئاستی هونەری و بارودۆخی ناوچەكەدا
چۆن دەڕوانیتە ساڵی رابردوو؟
ئیلهام شاهین: ساڵی 2011 لەسەختترینی ئەو
ساڵانە بوو، كە بەسەر خەڵكی میسردا تێپەڕ بوو،
بەتایبەت لە بواری هونەریدا، بەهۆی ئەوەی وڵات
كەوتبووە نێو گێژاوێكی توندوتیژی بێ
كۆتاییەوە، بەجۆرێك میسر كەوتبووە سەر رێی
چارەنوسێكی مەترسیدارەوە، لەگەڵ خۆشیدا هەموو
لایەنەكانی ژیانی وەستاندبوو، بەتایبەت لایەنی
ئابووریی، كە دووچاری قەیرانی سەختی
كردبووەوە، بەتایبەت بۆرسەكان، كە توشی
خوێنبەربوونێكی ترسناك ببوون لەبەهای
بازاڕیان. ئەمە سەرەڕای ئەو خۆنیشاندانانەی
لەلایەن كۆمەڵە و گرووپەكانەوە ئەنجام دەدرا،
هەروەها لاوازی لایەنی ئەمنی و بڕیاردەركردنی
هەڕەمەكیانە و پڕۆسەی بەخیانەتكار ناساندنی
نێوان هێزە سیاسیەكان، بەهۆی ئەمانەوە ماوەی
10 مانگ بوو هەموو كارە هونەریەكانم
وەستابوون، بەهۆی نالەباری بارودۆخی ئەمنی
میسر و نەتوانینی وێنەگرتن لەو ماوەیەدا.
سڤیل: لەسەركەوتنی ئیسلامییەكان و گەیشتنیان
بەدەسەڵات ناترسیت؟ پێتوانیە ئەوان ژیانی
هونەری لەمیسردا بوەستێنن؟
ئیلهام شاهین: نیگەرانیەكی گەورە لەنێوەندە
هونەریەكاندا هەیە بەرامبەر بە سەركەوتنی
ئیسلامیەكان، ژمارەیەكی زۆر لەهونەرمەندە
میسریەكان وڵاتیان جێهێشتووە، بەڵام من میسر
جێناهێڵم، وڵاتەكەمان زێدی رەسەنی هونەرە،
پێگەیەكی تایبەتی لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە،
زەحمەتە بۆ هونەرمەند كە وڵاتەكەی جێبهێڵێت،
جا لەبەر هەر هۆكارێك بێت، بەڵام بەداخەوە
سەرەڕای شۆڕشی گەورەی 25ی یەنایر، كەچی شتێكی
تازە ئیزافە نەكراوە، وەك مافی هاووڵاتیان
لەبواری تەندروستی و ئاستی كۆمەڵایەتی، بەڵكو
بارودۆخەكان لەپێشتر خراپتر بوونە.
سڤیل: خەڵكانێكی زۆر ناوی ئیلهام شاهینیان
خستۆتە لیستی رەشی هونەرمەندانەوە، پێیانوایە
تۆ لەپاشماوەی رژێمی پێشووی، تۆ چ وەڵامێكت
هەیە؟
ئیلهام شاهین: دانانم لەلیستی رەشدا گرنگ نیە،
سەركەوتنی رەوتە ئاینیەكان و بردنەوەیان
لەهەڵبژاردنەكان كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر
هونەر نابێت، چونكە هونەرمەندان ئەوەی
دەیانەوێت پێشكەشی دەكەن، نەوەك ئەوەی هەر
گروپێكی تر دەیەوێت، میسر بەهونەرەكەیەوە
وڵاتێكی گەورەیە، هیچ كەسێكیش ناتوانێت
رەوڕەوەی هونەر بوەستێنێت، بەداخەوە وەك گوتم
بەشێك لەهونەرمەندان میسریان جێهێشتووە و
بەرەو لوبنان یا ئەوروپا رایانكردوە، پێویستە
رووبەڕووی ئەو شەپۆلە ببینەوە و بەردەوام بین،
ئێمە موڵكی خۆمان نین، بەڵكو موڵكی خەڵك و
هەوادارانمانین، ئەوەتا تۆ باس لەهەوادارنی من
دەكەیت لە كوردستان، كە بە هونەری ئیلهام
شاهین سەرسامن، ناكرێ من شەرمەزاریان بكەم،
بەڵكو دەبێ كارێك پێشكەش بكەم، كە ئەو
جەماوەرە لەسەرتاسەری جیهاندا لێی رازی بن.
