|
سڤیل:
زانا دڵشاد دزەیی
جانتاكەی شیلان چیلێهات؟ دڵنیا لەچی دەترسا؟،
نازێ چی پێگوترا؟ ســــالار چی گوت؟ شەهێن
لەچی توڕە بوو؟
رۆژی 13/1 سلێمانی یەكەم كۆنسێرتی ساڵی 2012ی
ئەنجامدا، كە دەزگای راگەیاندنی هونەری
كوردفۆكس بۆ گەنجانی شارەكەی سازكردو زیاتر لە
1500 گەنج ئامادەی كۆنسێرتەكە بوون، ئەوە بووە
مایەی سەرسوڕمانی لای دڵنیا قەرەداخی، چونكە
رۆژێك پێش كۆنسێرتەكە دڵنیا قەرەداخی
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوتی "دەستم لەسەر
دڵمە، دەترسم كەس نەیەت و كۆنسێرتەكەمان فەشەل
بێنێ". سالار مەحمودیش گوتی "منیش دەترسم
هۆڵەكەمان بەسەردا بڕوخێت".
ساڵی پار رۆژنامەنووس باوان رزگار دەزگای
راگەیاندنی هونەری "كوردفۆكس"ـی دامەزراند،
ئێستا ماڵپەرێكی هونەرییان هەیەو بەنیازن
ئەمساڵ گۆڤارێكی مانگانەی هونەری بەناوی
"كوردفۆكس" دەربكەن، یەكەم پڕۆژەی ئەمساڵیان
كۆنسێرتێك بوو، كە رۆژی 13/1/2012 بۆ گەنجانی
سلێمانی ئەنجامیانداو لەم كۆنسێرتەدا "شەهێن
تاڵەبانی و نازێ عەزیزی، دڵنیا قەرەداخی،
سالار مەحموود، شیلان عوسمان، داروین ئەحمەدی"
بەبێ بەرامبەر گۆرانیان بۆ 1500 گەنجی سلێمانی
گوت.
سەرەتا شیلان عوسمان دوو گۆرانی سونەتی گوت و
چەپڵەڕێزان كرا، بەڵام شیلان جانتا بچووكەكەی
ونكرد، بەڵام ئەوەندە دڵی بەهاتنی خەڵكەكە
خۆشبوو باسی ونكردنی جانتاكەی نەدەكرد، هەر
دەیگوت "گوێی مەدەنێ دەیدۆزمەوە". ئیتر
نازانین دواجار دۆزیەوە یان نا. لەبارەی
كۆنسێرتەكە شیلان عوسمان گوتی "كاتێك
پێیانگوتم كۆنسێرتەكە بۆ گەنجانی سلێمانییە،
بەبێ هیچ مەرج و داواكارییەك رازی بووم
بەشداری بكەم، بەتایبەت بینیم چەند گەنجێكی
رۆژنامەنووس بەكارەكە هەڵساون، ویستم هاوكارێك
بم بۆ پڕۆژەكەی ئەوان، سوپاس بۆ خوا
كۆنسێرتەكە سەركەوتوو بوو، خەڵكانێكی موتابعی
گۆرانی هاتبوون". شیلان گوتیشی "داوا
لەكوردفۆكس دەكەم لەهەولێریش كۆنسێرتێك بۆ
گەنجەكان ئەنجام بدات و ئەمجارە ئێمە بێین بۆ
هەولێر".
دوای شیلان عوسمان، نازێ عەزیزی بەكراسێكی
كوردی سەوز هات، شەش گۆرانی گوت، بەگوتنی
مەقامیێك تەواوی هۆڵەكەی بێدەنگ كرد،
لەوكاتەدا جەماوەرێكی زۆر هەوڵیاندەدا بێنەسەر
شانۆ وێنەی لەگەڵ بگرن، كچێكی رۆژنامەنووس كە
لەریزی پێشەوە دانیشتبوو هاواری كرد "پێشكەشە
بە تۆ" گوڵەكەی دەستی بۆ نازێ فڕێدا. نازێ
عەزیزی دەڵێت "سوپاسی خەڵكی سلێمانی و ئەم
جەماوەرە دەكەم، كە ئامادەی كۆنسێرتەكە بوون،
بەڕاستی پێشوازییەكی گەرمیان لێكردین،
هانیاندام چەند جارێكی تریش لەسلێمانی كۆنسێرت
بكەمەوە".
