|
سڤیل:
ئەحمەد تاریق
هونەرمەندی كورد لەبەر عەیبە هیچی پێناكرێ
ئەگەر هونەرمەند لە كوردستان پشتی نەبێـت
نــابێـتە هیچ، وازبێـنێ بـــاشترە
ئەكتەری كۆمیدی ئەیام ئەكرەم ناسراو بە شەمۆ،
دوای 20 ساڵ كاركردن لەبواری تەمسیل و
شانۆگەری ئێستا دەڵێ پەشیمانم بووم بە
هونەرمەند، لەو چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (سڤیل)
شەمۆ دەڵێت "هونەرمەند لەكوردستان رێزی
لێناگرێ، كە پیریش بوو دەكەوێتە سەر شەقام و
هۆتێلەكان، بۆیە چەكداری باشترە
لەهونەرمەندێتی". شەمۆ ئاماژەی بەوەشدا ئەو
هونەرمەندانەی دەوڵەمەندبوونە پشتیان هەیە،
"هونەرمەند لەكوردستان پشتی نەبێت نابێتە
هیچ".
سڤیل: منداڵیت چۆن بوو؟
شەمۆ: لەبنەماڵەیەكی هەژار لەدایك بووم و
منداڵێكی زۆر عەجول بووم، بەردەوام كارم
دەكردو كاری بۆیاغچێتیم كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا
لەژیانی خۆم مورتاح بووم، بەگشتی ژیانی ئەوكات
بەهەموو سادەیەكییەوە خۆش بوو.
سڤیل: وەزارەتی رۆشنبیری چۆن دەبینی بۆ
هاوكاریكردنی هونەرمەندان؟
شەمۆ: زۆر خراپ، فەقیرانە بۆ هەندێك كەس باشن،
قسەی زۆرم پێیە پڕم، بەس وازی لێ بێنە هەر
باسی وەزارەتی رۆشنبیری مەكە، ئەگەر ئێمەی
هونەرمەندان لەوەزارەت هاوكاری نەكرێین ئەی
لەكام وەزارەت هاوكاریمان بكرێ، بەڵام ئەوە بۆ
هەمووان نا، بۆ هەندێ هونەرمەند ئاوان، ئەوەی
واسیتەی نەبێ لەماڵ دەكەوێت.
سڤیل: دەڵێین شەمۆ لەكاری هونەری بێزارە،
بۆچی؟
شەمۆ: زۆر زۆر بێزارم، هەر زۆر پەشیمانم بوومە
هونەرمەند، بەراستی گوناحە لەكوردستان
هونەرمەند بیت، دەبێت لەكوردستان چەكداربی یان
ئاسایش، كوڕە ئاغابیت باشترە نەك ببیتە
هونەرمەندی قوڕبەسەر، ئەو وڵاتە هی ئەوە نییە
ببیتە هونەرمەند.
سڤیل: خەڵكانێك دەڵێن ئەگەر شەمۆ لەوڵاتانی تر
بوایە رێزێكی تری دەبوو، بەڵام لەهەولێر
ئیهمال كراوە، ئەم قسە تاچەند راستە؟
شەمۆ: كوڕە لێرە رێز لەزۆر كەس ناگیرێت، نەك
بەس من، رێز لەعەبدولواحید ناگیرێت، كوا رێز
لەكێ گیراوە؟ دەفەرموو هونەرمەند تەها ئاغاجان
لەهوتێل كەوتووە! شێرزاد پۆلیس ئەو هونەرمەندە
گەورەیە، كە من زۆر وانەی لێ فێر بووم بەس
تەماشای شێرزاد دەكەم پێكەنین دەمگرێت،
بڕوابكە ئەبقەرییە لەهونەری كۆمیدی، ئەوە
دەبوایە فوئاد موهەندیس بوایە، بەراستی ئەو
كەسێكە لەنووسین لەفیلم لەكاركردن زۆر
بەتوانایە، بەڵام ئێستا لەهوتێلێك كەوتووە
مانگی بە400 هەزار ئیش دەكات، ئاخر كە ئەوە
دەبینی چ دڵێكت بەهونەر خۆشدەبێت؟.
سڤیل: شانۆگەرییەكانی ئێستا چۆن دەبینی؟
شەمۆ: من شەخسی خۆم ناڕۆم بۆ شانۆگەری كەس،
ئەگەر خۆم لەفیلمەكە بەشداریم كردبێ دەچم بۆ
نمایشەكە، ئەگەرنا ناڕۆم بۆهیچ شانۆگەرییەك.
