|
سڤیل:
حەزم لە كەباب و بامیە و كفتەیە و هاوسەرەكەشم
رقی لەم خواردنانەیە
زۆیا و لەزگین ئێستا خاوەن دوو كوڕن،
بەناوەكانی "لاوك و ئەیاس". زۆیا سێ خوشك و
چوار برای هەیە، خۆی لەهەموویان بچوكترە،
لەزگینیش حەوت برا و چوار خوشكی هەیە و خۆی
بچوكترینیانە.
زۆیا ساڵی 1986 لەدایكبووە و لەمنداڵیەوە
لەقوتابخانە گۆرانی گوتووە، هەروەها ئاشقی
گۆرانییەكانی هەردوو هونەرمەند محەمەد شێخۆ و
جوان حاجۆییە، هەروەها لە ئاهەنگی زانكۆ
گۆرانی گوتووە و تاوەكو پۆڵی 10ی زانستی
خوێندووە، لەساڵی 2003 لەگەڵ هونەرمەندی
موزیكژەن لەزگین ژیانی هاوسەرییان پێكهێناوە.
دوای بڵاوكردنەوەی دوو ئەلبوومی گۆرانی،
هاوسەرەكەی زۆیا لەزگین دەڵێت "زۆیا دەنگیكی
باشی هەیەو توانای گۆرانی گوتنی هەیەو بۆ شایی
و بۆنەكان دەنگێكی فراوان و توانای دەركردنی
تۆنەكانی قەرار و وەڵامی دەنگی هەیە، ئەمەش بۆ
هونەرمەند زۆر گرنگ و پێویستە لەگۆرانی
گوتندا".
هونەرمەندی دەنگخۆش زۆیا كە خەڵكی كودستانی
سوریایەو ئێستاش دانیشووی ئەم وڵاتەیە، مانگی
رابردوو بۆ ئەنجامدانی چەند كارێكی هونەری خۆی
و هاوسەرەكەی هونەرمەند لەزگین بەسەردانێك
لەشاری دهۆك بوون، (سڤیل) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ
هەردووكیان ئەنجامدا، زۆیا گوتی "بۆ كاری
هونەری دێم بۆ كوردستانی ئازاد، چونكە هێشتا
ئەوەی من دەمەوێت پێشكەشی جەماوەرەكەمی بكەم
نەمكردووە، بۆیە هیوادارم زیاتر خزمەت بكەم و
گۆرانی پێشكەشی جەماوەرەكەم بكەم، بەتایبەت
لەكوردستان زیاتر گوێگرم هەیەو بەتایبەتیش
لەشاری دهۆك، رەنگە لەبەرئەوە بێت من شاری
دهۆكم زۆر خۆش دەوێت".
باوكی زۆیا لەقامیشلو ستودیۆی تۆماركردنی
دەنگی هەیەو دوو براكەشی موزیكژەنن، بەڵام
زۆیا دەڵێت "لەسەرەتادا لەگەڵ دەستپێكردنم بۆ
گۆرانیگوتن، دایكم بەشەرم و عەیبی زانی گۆرانی
بڵێم، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە تەنانەت
پشتگیریشم دەكات و پێیخۆشە بوومەتە
گۆرانیبێژێك كە دوو ئەلبوومم كردووە و
ناوبانگێكی جوانم دروستكردووە، ئێستا دایكم
بەمە زۆر دڵخۆشە".
زۆیا پێنج مانگ خۆشەویستی كردووە
هونەرمەندی موزیكژەن لەزگین هاوسەری هونەرمەند
زۆیا یەكەم بینینی خۆی و زۆیا بەمشێوەیە باس
دەكات، "داواكرام بچم لەستۆدیۆی باوكی زۆیا
كەمان بۆ هونەرمەندەكان بژەنم و لەوێ ئیشی
هونەری بكەم، بۆ یەكەمجار زۆیام لەوێ بینی
لەساڵی 2002 كچێكی كەیفخۆش بوو، لەمنداڵییەوە
ئەو بیرۆكەیە لەسەری مندا هەبووە كە خێزانێكی
هونەری پێكبێنم، دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ
لەبینینی هەردووكمان، ساڵی 2003 بڕیارماندا
بچینە ژیانی هاوسەرگیرییەوەو خێزانێكی هونەری
دروست بكەین، دوای ماوەیەكی كورت لەژیانی
هاوسەرگیری بەشێوەیەكی فەرمی زۆیا دەستی
بەگۆرانی گوتن كردو هاوكاریم كرد". زۆیاش دوای
قسەكانی لەزگینی هاوسەری، دەڵێت "هەرچەندە بە
كچێتیم حەزم دەكرد دەست بەگۆرانیگوتن بكەم،
بەڵام بۆ من سەخت بوو، بەڵام دوای شووكردنم
هاوسەرەكەم كاریگەری زۆری بەسەرمنەوە هەبوو،
هاوكارییەكی زۆری كردم، بۆیە بەم هۆیەوە ساڵی
2006 یەكەمین ئەلبوومی خۆم بەناوی (چاڤێن تە)
كە لە 10 گۆرانی پێكهاتووە بڵاوكردەوە، سوپاس
بۆ خوا سەركەوتنی باشم تۆماركردو توانی ببێتە
هۆكارێك بۆ ناساندنی من بەجەماوەر، ئەم
ئەلبوومەم نەك تەنیا لەسوریا بەڵكو
لەكوردستانی باكووریش زۆر دەنگی دایەوە، بۆیە
هەمووكات خۆم بەقەرزای هاوسەرەكەم هونەرمەند
لەزگین دەزانم". زۆریا لەقسەكانی بەردەوام
دەبێت و دەڵێت "ساڵی 2010 دووەمین بەرهەمم
بڵاوكردەوە، هەموو ئاواز و موزیكی ئەلبوومەكە
هی هاوسەرەكەم بوو، ئەلبوومی دووەمیشم بووە
هۆكارێك لەگۆرانی گوتن بەردەوام بم".