زۆربەی رۆژنامەنووسانی سلێمانی و كەناڵەكان
لەكۆنسێرتەكە بوون، لەم رۆژەدا زۆرترین وێنە
گیرا، بەتایبەت وێنەگرتن لەگەڵ هونەرمەندەكان،
دڵنیا قەرەداخی بەپێكەنینەوە دەڵێ "ئەوەی بۆ
كۆنسێرتەكە هاتبوو كامێرایەكیشی هێنابوو". ئەم
كۆنسێرتە سەعات 4 لە تەلاری هونەر دەستیپێكردو
6:30 كۆتایی پێهات.
داروین ئەحمەدی وەك بەهرەمەندێكی لاو بەشداری
كردو گۆرانی "شەش پەپولەكە"ی هونەرمەند
مەرزییە فەریقی گوتەوە، ئاوازدانەری گۆرانیەكە
كە بورهان موفتیزادەیە لەوێ ئامادەبوو،
بەداروینی گوت "یادگارییە خۆشەكانی من و
مەرزییەت بەبیرهێنامەوە، ئەوە یەكێك لەخۆشترین
گۆرانییەكانی مەرزییەیە كە من بۆم
دروستكردووە". داروین ئەحمەدی ئێستا قوتابی
پەیمانگای هونەرەجوانەكانە بەشی نواندن،
ئەمساڵ خوێندن تەواو دەكات و لەبەرنامەیدایە
دەست بەگۆرانیگوتن بكات، گوتی "حەزم دەكرد
چەند گۆرانییەك پێشكەش بكەم لەوانە گۆرانییەكی
محەمەدی ماملێ و مەقامێكی لەیلا فەریقی، بەڵام
برادەرانی گروپی میران میوزیك هیچ هاوكارییەكی
منیان نەكرد وەك گەنجێك، خۆیان بەخاوەنی
ئیشەكە نەدەزانی، تەنیا یەك گۆرانیم گوت ئەویش
نەیانهێشت تەواوی بكەم". داروین ئەحمەدی
ئاماژەی بەوەشدا لەهەولێر زیاتر هاوكاری گەنج
دەكرێ و شانسی ئیشكردنی گەنجان لەهەولێرە،
"بۆیە ئەگەر بمەوێت دەست بەگۆرانیگوتن بكەم
لەهەولێر دەستپێدەكەم". داروین دەشڵێت
"هەروەها تا ماوم گلەیی لەشەهێن تاڵەبانی
دەكەم، بووە مایەی كێشە بۆ رێكخەرانی
كۆنسێرتەكە و هونەرمەندەكان، داواكارییەكانی
سەیر و سەمەرەبوون".
دڵنیا قەرەداخی بەخۆشییەكی زۆرەوە هاتە سەر
شانۆ گوتی "ماشاڵڵا لەو هەموو گەنجە جوانە
لێرە ئامادەن". ئەو سێ گۆرانی پێشكەشكرد و
بەگۆرانییەكی هەڵپەڕكێ هۆڵەكەی هەژاند، دڵنیا
پێش كۆنسێرتەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوتی
"زۆر دەترسم، دەستم لەسەر دڵمە، دەترسم كەس
نەیەت و فەشەل بێنێ". سالار مەحموود كە
لەكۆنسێرتەكە چەند گۆرانییەكی گوت و كۆپلەیەك
لەگۆرانییە نوێكەشی پێشكەشكرد، لەهەمان كۆنگرە
وەڵامی دایەوەو گوتی "منیش دەترسم ئەوەندە
خەڵك بێت هۆڵەكەمان بەسەردا بروخێ". دڵنیا
قەرەداخی دوای تەواوبوونی كۆنسێرتەكە گوتی
"بەڵێ قسەكەی كاك سالار راست دەرچوو، بەڵام
منیش لەدوو روانگەوە ئەو قسەیەم كرد، یەكەم شت
پێش ئێمە دوو هونەرمەند كۆنسێرتیان كرد فەشەلی
هێنا، دووەم شت من 15 ساڵە لەسلێمانی دابڕاوم
و كۆنسێرتم نەكردووە، ئەوە یەكەم كۆنسێرتی منە
دوای پانزە ساڵ دابڕان لەسلێمانی، بۆیە حەقم
بوو ئەو قسەیە بكەم". دڵنیا باسی لەوەشكرد
خەڵكی سلێمانی هونەردۆستن و هەرجارێك بۆی
بڕەخسێ كۆنسێرت لەسلێمانی دەكات، گوتیشی
"سوپاسی هاتنی خەڵكەكە و دەزگای كوردفۆكس
دەكەم، بەتایبەت باوان رزگار بەو تەمەنە
بچووكیەوە كارێكی وا گەورەی ئەنجامدا، دوای
پانزە ساڵ منی بەجەماوەری سلێمانی شاد كردەوە،
بۆیە من وەك خۆم هەمووكات هاوكاری دەبم".