سڤیل: باسەكەمان لەبارەی زنجیرە تازەكەت (قچیە
معالی الوزیرە)یە، كە بەهۆی شۆڕشی 25ی
یەنایرەوە دواكەوت، چیرۆكی ئەم زنجیرەیە چیە؟
ئیلهام شاهین: لەمیانەی زنجیرەكەوە كەسایەتی
وەزیرە بەرجەستە دەكەم، كە دژایەتی گەندەڵی
دەكات، لەدانانی (موحسین ئەلجەللاد) و
دەرهێنانی (رباب حوسێن)ە. لە پاڵەوانیەتیەكەدا
(مستەفا فەهمی) و (یوسف شەعبان) و (تامر هجرس)
بەشدارن. چیرۆكی زنجیرەكە لەبارەی ئەو خانمە
وەزیرەوەیە، كە سەر بەقۆناغی پێشووترە، چونكە
زنجیرەكە بەر لە 3 ساڵ نوسراوە، بەڵام ئەم
خانمە نمونەی كەسێكی باش و پابەندە، توشی
جەنگێكی گەورە دەبێت لەگەڵ گەندەڵكاران، من
ئەوەی تر بۆ جەماوەرەكەم و بینەرانی زنجیرەكە
جێدەهێڵم.
سڤیل: تۆ بەردەوام رۆڵی كەسایەتیە سیاسیەكان
دەبینی، پێشتریش رۆڵی ئەندامێكی ئەنجومەنی
گەلی میسریت بەرجەستە كردوە، ئێستاش خەریكی
رۆڵی ئەو خانمە وەزیرەی، بۆچی بەردەوام لەسەر
رایەڵی سیاسی كاردەكەی؟
ئیلهام شاهین: یەكەم شت ئەم كارە
دووبارەبوونەوەی رۆڵی كەسایەتیەكانی پێشوو
نیە، كاتێكیش رایەكی دیاریكراوم دەبێت
لەكاروباری گشتی یا سیاسیدا، نامەوێ
بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەریبڕم، پێم باشترە
لەچوارچێوەی كارێكی هونەریدا دەریبڕم،
بەتایبەت سیاسەت كە چۆتە نێو وردەكاریەكانی
ژیانمانەوە، كێشە ئابووریی و كۆمەڵایەتی و
رۆشنبیریەكان بەشێوەیەك لەشێوەكان پەیوەستن بە
سیاسەتەوە.
سڤیل: ئایا دواكەوتنی وێنەگرتنی ئەم زنجیرەیە
و نمایشنەكرانی لە رەمەزانی پێشوودا بێزاری
نەكردی؟
ئیلهام شاهین: بێزار نەبووم، چونكە سەخت بوو
لەسایەی بارودۆخێكی ئاوهای میسردا وێنەی
زنجیرەكە بگیرێت، بەتایبەت ئەستەم بوو
لەهەندێك شوێندا كاری وێنەگرتن ئەنجام بدرێت،
وەك ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی گەل و
وەزارەتی ناوخۆ.
