|
سڤیل:
ناشێ سینەما دەست بۆ رۆمانەكانی ڤیكتۆر هۆگۆ
نەبات، ئەو رۆمانانەی كە چەندین جار دەكرێنە
فیلم، كەچی هەر سیحری خۆیان لەدەست نادەن، دوو
رۆمانی ڤیكتۆر هۆگۆ زیاتر لە سێ جار كراونەتە
فیلم، یەكێكیان رۆمانی بێنەوایان و تەنانەت
ئەو رۆمانە بەعەرەبیش كراوەتە فیلم، ئەویتریان
رۆمانی قەمبوری نۆتردام، یان پشتكوڕی
نۆتردامە، كە دواجار لەساڵی 1997 لەلایەن
پیتەر میداكەوە كاری دەرهێنانی بۆكرا.
بابەتی ئەو رۆمانە (قەمبوری نۆتردام) هێندە
بەهێزە، كە لە سینەما دەتوانێت لاوازی تەكنیك
و یان ستایلەكانی دەرهێنان بشارێتەوە، واتە
بابەتی فیلمەكە خۆی لەخۆیدا سەرنجڕاكێشە، لەو
كاتەشدا دەكرێت كەموكوڕییەكانی دەرهێنان
بشارێتەوە، دەربڕینی پاساوێكی ئەوهاش مانای
ئەوە نییە، كە پیتەر میداك لەدرەهێنانی
فیلمەكەیدا سەركەوتوو نەبووە، یان كارەكانی
لاواز بێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە گێڕانەوەی
سینەمایی رووداوەكان زۆر بەهێزن و جوان
چارەسەر كراون، جیا لەوەش ئەو ئەكتەرانەی كە
بۆ فیلمەكە دەستنیشان كراون، ئەكتەری
بەتوانان، رەنگە لەو فیلمەدا زۆرترین توانای
خۆیان بەكارهێنابێ، بەجۆرێك هەندێك جار بەو
فیلمانە دەناسرێنەوە، یەكێك لەو ئەكتەرانەی كە
ئەو قسانەی سەرەوەی بۆ دەگونجێ سەلما حایكە،
كە لەفیلمەكەدا رۆڵی ئەزمیرالدای بینیوە.
ئەگەر بمانەوێ بابەتی فیلمەكە دیار بكەین،
ئەوا فیلمەكە لەژێر چەند خانەیەكدا پۆلین
دەكرێت، دەكرێت بڵێین فیلمەكە رۆمانسییە، باس
لەجوانی و ناشیرینی دەكات، یان باس
لەخۆشەویستەكی رۆحانی دەكات، یان باس لەسیحری
ژن دەكات، ئەگەر بڵێین مێژووییە یان سیاسییە،
ئەو قسەیەش هەر راست دەبێت، چونكە ئەو رۆمانە
باس لەسەردەمێك دەكات، كە بەر لە شۆڕشە
گەورەكەی فەرەنسا بوو، چەندین ئاماژە
لەفیلمەكەدا هەیە، بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی كە
لەو كاتەدا روویداوە، هەر جۆرێك بێت، ئەوا
رەخنەگرانی ئەدەب ئەو رۆمانەی ڤیكتۆر هۆگۆ بە
رۆمانێكی مێژوویی دادەنێن، دەكرێت ئێمە
لەوەشەوە ناو لەو فیلمە بنیێن، فیلمێكی درێژی
مێژووییە.
وەك لەناوەكەی دیارە، ئەو فیلمە باس لەپیاوێكی
قەمبور دەكات، كە لەكەنیسەدا گەورە بووە،
لەگەورەییدا لەبۆنەیەكدا كە بە رۆژی
دەبەنگەكان ناودەبرێت، بۆ گاڵتە و خۆشی
دەكرێتە پادشای دەبەنگ و دز و جەردەكان، لەو
كاتدا لەلایەن كچە قەرەجێكەوە هەر بە گاڵتە
تاجە گوڵینەیەكی دەكرێتە سەر، بۆنەكە زوو
تەواو دەبێت، بەڵام عیشقی ئەو پیاوە بۆ كچە
قەرەجەكە بەردەوام دەبێت.
