ڤالانتاین.. رۆژی خۆشەویستی و دیـــــــاری و گــــــوڵــی ســــــــوور  

 

لە كوردستان خۆشەویستان گوڵی نــــایلـــۆن پێشكەشی یەكتر دەكەن

سڤیل: مەریوان عومەر

لە مانگی شوباتی هەموو ساڵێكدا رەنگی سوور لەسەرووی رەنگەكانی ترەوەیە، لەو رۆژەدا عاشقان و خۆشەویستان پەیمانی خۆشەویستی لەگەڵ یەكتر نوێ دەكەنەوە و پەیامی خۆشەویستی لەگەڵ یەكتر دەگۆڕنەوە، ئەگەر چی چەند ساڵێكە لە كوردستان ئەو یادە دەكرێتەوە، بەڵام وەك تامان شاكر، نوسەر و رۆژنامەنوس دەڵێت "بەڵام جێگای داخە ئێمە بەشێوازێكی تر ئەو جەژنە دەكەین، ئەویش بە پێشكەشكردنی گوڵی نایلۆن لە جیاتی گوڵی سروشتی"
لەگەڵ نزیكبوونەوەی 14ی شوبات كە لە كەلتووری رۆژئاوادا وەك "جەژنی عاشقان" ناسراوە و ساڵانە ئاهەنگی تێدا دەگێڕن، زۆربەی فرۆشگاكان رووی دەرەوە و دیكۆریان بە رەنگی سوور وەك هێمایەك بۆ خۆشەویستی دەڕازێننەوە و نوێترین كاڵاكانیان نمایش دەكەن و نرخی ئەو كاڵایانەش گرانتر دەكەن، كە لە رۆژی خۆشەویستیدا دەكرێنە دیاری.
رۆژی خۆشەویستی یاخود رۆژی قەدیس "ڤالانتاین" بۆنەیەكە و زۆر لە خەڵكی لە سەرتاسەری جیهاندا لە 14ی شوباتدا یادی دەكەنەوە و ئاهەنگی تێدا دەگێڕن. بە تایبەت لەكۆمەڵگا رۆژئاواییەكاندا عاشقان و خۆشەویستان گوڵی رەنگ سوور و كارتی پیرۆزبایی جەژنی خۆشەویستی و شیرینی پێشكەش بە خۆشەویستەكانیان دەكەن. ئەو رۆژەش بە ناوی یەكێك لە شەهیدەكانی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحیەوە كراوە، كە ناوی "ڤالانتاین" بووە، پاشانیش بۆتە گوزارشتێك بۆ خۆشەویستی رۆمانسی، كە ئەدیبی ئینگلیزی "جیفری چوسر" لەسەدەكانی ناوەڕاستدا داهێنانی تێدا ئەنجام داوە.
لە چیرۆكی ڤالانتایندا باس لە ئیمبراتۆر "كلاودیۆسی دووەم" دەكرێت، كە بە بڕیارێك هاوسەرگیریی لە سەربازەكانی قەدەغە دەكات، چونكە پێی وابوو هاوسەرگیریی لە توانا و ئیرادەی سەربازەكانی لە گۆڕەپانەكانی جەنگدا لاواز دەكات. لەو كاتەدا راهیبێكی مەسیحی بە ناوی "ڤالانتاین" بە تەواوی هەستی مرۆڤانە و ئازایەتی و خۆشەویستیەوە لە دژی ئەو بڕیارە دەوەستێتەوە و بەردەوام درێژە بە گرێبەستە هاوسەرگیرییەكان لە نێوان گەنجان و عاشقان و خۆشەویستاندا دەدات و گەنجان بۆ هاوسەرگیریی هان دەدات. پاشان ئیمبراتۆر كە بەو رووداوە دەزانێت، ئامادە دەبێت ئەو راهیبە ببەخشێت، لە بەرامبەر دەستبەردانی لە ئاینی مەسیحی و پەرستنی خواكانی رۆمان، چونكە ئەوكات مەسیحیەت لە سەرەتای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەیدا بوو و ئاینێكی نهێنی و قەدەغەكراو بوو. بەڵام "ڤالانتاین" ئەو بەخشین و بەخششەی ئیمبراتۆر رەت دەكاتەوە و هەر لەسەر مەسیحیبوونی خۆی سوور دەبێت. تا لە 14ی شوباتی 270ی زاینیدا كە رۆژی جەژن بووە لای رۆمەكان، ئیمبراتۆر لە سێدارەی دەدات.
تامان شاكر رۆژنامەنووس و چالاكوانی بواری ئافرەتان باس لەوە دەكات، كە راستە لەبنچینەدا ئەو جەژنە كەلتورێكی رۆژئاواییە، بەڵام چەند ساڵێكە بە هۆی كرانەوەی زیاتری كۆمەڵگای كوردی بە رووی جیهاندا و هاتووچۆی خەڵكی كوردستان بۆ هەندەران و گەڕانەوەیان، لێرەشدا بووە بە كەلتورێك. ئەو دەڵێت "بەڵام جێگای داخە ئێمە بەشێوازێكی تر ئەو جەژنە دەكەین، ئەویش بە پێشكەشكردنی گوڵی نایلۆن لە جیاتی گوڵی سروشتی، چالاكیەكی ئەوتۆش ئەنجام نادرێت. بۆ نمونە لە دەرەوە خەڵك لەسەر جادەكان دەوەستن و گوڵ دابەش دەكەن. لێرەدا تا ئێستا شتی وام نەبینیوە و لە دامودەزگاكانیشماندا بە شێوازێكی ئەوتۆ یادی ناكرێتەوە".
تامان شاكر هەروەها خۆشەویستی بە رێگاچارەی ئەو توندوتیژیە دەزانێت، كە لە كۆمەڵگای كوردیدا هەیە. لە بەرامبەر هەڵوێستی مەلاكانیش بەرامبەر بە رۆژی ڤالانتاین تامان دەڵێت "كوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی مەلا بەڕێوەی دەبات، مەلا لەسەر دەرپێی ژن قسە دەكات، لەسەر رۆژی خۆشەویستی قسە دەكات. دەبوو مەلا زیاتر تەشجیعی ئەو رۆژەیان بكردبایە، تا خۆشەویستی لە نێوان تاكەكاندا دروست بێت. نەوەك دژی بوەستنەوە. لە خوتبە باس لە قەشە ڤەلانتاین بكەن، كە كارێكی لە پێناو مرۆڤایەتیدا كردووە و بڵێن ئەی پیاوەكان دیاریەكی جوان و دەسكەگوڵ بۆ خێزانەكانتان ببنەوە تا خۆشەویستی نێوانتان قوڵتر ببێتەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com