سڤیل: هەندێك لەهونەرمەندەكان پێیانوایە شانۆی
كوردی لەقەیراندایە تۆ رات چییە؟
شەمۆ: ناوەڵڵا من لەگەڵ ئەم قسەدا نیم، شانۆیی
كوردی لەقەیراندا نییە ئەو هونەرمەندانەی ئەو
قسانە دەكەن خۆیان لەقەیراندان و جەماوەر
ئەوانیان ناوێت، جەماوەر نایەت سەیری ئەوانە
بكات لەشانۆ، ئەی بۆچی من شانۆگەری دەكەم هۆڵ
پڕدەبێت؟ كوا قەیران چییە؟ ئەگەر تۆ نەتوانی
جەماوەر بێنی بۆ ناو هۆڵ باشە بۆ شانۆ دەكەیت
بۆ دەبیتە هونەرمەند، خۆ ئەوەش یاری تۆپی پێ
نییە، بەبڕوای من ئەوانە وازبێنن باشترە بۆ
شانۆی كوردی و بۆ خۆشیان، واتا زۆر عەنتیكەیە
سروشتیان، زۆربەی ئەم شانۆگەریانەی ئەمڕۆ
نمایش دەكرێ بەتایبەت لەهەولێر كارەكانیان
موعەقەدە، تۆ دەبێت لەگەڵ میزاجی میللەتەكە
خۆت بڕۆی، خەڵك جەماوەر چی دەوێت ئەوە بكەی،
دەی فەرموو ئەوە پەیمانگای هونەرەجوانەكان و
كۆلێژی هونەرە جوانەكان ئەوە تەمەنیان بۆتە 15
ساڵ، بەڵام چوار هونەرمەندی لێ دروست نەبووە،
دەڵێن ئەو كارە عەیبە و ئەوەش عەیبە، ئەی برا
كامە عەیب نییە؟، هەموو هونەرمەندە میسرییەكان
قون بادەدەن و راقیسە دەكەن و كچ رۆڵی كوڕ
دەبینێ و كوڕ رۆڵی كچ دەبینێ، رۆڵی مەلاش
دەبینن، هەموو رۆڵێك دەبینن، ئەوەتا باشترین
هونەریان هەیە، لەهونەردا ئەگەر بتەوێت
داهێنان بكەی، هیچ شتێك عەیب نییە بیكەی.
سڤیل: باشە ئەی بۆچی ماچ یاخود باوەش بەیەكتر
لەفیلمەكانی ئێوەدا نابینرێت؟
شەمۆ: ئەو پرسیارە پێنج سەد ساڵی دیكە بیكەوە،
چونكە ئەو بوێرییە تاوەكو لەناو هونەرمەندەكان
دروست دەبێت، پێنج سەد ساڵی دەوێت، دوای ئەوەش
ئەو بێگانەپەرستییە كێشەیەكی گەورەیە، بۆ
نموونە بزانن كابرایەك غەریبە لەكوردستان
دەیپەرستن، ئێستا بەسەدان گۆرانیبێژ دەبینی
لەشەقامەكان كەوتووە كەس سەیریشی ناكات، بەس
هەندێك گۆرانیبێژی كورد نەبێت بە واسیتە
دەوڵەمەندبوونە، بەڵام گۆرانیبێژی بێگانە دێنن
یەك فەردە پارەی دەدەنێ بۆ شەوێك!.
سڤیل: بەبڕوای خۆت ئەگەر ببویتایە بە
گۆرانیبێژ هەر ئەو جەماوەرەی ئێستات دەبوو؟
شەمۆ: كوڕە ئەوە موهیم نییە بە كاری فیلم ئەو
هەموو جەماوەرەت هەبێت؟! كوا هیچ ئەكتەرێك ئەو
هەموو جەماوەرەی بۆ پەیا دەبێت؟
سڤیل: حەزت نەدەكرد بوبایتە گۆرانیبێژ؟
شەمۆ: كێشەكەم ئەوەیە دەنگم خۆش نییە، من
ئاواتم ئەوە بوو ببم بەئەكتەر، بە ئاواتەكەشم
گەیشتم، بەس كێشەكە ئەوەیە پشتت نەبێت هەربێ
توانایت، لەكوردستان دەبێت هونەرمەند پشتی
هەبێت، بەس ئەوەندە موهیمە بەتەنیا توانیومە
ئەو جەماوەرە بۆ خۆم كۆبكەمەوە.
سڤیل: خەڵكانێك پێیان وابوو شەمۆ لەبەرنامەی
من جیاوازم خۆی ناشیرین كرد، تۆش هەمان رات
هەیە؟
شەمۆ: بەڵێ، بۆیە بەشداریم كرد، لەبەرئەوەی
گوتیان دەتكەینە لێژنەی هەڵسەنگاندنی
بەرنامەكە، دوای گوتیان لێرە راوەستە! كارەكە
تێكچوو، هەر بۆخۆشم بەرنامەكەم جێهێشت.
|