|
سڤیل:
زانا دڵشاد دزەیی
چەند مانگێكی تر خۆم یەكلایی دەكەمەوە بە
یەكجاری دەگەڕێمەوە سلێمانی یان نا
كاروان عوسمان كچێكی دیكەی خۆشدەویست نەك
كەژاڵ ئەحمەد
سلێمانی لە ساڵانی حەفتاكان زۆر لە ئێستا
پێشكەوتووتر بوو
هونەرمەند سالار مەحموود، كە خاوەن جەماوەرێكی
تایبەتە لەسلێمانی و كوردستان، بە هاوڕێیەكەی
كەمال محەمەد و كاروان عوسمان دەناسرێتەوە،
ساڵانێكی زۆرە كوردستانی جێهێشتووە لەوڵاتی
سوید نیشتەجێیە، دوای چەندین ساڵ دابڕان
لەگۆرانیگوتن بڕیاریدا دەست پێبكاتەوە و دوو
مانگە بەمەبەستی چەند پڕۆژەیەكی هونەری و
بڵاوكردنەوەی ئەلبومە تازەكەی گەڕاوەتەوە
كوردستان، (سڤیل) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ
ئەنجامدا و رایگەیاند "لەچەند مانگی داهاتوو
بڕیار دەدەم بەیەكجاری بگەڕێمەوە كوردستان
یاخود نا".
سڤیل: سەردانی ئەمجارەت بۆ كوردستان بەچ
مەبەستێك بوو، هاتنەوەكەت یەكجارییە؟
سالار مەحموود: چەند پڕۆژەیەكی هونەریم هەیە،
هاتوومەتەوە لەكوردستان جێبەجێیان بكەم،
سەرەكیترینیان ئەلبومێكی نوێم ئامادەكردووە،
لەمانگێكی تردا بڵاودەبێتەوە، لەهەشت گۆرانی
پێكهاتووە، بەستایلی هەشتاكانی خۆم
تۆمارمكردووە، هەموو گۆرانییەكانم عاشقانەن،
نیازیشم وایە لەسلێمانی كۆنسێرتێكی گەورە بكەم
و لەكەناڵی كوردسات و زاگرۆس داوەتكرام
بەرنامەم بۆ بكەن، كوڕێكی برادەری خۆم كە
سەرمایەدارە بەناوی "هێمن عەبدولهادی" هەموو
خەرجییەكانی ئەلبوومەكەی بۆدام، كە نزیكەی دوو
دەفتەر دۆلاری تێچووە، من لەوێ منداڵێكم
لەئافرەتێك هەیە، منداڵەكەم دەخوێنێ، بۆیە
ناتوانم بڕیارێكی تەواو بدەم، بەڵام لەچەند
مانگی داهاتوو خۆم یەكلایی دەكەمەوە، لێرە
بژیم یان بگەڕێمەوە دەرەوە.
سڤیل: بۆچی ساڵانێكی زۆر لەكاری هونەری
دابڕای؟ ئەی چی وایكرد دەست بەگۆرانیگوتن و
بەرهەمی نوێ بكەیتەوە؟
سالار مەحموود: یەكەم شت لەبەرئەوەی لە دووری
وڵات و غوربەت دەژیام، دەوروپشتەكەم چۆڵ بوو،
بەڵام كە هاتمەوە شاری سلێمانی كەناڵی كوردسات
بەرنامەیەكیان بۆ كردم، ئەو بەرنامەیە
خزمەتێكی بێپایانی منی كرد، كە خەڵكێكی زۆر
هانیاندام و بەرەوپیلی گۆرانییەكانم رۆشتن،
بەرنامەكە وەك سێدی لەبازاڕ بڵاوكرایەوە، ئەوە
وایكرد بەردەوام بم لەكاری هونەری و دووبارە
دەست پێ بكەمەوە.
سڤیل: ئەگەر ئێوە لەساڵانی هەشتاكان
داهێنانتان كردبێ، ئەستەم نییە بتوانی
داهێنانێكی تر بكەی؟ یان تۆ توانیووتە
لەئەلبوومە تازەكەت كە هێشتا بڵاوت نەكردۆتەوە
داهێنان بكەی؟
سالار مەحموود: لەم گۆرانییە تازانەم شێوازی
دەنگم گۆڕاوە، لەساڵەكانی هەشتاكاندا لەسەر
تەبەقە گۆرانیم گوتووە، بەڵام لەئەلبوومە
تازەكەم لەدوو گۆرانیدا لەتەبەقەی جیاواز
لەجاران گۆرانیم گوتووە، لەدەنگی خۆشم
گۆڕانكاریم كردووە، وەك مۆسیقاش گۆڕانكاری زۆر
كراوە، چونكە لەساڵاكانی هەشتاكان مۆسیقا
بەمشێوەی ئێستا پێشكەوتوو نەبوو، ستۆدیۆی
پرۆفیشناڵ نەبوو، ئەوانە هەموو لەئەلبوومەكەم
رەنگی داوەتەوە، بۆیە من پێموایە مرۆڤ دەتوانێ
داهێنانی تازەتر بكات، بەڵام وەك خۆت گوتت
زەحمەتە.
