|
سڤیل:
زانا دڵشاد دزەیی
دەچمەوە بەرنامەی من جیاوازم
دكتۆرە بەلقیس گلەیی لەبەڕێوەبەرایەتی شانۆ
دەكات، كە دوو ساڵە وەڵامی نادەنەوە
شانۆگەرییە كۆمیدییەكەی نمایش بكات، هەروەها
دەڵێ كۆمپانیایەك لەهەولێر بەناوی كلیپ دوو
هەزار دۆلاری منی بردووە كلیپەكەشم ناداتەوە
"جگە لەوەش ئاوازدانەرێك بۆ حەوت گۆرانی
پارەیەكی زۆری لێوەرگرتووم، ساڵێكە نە
گۆرانییەكانم دەداتێ، نە پارەكەم بۆ
دەگەڕێنێتەوە". دكتۆرە بەلقیس لەو
چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) دەڵێت "ئێوە پێم
بڵێن من چی بكەم؟".
دكتۆرە بەلقیس لەهەردوو بواری شانۆ و گۆرانی
كاری كردووە، جگە لەگۆرانییەكانی، خۆی دەڵێ
خاوەنی 31 كتێبەو ئەمساڵ كتێبێكی نوێ چاپ
دەكات، ئەو لەبەرنامەی من جیاوازم ناوبانگی
زیاتری دەركرد، بەڵام سێ ساڵە لەبەرنامەكە
كشاوەتەوە، دكتۆرە دەڵێت "ئەگەر بۆ بەرنامەی
من جیاوازم بانگم بكەنەوە دەچم، حەزم لەئیشی
تەلەفزیۆنە، چونكە من شانۆم خوێندووە دەزانم
چۆن سەرنجی بینەر رادەكێشم، لەهەر
تەلەفۆزیۆنێكی دیكەش بانگم بكەن دەچم، بەڵام
بەو مەرجەی بزانم بەرنامەكە چۆنە". ئەو دان
بەوەدا دەنێت بەهۆی دووركەوتنەوە لەشاشە
ناوبانگی لەناو خەڵك كەم بۆتەوە، بۆیە
دەچێتەوە تەلەفزیۆن، گوتیشی "لەگەڵ ئەوەشدا
بەبێ ئیش دانەنیشتووم، پەنجەكانم شكا ئەوەندەی
كتێب بنووسم، 31 كتێبی شانۆییم هەیە بەزمانی
عەرەبی و ئەمساڵ كتێبێكی دیكەشم چاپ دەكرێ هەر
بەزمانی عەرەبی، چونكە نووسینی كوردیم تەواو
نییە".
دكتۆرە بەلقیس، كە ئێستا مامۆستای كۆلیژی
هونەرە جوانەكانە لەشاری هەولێر، ئاماژەی
بەوەشدا دوو ساڵە دەقێكی شانۆی كۆمیدی پێشكەشی
بەڕێوەبەرایەتی شانۆ كردووە، بۆئەوەی لەشاری
هەولێر نمایشی بكات، دەڵێ خۆم دەقەكەم
نووسیووەو خۆشم دەرهێنانی بۆ دەكەم، چەند
ئەكتەرێك رۆڵیان هەیە و خۆم رۆڵی سەرەكی
دەبینم، لەبارەی دەقەكە شانۆییەكە دەڵێت "بۆیە
كۆمیدیم هەڵبژاردووە، دەمەوێت خەڵك كە تەماشای
دكتۆرە بەلقیس دەكات دڵیان خۆش بێت و پێبكەنن،
بەسە ناكۆكی و ناخۆشی، هیچ شتێك لەكارێكی
هونەری كۆمیدیی خۆشتر نییە". دكتۆر بەلقیس
دەشڵێت "بەڵام من دوو ساڵە چاوەڕێم
بەرێوەبەرایەتی شانۆ وەڵامیان نەداومەتەوە
دەست بەكارەكە بكەم، زۆر لەوە نیگەرانم ساڵێ
چەندەها شانۆی باش و خراپ پێشكەش دەكرێ، كەچی
وەڵامم نادەنەوە، منیش هی خۆم پێشكەش بكەم،
دەبوایە زیاتر هاوكاری من بكرێ". دكتۆرە
ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر شانۆكەی نمایش بكرێ
دڵنیایە زۆرترین بینەر دێت.
"كۆمپانیایەك گوتیان كلیپت بۆ دەكەین، زیاتر
لە دوو هەزار دۆلاریان لێوەگرتم، لەدەرەوەی
هەولێر وێنەی كلیپەكەمان گرت، بەڵام ئەوە بۆ
دوو ساڵ دەچێت كلیپ نییە و وەڵامی تەلەفۆنیشم
نادەنەوە، بارەگاكەیان لەهەولێرە، وەڵامم
ناردووە ئەگەر هەر وەڵامیان نەبوو لەدادگا
داوای یاسایان لەسەر تۆمار دەكەم". ئەوە قسەی
دكتۆرە بەلقیسە، زۆری پێناخۆشە پەنا بۆ دادگا
ببات، بەڵام لەناچاری ئەوە دەكات، چونكە
دكتۆرە بەلقیس دەڵێت "بۆیە تووڕە بوومە سێ ساڵ
ئاوازدانەرێك رێككەوتم هەندێ ئاواز و شیعرم بۆ
ئامادە بكات، پارەیەكی زۆری لێوەرگرتووم،
دواتر سێدییەكی بۆ ناردم هاوڕێیەكی خۆم گوێی
لەگۆرانییەكان بوو، ئاگاداری كردمەوە
گۆرانییەكان زۆر سادە و ناخۆشن تۆماریان
نەكەم، تائێستا هەوڵدەدەم پارەكەم ناداتەوە،
داوام كردووە سێدییەكەم بداتێ خۆم گۆرانییەكان
چاك دەكەم، ئەویشم ناداتێ". دكتۆرە بەلقیس
لەوكاتەی قسەی بۆ (سڤیل) دەكرد، كەمێك وەستا و
گوتی "باشە ئێوە پێم بڵێن من چی بكەم؟، من هی
ئەوەم فێڵم لێ بكرێ، من تەمەنێكم لەناو هونەری
كوردی بەڕێكرد".
ئێستا ئەو لەگەڵ كوڕەكەی دەژی و لەبەرامبەر
ماڵەكەی باخچەیەك هەیەو دەڵێ "فێری تەنیایی
بوومە، كاتێك بێتاقەت دەبم، دەچمە باخچەكە
لەوێ دەگریێم، چونكە مرۆڤ ئەگەر گریا پاك
دەبێتەوە".
|