شیلان عوسمان:  من بە قەڵەوی خۆم ئیزعـــــــــــــــــــاج نیم، خەڵك حەقی چییە؟   

 

 

سڤیل: زانا دڵشاد دزەیی

ئەوەی جانتاكەی لێ دزیم، بەس مۆڵەتی شوفێرییەكم بۆ بگەڕێنێتەوە سوپاسی دەكەم... زۆر بـە جـدی دەسـتـم بـە كـاری هـونـــــەری كردۆتەوە

گۆرانیبێژ شیلان عوسمان دوای ساڵانێك لەگۆرانی گوتن، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەكەی لەساڵی 2003 بەشێوەیەك لەكاری هونەری دووركەوتەوە، بەڵام وەك خۆی لەم دیمانەیەدا لەگەڵ (سڤیل) باسی دەكات، دەیەوێ زۆر بەجدی دەست بەكاری هونەری بكاتەوە.

سڤیل: بۆچی چەند ساڵێكە بەرهەمی نوێت نییە؟
شیلان عوسمان: دووركەوتنەوەی من لەكاری هونەری، دووركەوتنەوەیەكی ئەوتۆ نییە، لەماوەی ساڵی پار و ئەمساڵ چەندین پڕۆگرامی فیستیڤاڵم هەبووە، ئەمساڵیش چەند كارێكم ئەنجام داوەو زۆر بەجدی دەستم بەكاری هونەری كردۆتەوە، بەڵام بۆچی چەند ساڵێك بەرهەمی نوێم نەبووە؟ ساڵی 2006 نوسراوێكی داواكاری هاوكاریم بۆ وەزارەتی رۆشنبیری كرد، داوای بڕە پارەیەكم كرد بۆئەوەی ئەلبوومە نوێیەكەم پێ تۆمار بكەم، بەڵام تائێستا هاوكاری نەكراوم. منیش لەبەرئەوە نەمتوانی بەرهەمی نوێ تۆمار بكەم.
سڤیل: تائێستا چاوەڕوانی ئەو هاوكارییە دەكەی، واتا بەرهەمی تازە ناكەی، تاوەكو هاوكاری نەكرێی؟
شیلان عوسمان: نا، من وازم لەو هاوكارییە هێنا، وەكو توانایەكی خۆم كە دەستم بەكاری هونەری كردووە، دەمەوێ دەست بەپڕۆژەیەك بكەم، كە ئەلبوومێكەو لەحەوت گۆرانی پێكهاتووە، لەلایەكی ترەوە سووكە بەڵێنێكیان پێدوام، كە هاوكاری بكرێم، ئینشاڵڵا لەوێوە دەست بەكارە نوێیەكانم دەكەم.
سڤیل: ئەوە تەنیا پەیوەندی بەنەبوونی مادی هەیە یاخود هاتنی كۆمەڵێك كچی گۆرانیبێژی تازە وایكرد تۆ دووركەویتەوە؟
شیلان عوسمان: من نایگەڕێنمەوە بۆ ئەوە، لەبەرئەوەی چەندینجار باسم كردووە، ئەو گۆرانیبێژانەی لەو چەند ساڵەدا هاتوونەتە بواری گۆرانی گوتنەوە، بەتایبەت ئافرەتەكان، من بەشبەحاڵی خۆم هونەرەكەی ئەوانم لاجوان نییە، لەبەرئەوەی هونەری بێگانە بەكاردێنن و تاموچێژی نییە، بەڵكو ئەو كارەی من دەمەوێ بیكەم زۆر قورسە و دەمەوێت ئەلبومێكی زۆر جوان و پرۆفیشناڵ بێت و كەس گلەییم لێ نەكات، كەس نەلێ كارەكانت ناشرینە.
سڤیل: هاوسەرەكەی تۆ هونەرمەندێكی موزیكژەنەو گروپێكی میوزیكی سونەتیان هەیە، بۆچی وەك پێویست نەتتوانیووە سوود لەوە وەرگری؟