"كەم كەم دێین بۆ دهۆك، بۆئەوەی شیرین بین"
گۆرانیبێژی دەنگخۆش زۆیا ئاشكرایكرد "گەلێك
داوام كراوە بۆ گێڕانی ئاهەنگ، بەڵام من
پشتگوێم خستووەو نەمكردووە، چونكە لەئاستی
مندا نەبووە، ئەو ئاهەنگەی من دەچم دەمەوێت
خێزانی بێت، خەڵكەكە بۆ ئەوە هاتبێ گوێ
لەگۆرانیگوتن بگرن، شوێنێكی باشی هونەری بێت،
حەزی من كۆنسێرتە، چونكە زۆر مورتاحم كاتێك
لەسەر شانۆ راستەوخۆ گۆرانی دەڵێم و خەڵكێكی
زۆر لەنزیكەوە گوێم بۆ بگرن، ئەوە بۆ
هونەرمەند هەموو شتێكە، زۆریش لەگەڵ
هومەرمەنداتی تر پێكەوە ئاهەنگمان كردووە،
بەتایبەت لەگەڵ هونەرمەند مستەفا خالید،
لەئاهەنگ و جەژنی سەری ساڵەكان دا". زۆیا
ئەوەشی گوت "لەكۆنسێرت دەمەوێت بەجلی كوردی
گۆرانی بڵێم و لەكلیپەكانیشمدا دەمەوێت جلی
نۆرمال لەبەر بكەم".
بەبەراورد لەگەڵ هونەرمەندەكانی تر كە زوو زوو
سەردانی كوردستان دەكەن، بەڵام زۆیا و لەزگین
زۆر كەم سەردانی كوردستان دەكەن، ساڵی
لەسەردانێك زیاتر ئەنجام نادەن، لەوبارەیەوە
لەزگین ئاشكرایكرد تەنیا دهۆك داخوازیان
لێدەكەن بۆ سەردانكردنیان، گوتیشی "ئەگەر مرۆڤ
بووە یەكێك لەخەڵكی شارێك رۆژبەرۆژ مرۆڤ سەنگی
كەم دەبێتەوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت تەنیا
بەسەردان بێینە دهۆك، بۆئەوەی شرین بین، چونكە
میوان شیرینە".
لەبارەی ئاستی گۆرانی و موزیكی كوردی كە
زۆربەی هونەرمەندان پێیانوایە رۆژ دوای رۆژ
هونەری كوردی بەرەو لاوازی دەڕوات، بەتایبەت
لەباشووری كوردستان كە بۆچوونێك هەیە
پێیانوایە لەباشووری كوردستان هونەرمەندەكان
لاسایی مۆسیقای تورك و عەرەب دەكەنەوە، بەڵام
زۆیا بەپێچەوانەوە دەڵێت "ئەمڕۆ گۆرانی كوردی
هەستی مرۆڤی كورد دەهەژێنێت و ساڵ بۆ ساڵ لە
بەرەوپێشچوون دایە، بەتایبەت لەكوردستانی
ئازاد، كە موزیك و گۆرانی كوردی تێدا
پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینووە، وەك كلیپ و
بەرهەمهێنەرەكان و موزیكژەنانی باش
لەكوردستانی ئازاد هەیە، ئێستاش زۆر
گۆرانیبێژی دەنگخۆش دەركەوتوون، بەڵام ئەو
هونەرمەندەی هەمیشە كاریگەری لە هەستی من
دەكات گۆرانییەكانی محەمەد شێخۆیە، من هەمیشە
تەنانەت بۆ خۆم گۆرانییەكانی دەڵێمەوە".
هاوسەرەكەم حەز بە خواردنەكانی من ناكات
لەزگین ئاشكرایكرد "ئێمە هەردووكمان منداڵی
خۆشەویستی ماڵی خۆمان بووینەو نازداری ماڵی
خۆمانین و زۆیا دەیەوێت من نازی هەڵگرم و منیش
دەمەوێت زۆیا نازم هەڵگرێت، چی بكەین ئەوە
واهاتووە".
زۆیاش باس لەو خواردنانە دەكات كە خۆی حەزی
لێیەتی و لەزگین حەزی لێ نییە، گوتی "حەز
بەخواردنی كەباب دەكەم و لەزگینیش حەزی لێ
ناكات، ئەو خواردنەی ئەوەیش حەزی لێیەتی من
حەزم لێی نییە، من حەز بە بامیا و كفتە و
خواردنە كوردەوارییەكان دەكەم، بەپێچەوانەوە
ئەو حەز بەم خواردنانەوە ناكات".
|