سڤیل: پێشبڕكێی نێوان ئەستێرەكانی درامات
لەمانگی رەمەزانی پێشوودا چۆن بینی؟ بەتایبەت
(عادل ئیمام) و (مەحمود عەبدولعەزیز)؟
ئیلهام شاهین: عادل ئیمام و مەحمود
عەبدولعەزیز دوو ئەستێرەی گەورەن، كەس
ناتوانێت كێبڕكێیان لەگەڵ بكات، تەنانەت منیش،
باوەڕی تەواویشم هەیە كە زنجیرەكانیان
رێژەیەكی چڕ و بەرزی بینەریان هەیە، ئەوان دوو
ئەستێرەی هونەری گەورەن، جەماوەری
بەرفرەوانیشیان هەیە، من خۆم ناخەمە ئاستی
كێبڕكێ لەگەڵ هیچ كەسێكدا، ئەوەی لام گرنگە
هونەرێكی بەرز و بەڕێز پێشكەش بكەم كە جەماوەر
رازی بكات.
سڤیل: بۆچی وێنەگرتنی فیلمە تازەكەت (یوم
للستات) پەكی كەوت؟
ئیلهام شاهین: كێشەی فیلمی (یوم للستات) ئەوە
بوو، دەرهێنەرەكەی (كامل ئەبو زكری) سوور بوو
لەسەر وێنەگرتنی لەدەرەوە، بەتایبەت كە زۆربەی
دیمەنەكانی لەكۆڵاندا بوون، لەسایەی ئەو
بارودۆخەی میسری تێدابوو، منیش رەتم كردەوە
بچمە دەرەوە بۆ وێنەگرتن، نەوەك لەترسی خۆم،
بەڵكو لەبەر تەواوی ستافی كارەكەم بوو،
لەكۆتاییشدا ملمدا بۆ رایەكەی ئەو، چونكە
بۆچوونی ئەو راست بوو، دواجار لەو وادەیەی
دیاریمان كردبوو بۆ وێنەگرتن، وادەی
هەڵبژاردنەكان نزیك دەبووەوە، هەموو گەڕەك و
كۆڵانەكانی میسر پڕ ببوون لەلافیتە و بانگەشەی
هەڵبژاردن، زەحمەت بوو لابدرێن، لەلایەكی
تریشەوە رووداوەكانی فیلمەكە پەیوەست بوون بە
وەرزی هاوینەوە، كەچی ئێمە ئێستا لەزستانداین،
بۆیە هەموومان بڕیارماندا وێنەگرتنەكە
دوابخەین تا مانگی چواری ئەمساڵ.
سڤیل: ئەی فیلمی (وسگ هژا البلد)؟
ئیلهام شاهین: ئەو فیلمە لەدانان و دەرهێنانی
(محەمەد ئەبو سەیف)ە، لە جوانترینی ئەو
چیرۆكانەیە كە خوێندومنەتەوە و دەكرێ پێشكەش
بە جەماوەر بكرێن، تا ئێستا وادەی دەسپێكردنی
وێنەگرتنەكەمان دیاری نەكردوە، لەسەرەتاوە
بڕیارمدا كۆتایی بە وێنەگرتنی زنجیرەی (قچیە
معالی الوزیرە) بهێنم، چونكە من لەوەی تردا
رۆڵی ژنە سواڵكەرێك دەبینم (شەحاتە) كە منداڵی
زۆری هەیەو خواردنی سەر زبڵدانەكان دەخۆن،
رۆژانە بەنێو شاردا دەیانگێڕێـت، تا یەك
لەدوای یەك لەدەستیان دەدات، بۆیە بڕیارمدا لە
رۆڵی كەسایەتی خانمە وەزیرەكە تەواو ببم، تا
بتوانم بەشێوەیەكی تەواو تەركیز بكەمە سەر
كەسایەتی ئەو ژنە سواڵكەرە.
سڤیل: رووداوەكانی فیلمەكە باس لەشۆڕشی 25ی
یەنایر دەكات؟
ئیلهام شاهین: رووداوەكان هەمووی لەبارەی
شۆڕشی 25ی یەنایرەوەیە، بەڵام باس
لەنیشانەكانی بەر لەشۆرشیش دەكات، كە
رێخۆشكەربوون بۆ بەرپابوونی.