سڤیل: بۆچی لەگۆرانییە تازەكانت گۆرانییەكی
تایبەتت بۆ سلێمانی نەكردووە؟
سالار مەحموود: ئێستا من لەگەڵ شاعیری گەورەی
شاری سلێمانی مامۆستا ئەحمەد محەمەد لەگەڵ
ئاوازدانەر عەتا ئەحمەد باسی ئەوەمان كردووە
گۆرانییەكی زۆر جوان و تایبەت بۆ سلێمانی
بكەین، ئەوەشیان لەسەر بڕیاری منە، دەمەوێ
لەگۆرانییەكەدا باسی جوانی شاری سلێمانی و ئەو
داهێنانانەی لەم شارە كراوە باسیان بكەم، ئەم
شێوازە شیعرەی كە مامۆستا ئەحمەد دەینووسێ
لەخەیاڵی مندایە، كە بەكوچە و كۆڵانەكانی شاری
سلێمانی دایە.
سڤیل: سلێمانی ئەوكاتە یاخود ئێستا خۆشترە؟
سالار مەحموود: بەبڕوای من سلێمانی
لەحەفتاكاندا زۆر زۆر لەئێستا پێشكەوتووتر
بوو، لەزۆر رووەوە، سلێمانی لەحەفتاكان و هەتا
سەرەتای هەشتاكان سێ سەد هەزار كەس بوو،
زۆربەیان حەزیان لەمۆسیقا بوو، سەیری شانۆیان
دەكرد، بەڵام ئێستا سلێمانی نزیكەی ملیۆن كەسە
كەچی حەفت سەد هەزار كەس گوێ لەمۆسیقا ناگرێ،
ئەو سلێمانییەی جاران نەماوە، بەداخەوەم بۆ
ئەوە.
سڤیل: راستە ئێوە گروپێك بوون كاری هونەریتان
دەكرد، تۆ و كەمال محەمەد و كاروان عوسمان
لەگەڵ ئاوازدانەر عەتا ئەحمەد و سالار سەلمان،
بەڵام ئێوە زۆربەی گۆرانییەكانتان لەیەكدەچێ،
ئەوە بۆچی؟
سالار مەحموود: بڕوا ناكەم زۆر لێك بچن،
ستایلی كاروان عوسمان زۆر جیاواز بوو،
گۆرانییەكان و ستایلەكەی ئەو تایبەت بەخۆی
بوو، ئەگەر بڵێی من و كەمال گۆرانییەكانمان
لێك نزیك بووە ئەوە راستە، لەبەرئەوەی
ئاوازەكانمان هی مامۆستا سالار سەلمان بوو،
بەڵام ئەوەش هەڵە نییە، ئێمەش كاتێك
گۆرانییەكانی كاروان عوسمانمان بە ستایلی
خۆمان دەگوتەوە، خەڵكەكە هەستی نەدەكرد
گۆرانییەكانمان جیاواز بن.
سڤیل: بۆچی كارێكی وات نەكردووە گۆرانییەكانی
كاروان عوسمان بەشێوەیەكی تازە نوێ بكەیتەوە و
كلیپ بكەی؟
سالار مەحموود: لەبەرنامەی "سۆز" لەكوردسات
گۆرانییەكی كاروان عوسمانم گوتەوە وەك وەفایەك
بۆ كاروان عوسمان و گۆرانییەكەم پێشكەشی روحی
ئەو و جەماوەرەكەی ئەو كرد، بە هونەرمەندەكانی
هاوڕێی ئەو و بە كەسوكاری ئەویشم گوتووە با
ئەمجارە بەشێوازێكی تر یادی كاروان عوسمان
بكەینەوە، هەموومان كۆبینەوە و لەكەناڵێك یادی
بكەینەوە و گۆرانییەكانی ئەو بڵێینەوە.
سڤیل: تۆ یەكێك بووی لەهاوڕێیە نزیكەكانی
هونەرمەندی كۆچكردوو كاروان عوسمان، زۆر قسە
كراوە لەسەر پەیوەندی خۆشەویستی نێوانی ئەو و
ژنە شاعیر كەژاڵ ئەحمەد، دەكرێ باسی ئەوە
بكەی؟
سالار مەحموود: من بڕوام بەم حكایەتانە نییە،
ئەوە دروستكراوە، ئەوەندەی من لەكاروان عوسمان
نزیك بووم و ئەوەندەی من ئاگادار بووبم و
هاوڕێی نزیكی ئەو بووم، كاروان عوسمان كچێكی
دیكەی خۆشدەویست نەك كەژاڵ ئەحمەد.
سڤیل: لەم مانگەدا كۆنسێرتێكت لەگەڵ دڵنیا
قەرەداخی و نازێ عەزیزی و شیلان عوسمان
لەسلێمانی كرد، بەڵام بۆچوونێك هەبوو پێیوا
بوو ئاست و ستایلی تۆ جیاواز بوو لەگەڵ ئاستی
ئەو هونەرمەندانە بۆچی قبوڵی كردووە؟
سالار مەحموود: من خۆم لەكەس بەگەورەتر نازانم
و رێزم بۆ هەموو هونەرمەندەكان هەیە، زۆر
خۆشحاڵبووم كە كۆمەڵە گەنجێك داوایان لێم كرد
بەشداری لەكۆنسێرتێك بكەم كە بۆ گەنجانی
سلێمانییە، لەبەرئەوە بەبێ هیچ گوێدانێك بەم
شتانەی كە تۆ باسی دەكەی بەشداریم كرد، دەبێ
ئێمە پاڵپشتی ئەوانە بین كە لەئاستی
هونەرییەوە لەئێمە نزمترن، ئەوانەش پاڵپشتی
ئێمە بن كە لەئاستی هونەریی لەئێمە بەرزترن. |