فەلەك و نـــارینــــا هەولێر جێناهێڵن  

 

 

سڤیل: محەمەد قادر
لەساڵی رابردوو هەردوو كچە گۆرانیبێژی باكوور مەنیجە و منیرە هاتوونەتە كوردستان، كە ئێستا لەسۆران نیشتەجێن، هەروەها مەلەك رۆژهاتیش سێ ساڵە لەكوردستان نیشتەجێیە و ئەمساڵیش فەلەك خان و نارینا كوردی، لەباكووری كوردستانەوە روویان لەهەرێمی كوردستان كردووە، ئەوەش وادەكات كچە گۆرانیبێژە باكورییەكان بڵێن "ئێمە عەشقی كوردستانین".
فەلەك خان عەبدڵڵا، لەدایكبووی ساڵی 1991 خەڵكی گوندی بازێی سەر بەقەزای باشقاڵی باكوری كوردستانە، ماوەیەكە هاتۆتە كوردستان و لەشاری سۆران نیشتەجێیە، ئاماژەی بەوەدا "من لەخێزانێكی هەژار پەروەردە بوومە، سەرەڕای ئەمەش تەمەنم 15 رۆژی بووە، لەنازی دایكایەتی بێبەش بوومە، ئینجا لەتەمەنی منداڵیمەوە دەستم كرد بەنووسینەوەی هەڵبەست لەسەر دایكم و باوكم و نیشتیمانەكەم، دوایش دەستم كرد بەگۆرانی گوتن دەتوانم خەمی دڵم دەربكەم"، فەلەك خان ئامانجی هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان روون دەكاتەوە، كە دەمێك بووە خۆزگەی ئەوەی خواستووە چاوی بەباشووری كوردستان بكەوێت، كە ئارامی تێدا سەقامگیر بووە، دەڵێت "ئەمەش بۆمن هەڵێكە كە بتوانم زیاتر خۆم دەرخەم، داواكاریشم لەراگەیاندن و تیڤییەكانی كوردستان بانگهێشت بكرێم بۆ ئەوەی كۆنسێرتم بۆ ئەنجام بدرێت"، فەلەك خان خۆشحاڵە لەهەنگاوی یەكەمدا چاوی بەو بەشەی كوردستان كەوتووە و ئێستا لەهەنگاوی دووەمدا دەڵێت "خۆزگە دەخوازم لێرە ناسنامەم پێبدرێت، بۆ ئەوەی بە یەكجاری لێرە بمێنمەوە و خزمەت بەهونەری كوردی بكەم"، فەلەك خان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كاتێك لەكەناڵەكانەوە بانگهێشتی هونەرمەندان و كۆنسێرتی هونەرمەندانی بینیووە، هێندەی تری حەزی كردووە بێتە كوردستان، "زۆر حەز دەكەم منیش لێرە كۆنسێرت بكەم و بەگوتنی گۆرانی خۆم دەربخەم".
نارین سەردار، یەكێكی ترە لەو كچە باكورییانەی، كە كوردستانی باشووری هەڵبژاردووە بۆئەوەی كاری هونەری تێدا ئەنجام بدات، ئەو ناسراو بەنارینا كوردی و خەڵكی شاری وانە لەباكوری كوردستان، ئەو سەرەڕای ئەوەی تەمەنی لە 15 ساڵی تێپەڕ نەكردووە، ئەمساڵ سێدیەكی گۆرانی بڵاوكردەوە، كە لەیانزە گۆرانی پێكهاتووە. نارینا كوردی دەڵێت "من وەك كچە كوردێكی باكوری كوردستان، هەمیشە گوێبیستی سترانبێژانی كورد دەبووم، خۆشم هەستمكرد كە شتێك لەناخمدا بەدی دەكرێت و ویستم وەك زۆربەی گۆرانیبێژانی كورد سەركەوتووبم و ئەوەی لەناخمدا هەیە دەریببڕم"، نارینا كوردی دەڵێ كاتێ دەستم بەگۆرانی گوتن كرد، گوێگر و هاندەری زۆرم هەبوو، بۆیە شانازی بەهونەری گۆرانی گوتنم دەكەم"، نارینا كوردی پێیوایە لێرە زۆر رێز لەهونەرمەندان دەگیرێت و لەبەرئەوەش بەزمانی دایك قسە دەكرێت، بڕیاری داوە بێتە كوردستان، دەڵێت "ئەو كەشءهەوا ئازادەی كە لێرە هەیە هۆكارێك بوو، كە رووبكەمە ئێرە و پەرە بە بەهرە و تواناكانم بدەم، دەمەوێ تاهەتایە لێرە بمێنمەوە و خزمەت بەهونەری كوردی بكەم".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com