سڤیل: چی هانیدای بگەڕێیەوە بۆ بەرهەمهێنانی
هونەری لەفیلمی (وسگ هژا البلد)؟ بەتایبەت كە
ئەزموونی شكتسخواردوت لەبەرهەمهێناندا هەبووە؟
ئیلهام شاهین: بەردەوام هەوڵ دەدەم نەوعیەتێكی
باش لەفیلمی ئامانجدار پێشكەش بكەم، نەك تەنیا
بۆ بەرزكردنەوەی ناوی خۆم، بەڵكو بۆ
بەرزكردنەوەی ناوی سینەمای میسری، بەتایبەت كە
ژمارەیەكی زۆر بەرهەمهێنەری ئەوتۆ نین، كە
تامەزرۆ و بەحەماس بن بۆ ئەم جۆرە فیلمانەی لە
(خلگە فوزیە) و (واحد صفر) دەچن، كە هەردوو
فیلمەكە سەركەوتنی گەورەیان لەفیستیڤاڵە
جیهانیەكاندا بەدەست هێناوە. هەوڵم داوە
فیلمێك وەك دیاری پێشكەش بە سینەمای كوردی
بكەم، بەڵام كەسێكم دەست نەكەوتووە باسی رۆڵی
سینەمام بۆ بكات لەكوردستانی عێراقدا.
بەشێوەیەكی گشتی فیلمەكە لەشاشەی تەلەفزیۆنەوە
پەخش دەكرێت، پێموایە جەماوەر دەبێ بڕیار
لەسەركەوتن یا شكستی هەر كارێكی هونەری بدات.
سڤیل: بارودۆخی ئێستای میسر چۆن دەبینی؟
ئیلهام شاهین: بارودۆخی ئێستا جێگای داخەو كەس
لێی رازی نیە، خەڵك دابەش بوونە، هەركاتێك
هەستمان بەجۆرێك سەقامگیری كردبێت،
خەڵكانێكمان بینیوە داوای رۆیشتنی حكومەتیان
كردووە، دەرفەتیش نادەنە هیچ كەسێك، تەنانەت
وایلێهاتووە ئێستا لای ئێمە پیشەیەك پەیدابووە
پێ دەگوترێت "شۆڕشچیەتی". ئێمە هەردەبێ پێكەوە
كار بكەین و ژیانیش بەردەوام بێت، چونكە
بارودۆخی ئێستای میسر زۆر سەختە.
سڤیل: بیرت لەشووكردن نەكردۆتەوە، بەتایبەت كە
تۆ هێشتا هەر لاو و درەوشاوەیت؟
ئیلهام شاهین: هاوسەرگیری یەكێكە لەو شتانەی
بیركردنەوەی تێدا نیە، چونكە شتێكە پەیوەندی
بەقەدەرەوە هەیە، من لەنێو قسەكردن لەسەر ئەو
بابەتەدا گەورە بوومە، ئەزموونەكانی پێشووش
بەسن، كە زۆر سەخت بوون.
سڤیل: ئومێد و ئاواتی ئیلهام شاهین بۆ ساڵی
2012 چیە؟
ئیلهام شاهین: ئەو بارودۆخەی ئێستا میسر پێیدا
تێپەڕ دەبێت، هیچ كەسێك ناتوانێت تێدا خەون
بەهیچ شتێكەوە ببینێت، تەنیا گەڕانەوەی میسر
نەبێت بۆ سەردەمی پێشووی خۆی (وڵاتی ئاسایش و
سەقامگیریی)، ئومێدی هەموو خێر و خۆشیەكیش بۆ
گەلی كوردستان دەخوازم و گەشبینیشم، چونكە
دەبینم ئەم گەلە بەسەر سەختی و تەحەدییەكانیدا
سەردەكەوێت، هیوای ساڵێكی پڕ بەختەوەری بۆ
گۆڤارەكەتان و خوێنەرانیشتان دەخوازم.
|