سەرەتای فیلمەكە بە چەند گرتیەكی كورت
دەستپێدەكات، كە رۆژێكی باراناوی لەبەردەم
كەنیسە منداڵێك فڕێ دەدرێت، یەكێك لەگەورە
پیاوانی كەنیسە بەناوی فۆلۆ هەڵیدەگرێتەوە،
دواتر دەنوسرێت دوای 25 ساڵ دەچینە ناو
فیلمەكە، كە رۆژی دەبەنگەكانە، لەوێدا كەسێك
وتاری دژی دەسەڵات دەخوێنێتەوە، كەچی
قەرەجەكان بە وتارە ئاگرینەكانی ئەو توڕە
دەبن، دەڵێن "ئێمە لەو رۆژەدا حەقیقەتمان
ناوێ، ئێمە میوزیك و سەمامان دەوێ". دواتر
هەموو هاوار دەكەن، ئەزمیرالدا، ئەزمیرالدا بە
سەماكردنەوە دەردەكەوێت، ئەزمیرالدا ئەو كچە
قەرەجەیە، كە سەلما حایك رۆڵەكەی دەبینێ، دوای
تەواوبوونی سەماكەی ئەزمیرالدا تەواو دەبێت،
ناشیرینترین كەسی شار وەك پادشای دەبەنگەكان
دیاری دەكرێت، ئەویش قەمبورەكەی نۆتردامە، كە
تاجە گوڵینەكەی لەلایەن ئەزمیرالدا دەخرێتە
سەر، فۆلۆ گەورە پیاوی كەنیسەكەی نۆتردام
لەمەدا دێتە وەڵام، قەمبوورەكە سەركۆنە دەكات
لەوەی چۆتە ناو خەڵك و ژیان، فۆلۆ خۆی دڵی بە
ئەزمیرالداوەیە، رۆژانە خۆی سزا دەدات، لەبەر
ئەوەی بە وتەی خۆی "شەیتانی ئەزمیرالدا چۆتە
گیانی"، دواتر دەیەوێت ئەو كچە بڕفێنێت، بەڵام
قەمبوور كچەكە نەجات دەدات، فۆلۆ پلانێك
دادەنێت، بۆ ئەوەی قەمبوور كە پەروەردەی دەستی
خۆیەتی سزا بدات، بۆیە بە تاوانی دەستدرێژی بۆ
سەر ئەزمیرالدا لەگۆرەپانێك داركاری دەكرێت،
تەنها ئەزمیرالدا بێ ئەوەی هیچی بۆ بكرێت،
داكۆكی لێ دەكات.
دوای ئەوە فۆلۆ پلانێك بۆ ئەزمیرالدا دادەنێت،
بە چەقۆی ئەو كچە قەرەجە وەزیرێك دەكوژێت،
بۆیە بە تاوانی كوشتنی وەزیرێك ئەزمیرالدا
سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، ئەو كاتە
لەفەرەنسا هەر تاوانبارێك خۆی داڵدەی كەنیسە
بدایە، ئەو دەبوایە یاسا وازی لێبهێنیت، بۆیە
قەمبور لەسەر سێدارەكە ئەزمیرالدا دەڕفێنێت و
لەلای خۆی لەكەنیسە داڵدەی دەدات، لێرەدا گرێی
رووداوەكان دەكرێتەوە.
فۆلۆ خۆی عاشقی ئەزمیرالدایە، قەمبورەكەی
نۆتردامیش عاشقی ئەو كچەیە، تا ئەو كاتەی
ئەزمیرالدا و قەمبور بە یەكەوە قسە دەكەن،
بەهای رۆمان و فیلمەكە دەردەكەوێت، قەمبور كە
ناوی كۆسمۆندۆیە، تا ئەو ساتەی ئەزمیرالدا
قسەی لەگەڵ دەكات، بەدرێژایی فیلمەكە چەند
وشەیەكی نەدركاندووە، ئەو كاتەی ئەزمیرالدا
لێی دەپرسێ بۆ منت دەرباز كرد؟ كۆسمۆندۆ دەڵێ
"من شەیتانی نەگریسم، لەژیانم ئەوەی چاوەڕوانم
نەدەكرد، تۆ پێتدام، ئەویش قومێك ئاو و تۆزێك
سۆز بوو". دواتر لەدایالۆگەكەی لەگەڵ
ئەزمیرالدا دەردەكەوێت كە قەمبور پیاوێكی
شاعیرە، خوێندەواری هەیە، هەر ئەو كاتە
بەیانێك دەنووسێت بڵاو دەكاتەوە، باس لەگرتنی
ئەو كەسانە دەكات، كە بە ناهەق ئەشكەنجە
دەدرێن، لەكۆتاییدا دەتوانێت ئەزمیرالدا
دەرباز بكات، بەڵام خۆی ژیان لەدەست دەدات،
ئەو كاتە سەیری پەیكەرێك دەكات لەناو كەنیسەكە
و دەڵێ "خۆزگە منیش بەرد بوو" ئەو كاتە بە
ئەزمیرالدا دەڵێ "برینەكەم قوڵە". ئەویش دەست
دەخاتە سەر برینەكانی و دواتر قەمبور دەستی
دەگرێت دەیخاتە سەری دڵی خۆی، دەڵێ "ئەوە
برینەكەمە". لەكۆتایی فیلمەكە دەردەكەوێت، كە
قەمبوری نۆتردام شای دەبەنگەكان نییە، بەڵكو
یەكێكە لەداناكانی شار، هەرچەندە خۆی دزێوە،
كەچی شار لەدزێوییەكان چاك دەكاتەوە.
|