شیلان عوسمان: ماوەی ساڵێكە لەگەڵ ئەو گروپە كار دەكەین، گروپێكی زۆر جوانمان پێكهێناوە، بەناوی "گروپی موزیكی ماڵی كورد" ئەوان تەنیا توانیویانە لەچەند شتێك هاوكاریم بكەن، ئەمساڵ كۆنسێرتێكی زۆر جوانمان لەگەڵ هونەرمەندی خۆشەویست كاك رێباز شەمامی، كە لەرۆژهەڵاتەوە هاتبوون، ئەنجامدا، ئێستاش ماوەیەكە سەرقاڵی تۆماركردنی دوو بەرهەمین، لەو بەرهەمانەی لەكۆنسێرتەكەدا پێشكەشم كرد، دوو بەرهەمی زۆرجوانی فۆلكلۆری سونەتییە، لەئایندەیەكی نزیكدا لەئەلبوومێكی نوێدا بڵاوی دەكەینەوە.
سڤیل: ئەو حەوت گۆرانییە نوێیەی كە لەئەلبوومێك ئامادەیان دەكەی چۆنن، لەرووی شیعر و ستایلەوە، هەروەك ستایلەكەی پێشووت دەبێت؟
شیلان عوسمان: نەخێر ئەمجارە شتێكی زۆر جیاوازە، نامەوێ ئەو ستایلەی پێشووم بێت، لەبەرئەوەی لەوانەیە لەستایلی پێشووم بەشێوازێكی تازەگەریانە نەمتوانی بێت ئەو كارانە بكەم، دەمەوێ زیاد لەسنوور بەستایلی زۆر نوێ و ستایلێكی سونەتیانەی زۆر جوان گۆرانییەكان تۆمار دەكەم.
سڤیل: زۆربەی گۆرانییەكانی پێشووت شیعری دایكت بووە، بۆ گۆرانییەكانی ئەمجارەش پشتت بەشیعرەكانی دایكت بەستووە؟
شیلان عوسمان: جارێ زۆر بەتایبەتی شیعرم بۆ دەستنیشان نەكردووە، چونكە پێم خۆشە تێكستە كلاسیكەكان تێدەكەم، بۆ نموونە مامۆستا هێمن و گۆران و نالی و مەحوی، لەوانەیە پێویست بكات شیعر لەدایكم وەرگرم.
سڤیل: دایكت زۆر هاوكارت بووە لەكاری هونەری، لەبارەی ئەو چەند ساڵەی بەرهەمی نوێت نییە، لێت نیگەران نییە؟
شیلان عوسمان: بێگومان لێم نیگەران بووە، دایكم زۆر هاندەرمە لەكاری هونەری، زۆر نیگەرانە كاری نوێم نییە، دایكم لەوە تێگەیشتووە زۆر بەزحمەت كار دەكرێ و ناتوانم هەموو مادییەكە خۆم ئامادەی بكەم، بەڵام هەر گلەیی هەیە لەسەرم و دەڵێ هەردەبێ كاری نوێت هەبێ.
سڤیل: دوای وازهێنانت لە "گروپی كیژانی سلێمانی". كە هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی سەرپەرشتی دەكات، داوات لێنەكراوە بگەڕێیتەوە؟
شیلان عوسمان: نەخێر داوام لێنەكراوە، چونكە داواشم لێ بكەن ناتوانم بگەڕێمەوە كاریان لەگەڵ بكەم، لەبەرئەوەی ستایلێكی تایبەتی خۆم گرتووە، حەزم لەستایلی سونەتییە، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
سڤیل: ئەی لەگەڵ ئەندامانی گروپەكە سەردانی یەكتر دەكەن؟ بەتایبەت لەگەڵ ئەنوەر قەرەداخی نێوانتان هەیە؟
