سەدیق فەقیانی: لە كلیپی هاتین هاتین هیچ شتێكی ناشرینم نەكردووە، تەنیا رەسەنایەتی و مۆدێرنم تێكەڵكرد  

 

 

سڤیل: دڵشاد باڵەكی

52 حەیرانم هەیە و 16 لاوك و حەیرانیشم كلیپ كردووە

گۆرانییەكی دیكەم بۆ گەنجەكان ئامادە كردووە بەم نزیكانە كلیپەكەی تەواو دەبێت

ئەو كچەی لە كلیپەكە لەگەڵم بوو رووسی بوو

گۆرانیبێژ سەدیق فەقیانی ساڵی 1998 یەكەم بەرهەمی تۆماركردووە، دوا بەرهەمی "هاتین، هاتین، هاتین" بوو، كە بەشێوازێكی كۆمیدی كلیپەكەی بۆ كردووە، بینەرێكی زۆری هەبوو، لەسەر ئەم كلیپە و پڕۆژەكانی داهاتووی (سڤیل) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئەنجامدا.

سڤیل: چۆن باسی خۆت دەكەی؟
سەدیق فەقیانی: من ناوم سەدیق رەشید قادرە، ساڵی 1968 لەگوندی فەقیان لەدایكبوومە، بۆیە بەسەدیق فەقیانی ناسراوم، خەڵكی ناوچەی رەواندوز و دۆڵی ئاكۆیانم، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە رەواندوز تەواو كردووە، ئێستا دانیشتوی شاری هەولێرم.
سڤیل: سەرەتای كاركردنت بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
سەدیق فەقیانی: ساڵی 1983 كە باپیرم حاجی قادر فەقیانی كۆچی دوایی كرد، من دەستم بە كۆكردنەوەی بەستە و حەیران و بەیت و حیكایەت و بابەتە فۆلكلۆرییەكان كرد، لەو بابەتانەدا من تەنیا حەیرانم هەڵبژاردووە، لەگەڵ دوو سێ لاوك، كە ئەوانم تۆماركردوون، ساڵی 1998 یەكەمین نۆبەری حەیران و لاوكم تۆماركرد، كردم بە كلیپ بۆ تەلەفزیۆنی هەرێم.
سڤیل: ئەو بەرهەمە لەلایەن بینەرانەوە چۆن پێشوازی لێكرا؟
سەدیق فەقیانی: ئەوەی راستی بێت هەموو بەرهەمەكانم زۆر باش بوونە، لەلایەن هاوڵاتیان پێشوازیان زۆریان لێكراوە، تاوەكو ساڵی 2011 هەموو ساڵێك من كاسێتی خۆم تۆمار كردووە، دەتوانم بڵێم شتی زۆر باشیشم كردووە، لەسەر گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان و لاوك و حەیران و بەستە، هەموو ئەو بابەتانەم تۆمار كردووە، بەڵام لەوانەیە خەڵك كەم ئەو بەرهەمانەی منیان بینێبێ.
سڤیل: تۆ ماوەیەك لەكەناڵە ناوخۆییەكان كارت كرد، ئەمە چۆن بوو؟
سەدیق فەقیانی: ساڵی 2000 لە كەنالێ k.tv ئاسمانی ئامادەكاری بەرنامەی "رەسەن" بووم، پاشان من هاتمە تەلەفزیۆنی هەرێم، ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەی "گەشت" بووم، دواتر لەكەناڵی (العراقیە) بەشی كوردی لای كاك ئیڤان ناسر حەسەن بۆماوەی دوو ساڵ پڕۆگرامی فۆلكلۆریم هەبوو، چونكە من هەموو كات هەوڵمداوە خزمەت بە كەلتوور و رەسەنایەتی كورد بكەم، بەداخەوە ئەوانەی ئەمڕۆ لەبواری فۆلكۆر كار دەكەن چەند كەسانێكن، پێویستە ئەو كەسانە لەلایەن حكومەت و دەزگا راگەیاندنەكان هاوكاریان بكرێ و گرنگی بەرهەمەكانیان بدرێ بۆئەوەی خەڵكانی تریش بێنە ئیشكردنی ئەو بوارە.
سڤیل: تائێستا چەند حەیرانت تۆمار كردووە؟
سەدیق فەقیانی: وەڵڵا 52 حەیرانم تۆمار كردووە، لەو حەیرانانەش 16 لاوك و حەیرانم كلیپ كردووە، لەگەڵ ئەو گۆرانییەی 2011 بەناوی "هاتین هاتین" جگە لەوەش شەش لاوكیشم تۆمار كردووە.
