|
سڤیل:
رەوەند جەواد
هونەرمەند كامەران عومەر وێنەگرتنی كلیپە
نوێیەكەی لەسلێمانی تەواوكرد، كە یەكێك
لەگۆرانییە كۆنەكانی خۆی بەناوی "چیت لێم
ئەوێ" لەتێكستی ئەحمەد محەمەد و ئاوازی خۆیەتی
كلیپ كرد، كە لەكاتی وێنەگرتنی كلیپەكەدا
كامەران دەستی بەگریان كرد.
كاروان ئاوات دەرهێنەری كلیپەكە بە(سڤیل)ـی
راگەیاند، ئەوان ماوەیەكە بەنیازبوون كلیپێك
بۆ یەكێك لەگۆرانییە كۆنەكانی هونەرمەند
كامەران عومەر بكەن "لەبەرئەوەی زۆر دەمێكە
كامەران لەكلیپ دابڕاوە، بۆیە بەپێویستمانزانی
ئەم بەرهەمە كلیپ بكەین، چونكە جەماوەری خۆی
هەیە".
ئەم كلیپە باس لەخیانەتی هاوسەرگیری دەكات و
رۆژی 20/1 لەشاری سلێمانی یەكەم رۆژی
وێنەگرتنی كلیپەكە بوو، كە 20 رۆژی تر كۆتایی
بەكارەكانی دێت، هەریەك لە "راز نەورۆز،
رەوەند جەواد، سۆران سادقی، ژەنیار كاروان"
ئەكتەرانی كلیپەكەن.
هونەرمەند كامەران عومەر لەپەیوەندیەكیدا
بە(سڤیل)ی راگەیاند "خۆشحاڵم لەگەڵ چەند
گەنجێك كاری كلیپ بۆ بەرهەمێكی خۆم دەكەم، ئەم
بەرهەمە هەڵقوڵاوی ناخی خۆمە، چونكە ئەگەر
عاشق نەبام من نەدەبوومە گۆرانیبێژ". لەبارەی
هۆكاری گریانەكەی لەكاتی وێنەگرتندا كامەران
گوتی "وەك گوتم ئەم بەرهەمە هەڵقوڵاوی ناخی
منە، بۆیە گریانێكی واقیعیم ئەنجامدا، لەگەڵ
ئەوەشدا دەرهێنەر پێویستی پێ بوو".
|