دڵنیا پێشنیاری ئەوەیە لەهەولێر كۆنسێرتێكی
وابكرێ و كۆمەڵێك هونەرمەندی هەولێر هەن حەقی
خۆیانە خەڵات بكرێن.
بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل) شەهێن تاڵەبانی
لەپۆستەری كۆنسێرتەكە نارازی بوو، دەیویست
وێنەی لەگەڵ كەریم كابان بێت، نەك لەگەڵ
هونەرمەندەكانی تر، بۆیە كاتێك لەسلێمانی
پۆستەرەكانی ناو شاری بینی، بڕیاریدا بچێت بۆ
كەركوك و كۆنسێرتەكە نەكات، بەڵام پەشیمان
كرایەوە، جاری دووەم لەگروپی مۆسیقا رازی
نەبوو، داوای ژمارەیەكی زۆری مۆسیقاژەنی دەكرد
كە لە 10 كەس كەمتر نەبێت، بۆیە توڕە بوو،
رۆیشت، بەڵام دیسان پەشیمان كرایەوە، جاری
سێیەم لەكاتی كۆنسێرتەكە توڕە بوو، چونكە
لەدوا بەرنامەی كۆنسێرتەكە و دوای دابەشكردنی
خەڵات داوا لەشەهێن كرا گۆرانی بڵێت،
لەوكاتەشدا زۆربەی جەماوەر رۆشتنەوە، شەهێن
دەیگوت "تازە بۆچی گۆرانی بڵێم؟ هەموو
رۆشتنەوە". بەڵام باوان رزگار رێكخەری
كۆنسێرتەكە گوتی "ئێمە وامان دانابوو یەكەم
كەس شەهێن تاڵەبانی گۆرانی بڵێت، بەڵام لەسەر
داواكاری خۆی خستمانە دوا بەرنامەی
كۆنسێرتەكە، چونكە ئەو دەیگوت من تەمەنێكم
لەگۆرانی هەیە، نامەوێ لەگەڵ هەموو گۆرانیبێژ
بانگ بكرێم و گۆرانی بڵێم". شەهێن تاڵەبانی
ئامادەنەبوو لەژووری تایبەتی هونەرمەندان
دابنیشێت، چووە ناو جەماوەر دانیشت، ئەوە بووە
مایەی نیگەرانی هونەرمەندەكانی تر. بەپێی
زانیارییەكانی (سڤیل) بڕیاربوو شەهێن چوار
گۆرانی پێشكەش بكات، بەڵام لەدواجاردا یەك
گۆرانی پلەی باكی گوت و هۆڵەكەی جێهێشت و
هەمان رۆژ گەڕایەوە هەولێر، لەوێش رۆشتەوە بۆ
كەنەدا.
باوان رزگار، خاوەنی دەزگای كوردفۆكس گوتی
"بەرنامەی ترمان هەیە، خەریكی ئامادەكاری
كۆنسێرتێكی ترین بەبۆنەی رۆژی ڤالانتاین بۆ
دوو هونەرمەند، بەڵام جارێ ناوی ئەو دوو
هونەرمەندە ئاشكرا ناكەین، هەوڵی ئەوەش دەدەین
لەهەولێر كۆنسێرت بكەین".
دوا بەرنامە دابەشكردنی خەڵاتەكان بوو، كە
هەریەك لە "كەریم كابان، شەهێن تاڵەبانی،
بورهان موفتیزادە، رووبار ئەحمەد، نزار
سەلامی، پەرتەو عەبدولعەزیز" خەڵاتیان
پێبەخشرا.
|