سڤیل: بیرۆكەی گۆرانی "هاتین هاتین" چۆن لای تۆ دروست بوو؟
سەدیق فەقیانی: من ویستم شتێك بۆ گەنجە خۆشەویستەكان بكەم كە جیاواز بێت لەگەڵ ئەو بابەتانەی كە پێشتووتر كردوومە، گۆرانی "هاتین هاتین" بەستایلێكی نوێ كراوە، ویستم حەیران لەگەڵ گۆرانییەكە تێكەڵ بكەم بۆئەوەی گەنجە خۆشەویستەكان گوێ لەحەیران بگرن، بزانن كە حەیرانیش تاموچێژی خۆی هەیە، پێم خۆش بوو بزانم گەنجەكان تاچەند پێشوازی لەو گۆرانییەی من دەكەن بە حەیرانەوە.
سڤیل: بەرای خۆت ئەو كلیپەت سەركەوتنی بەدەستهێنا؟
سەدیق فەقیانی: بێگومان سەركەوتنی بە دەستهێناوە، هەموو شتێك دەگەڕێتەوە بۆ جەماوەر، وەكو گوێبیست دەبم خەڵكێكی زۆر پێشوازی لەكلیپەكەم كردووە، بەسوپاسەوە ئەوە بۆ سێ، چوار مانگ دەبێت هەموو كەناڵەكان بە بەردەوامی كلیپەكەم پەخش دەكەن، بێگومان دیارە بینەر دەیەوێ، بۆیە كەناڵەكان بەردەوام پەخشی دەكەن.
سڤیل: كێ هاوكاری كردی بۆ ئەنجامدانی كلیپەكە؟
سەدیق فەقیانی: دەستخۆشی لەهەموو ئەو كۆمپانیایانە دەكەم، كە هاوكاری هونەرمەندان دەكەن، بەتایبەت زۆر سوپاسی نەورۆز تیلیكۆم (رێبەر) دەكەم، كە ئەم گۆرانیەیان بۆ من بەئەنجام گەیاند، هەروەها كۆمپانیای پرۆداكشن لەشاری دهۆك هاوكاری منی كرد سوپاسی هەموویان دەكەم.
سڤیل: بۆچی ویستت لە كلیپی "هاتین هاتین" بەشێوازێكی كۆمیدی بكەی؟
سەدیق فەقیانی: گۆرانی (هاتین هاتین) هەم كۆمیدییە و هەمیش رەسەنە، شێوازێكی نوێ و ستایلێكی مۆدێرنانەیە، ئەمجۆرە شتانە سەركەوتوو دەبێت و خەڵك ئەمڕۆ شتی كۆمیدی دەوێت.
سڤیل: بەڵام خەڵكانێك پێیان وایە گۆرانییەكی زۆر لاوازە و ئەوە ناشرینكردنی گۆرانی كوردییە؟
سەدیق فەقیانی: دەزانی چۆنە، یەكەم شت من كوردم، دوایش بەزمانی كوردی ئەو گۆرانییەم گوتووە، سێیەمیش ئەو گۆرانییە رەسەنە، پاشانیش ئەو كچەی بەشداری لەكلیپەكە كرد جلی كوردی لەبەرە، هیچ شتێكی ناشرینمان نەكردووە، چۆن فیلمی كۆمیدی هەیە زۆر ئاساییە گۆرانییەك بكەی كۆمیدی بێت، من بڕوام بەو قسانە نییە كە گۆرانییەكی من و گۆرانییەكی هونەرمەندێكی تر ببێتە هۆی ناشرینكردنی گۆرانی كوردی.
سڤیل: ئەم كچەی لە كلیپەكەت بەشداریت كرد كوردە؟
سەدیق فەقیانی: نەخێر خەڵكی روسیا بوو، ناوی "جولی"ـیە، بۆ كلیپەكە هاتبوو، پاش ئەنجامدانی كلیپەكە گەڕایەوە.
سڤیل: كەی ژیانی هاوسەریت پێكهێناوە و چەند منداڵت هەیە؟
سەدیق فەقیانی: ساڵی 1985 ژیانی هاوسەریم پێكهێناوە، بەڕێكەوت بوو، ئێستا حەوت منداڵم هەیە.
سڤیل: ئێمە شتێكمان نەماوە، تۆ چیت ماوە بیڵێی؟
سەدیق فەقیانی: سوپاس بۆ ئێوە و چاوی هەموو ئەو گەنج و لاوە خۆشەویستانە ماچ دەكەم، پڕۆژەی سەدیق فەقیانی بۆ ساڵی 2012 ئەوەیە هەوڵ و تەقەلای خۆم دەدەم بۆ گەنجان بەرهەم تۆمار بكەم، گۆرانی تریشم هەیە پەنا بەخوا ئەوا خەریكی وێنەگرتن و تۆماركردنم، ئەمجارە لەهەولێر و دەڤەری سۆران ئەو ناوچانە دەیكەین.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com