شیلان عوسمان: بەڵێ بەڵێ زۆر بەخۆشحاڵییەوە، زۆر هاوڕێن، رێز و خۆشەویستیم بۆ مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی هەیەو لەهەر شوێنێك یەكتر ببینین زۆر ئاساییە بەلامەوە سەلام و چاك و چۆنی لێ بكەم، هەر مامۆستاكەی جارانە.
سڤیل: بۆچی خۆت لاواز ناكەیتەوە، تۆ رۆژانە چی دەخۆی وا ناتوانی خۆت لاواز بكەیتەوە؟
شیلان عوسمان: هاوڕێ و كەسە نزیكەكانم زۆرجار ئەو پرسیارەم لێدەكەن، ئەوە ستایلێكی تایبەتی خۆمە، لەتەمەنی منداڵیشمەوە هەر وابووم، من بڕوام بەوە نییە كەم بخۆی لاواز دەبی و زۆر بخۆی قەڵەو دەبی، نەخێر وانییە، هاوڕێكانی خۆم ئەوانەی كە لێم نزیكن و پیاسە دەكەین زۆر پێمدەڵێن زۆر مەخۆ باقەڵەو نەبی، لەگەڵ رێزم من پێكەنینم بەقسەكانیان دێت، ئەگەر بەخواردن بوایە دەمتوانی بەیەك مانگ زۆر خۆم دابەزێنم، من بەقەڵەوی خۆم ئیزعاج نیم، ئیتر نازانم خەڵك حەقی چییە بەسەرمنەوە قەڵەوم یان نا. تكا لەو خەڵكە دەكەم تەداخولی شتی شەخسی هونەرمەند نەكەن، تەنیا پرسیار لەشتە هونەرییەكانی هونەرمەند بكەن.
سڤیل: سلێمانی ئێستا و پێشوو چ جیاوازییەكی هەیە؟
شیلان عوسمان: جیاوازی زۆر زۆرە، ئێمە ساڵ بەساڵ دەبێ بەرەو پێشكەوتن بڕۆین، بەڵام بەداخەوە رێزم بۆ ئەو خەڵكە هەیە، سەیری دەكەین رۆژبەرۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە، وەك ئێستا باسم كرد، لەوانەیە جاران كەس حەقی بەسەرتەوە نەبوایە باسی شتی تایبەت بكەن، بەڵام ئێستا باسی شتی زۆر تایبەتی یەكتر دەكرێ، ژیانی جاران زۆر پاك و سادە و خۆش بوو، ئەگەر نان و چایەكیشت بخواردایە، بەڕای من زۆر خۆشتر بوو لەنان و چێشتەكەی ئێستا.
سڤیل: وابزانم لەدواین كۆنسێرتت جانتایەكت لێ دزرا، جانتایەكە چی تێدا بوو؟
شیلان عوسمان: دەستخۆشیت لێدەكەم بۆ ئەو پرسیارە، هیوادارم ئەو قسەی من ئێستا دەیكەم دزەكە بیخوێنێتەوە، لەدوایین كۆنسێرتمان كە تایبەت بوو بەگەنجان، لەهۆڵی تەلاری هونەر ژوورێكی تایبەت هەیە بۆ هونەرمەندەكان جانتایەكی جلوبەرگ و جانتایەكی شانم لابوو، ئەوەندەی من چووم بۆ سەر شانۆ گۆرانیم پێشكەشكرد جانتاكەیان لێ دزیم، كە 300 دۆلار و مۆڵەتێكی لێخورینی ئۆتۆمبێل لەگەڵ چەند بۆنێكی تایبەت بۆم هاتبوون و هەندێ وێنەی هاوسەرەكەم، داوا لەو دزە بەڕێز و خۆشەویستە دەكەم، هەموو شتەكانی پیرۆزبێ، بەس مۆڵەتی ئۆتۆمبێلەكەم بۆ بگەڕێنێتەوە و لەشوێنێك بۆم دانێت.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com