كاوە حەمەســــــــــــاڵح پێنجوێنی: یەكێتی شایانی ئەو قوربانییە نــــەبوو كە من لە پێناوی دام  

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سڤیل: رزگار رەزا چوچانی: سوید




كاوە حەمەساڵح پێنجوێنی جگەلەوەی هونەرمەندێكی دیارە پێشمەرگەیەكی دێرین و كەمئەندامی یەكێتییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەوەك هونەرمەندێك و نەوەك خەباتكارێكی دێرین ئاوڕیكی بەرپرسانەی لێنەدراوەتەوە، لەهەر دانیشتن و قسە لەگەڵكردنێكی هەست بەنیگەرانی دەكەیت، لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ (سڤیل) دوای ماوەیەكی زۆر دوركەوتنەوەی لە راگەیاندنەكان ئەو هونەرمەندە بەدەربڕینی رەخنە و نیگەرانییەكانی بەجەماوەرەكەی دەگاتەوە.
كاوە حەمەساڵح، كە لەساڵی 1970 لەشاری سلێمانی لەتەمەنی منداڵی و لە‌چەند ئاهەنگێكەوە دەستی بەكاری هونەری كردووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت بەهۆی تێكەڵاوی خانەوادەكەی بەكاری حیزبی و سیاسییەوە بۆماوەیەك لەهونەر دوركەوتۆتەوە، دواتریش لەساڵی 1975 كە لەتەمەنی 14 – 15 ساڵی دەبێت لەگەڵ چالاكی قوتابخانەكان دەست بەكاری هونەری دەكاتەوە، بەڵام گوتی" ئەو كات وەك گەنجێكی 14-15 ساڵ بووم توانای ئەوەم نەبوو، خۆم ئاواز دابنێم و كارەكان خۆم بیكەم، بۆیە گۆرانی هونەرمەندە پێشینەكانمان دەوتەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوەی كە خەڵك دەیڵێتەوە، چونكە خۆم و ئەو برادەرانەی كە پێكەوەبووین ئەو مامۆستایانەی، كە هاوكاریان دەكردین هەوڵماندەدا هەندێك دەسكاری ئەو گۆرانیانەمان دەكرد، كە دەمانگوتەوە واتە وەكو خۆی نەمان دەگوتنەوە".
ئەو هونەرمەندەی كورد ئەگەرچی تێكەڵبوونی سیاسی خانەوادەكەی هەر لەسەرەتاوە رێگری هەبووە لەكاری هونەری، بەڵام لەدواجاردا بۆخۆشی تێكەڵ بەكاری حیزبی و پێشمەرگایەتی دەبێت و جارێكی تریش بەم هۆیەوە لەهونەر دووردەكەوێتەوە و گوتی "‌لەگەڵ تیپی چالاكی قوتابخانەكان بەردەوام بووم تاساڵی 1979 بووم بە پێشمەرگەی یەكێتی‌، كەمن چوومە دەرەوە لەو كاتەدا لەشاخ لەسەركردایەتییەوە تاهەموو جێیەكی شۆڕش هیچ تیپێكی هونەری نەبوو تامنیش بچم لەگەڵ ئەوان بم، بۆیە بەداخەوە ئەو دەرفەتەم نەبوو لەوێ كاری هونەری بكەم، لەهەرێمی یەك لەناوچەی شارەزور پێشمەرگەبووم". ئەگەرچی كاری پێشمەرگایەتی بۆ هونەرمەندێك بەسەخت دەبێنێت، بەڵام لەبارێكی ترەوە كاوە حەمەساڵحی هونەرمەند حەساسبوونی هونەرمەندی بەیەكێك لەهۆكارەكانی بەپێشمەرگەبوونی خۆی دەزانێت و دەڵێت "خۆ‌ ئەگەر حەساسبوون و هەستیاری هونەرمەندبوون نەبوایە،‌ من نەدەبووم بە پێشمەرگە، چونكە بەبڕوای من ئەوانەی لەبوارەكانی هونەردا كار دەكەن و زوو هەست بە ناعەدالەتییەكان دەكەن و لەناوكۆمەڵدا هونەر شتی جوان گەیاندنە بە خەڵك و نوقسانییەكانی كۆمەڵ دەرخستنە، ئینسانی هونەرمەندیش زووتر هەست بەشتەكان دەكات و كاری تێ دەكات، منیش لەبەر ئەوە بووم بەپێشمەرگە. خەڵكیش هەبووە رەفیقی من لەقوتابخانە تەنەزولی كردووە و ئیمزای بۆ بەعس كردووە، لەپەنای ئەو تەنەزول و شت قبوڵكردنە خوێندنی خۆی تەواو كرد و قوربانیشی بەخۆی نەدا لەگەڵ رێزم بۆ ئەوانەی ناچاربوون ئیمزا بكەن".
بەڵام ئێستا و لەدوای هەوڵدانی بۆ خزمەتكردنی وڵات وەك پێشمەرگە و هونەرمەندێك و دواتریش فەرامۆشكردنی ئەوەندە موعاناتی بۆ ئەو هونەرمەندە دروستكردووە، كە لەهەر دەربڕینێكیدا هەست بە دنیایەكی پڕنیگەرانی دەكرێت، هونەرمەند كاوە لەژیانی پێشمەرگایەتی بەسەختی بریندار دەبێت و بەو هۆیەوە قاچەكانی لەدەست دەدات و لەو كاتەوە تائێستا ماوەی 28 ساڵە لەسەر عارەبانەیە و وەك هونەرمەندێكی كەمئەندام بەهۆی پێشمەرگایەتییەوە كەمئەندام بووە كاری هونەری خۆی دەكات، كاوە حەمەساڵح وەك پێشمەرگەیەكی یەكێتی دەستی بەخەباتی پێشمەرگایەتی كردووە، بەڵام وێڕای ئەو قوربانییە گەورەی كە بەژیان و جەستەی خۆی داویەتی، وەك خۆی دەڵێت "ئەركی یەكێتی بوو پێش هەموو كەس و زیاتر لەهەموو كەس هاوكاری من بن، بەڵام ئەوان هیچ كاتێك منیان بەسەر نەكردۆتەوە، تەنیا ماوەیەك پێش ئەو هەڵبژاردنە نەبێت، كە لەكوردستانەوە چەند پەیوەندیەكم پێوە كرا، كە لەگەڵ ئەو دوو گروپە پێشمەرگە دێرین و كەمئەندامەی لێرەوە بردنیانەوە بڕۆمەوە بەرهەمی خەبانی خۆمان ببینین، بەڵام نەرۆشتم، چونكە كۆمەڵێك هۆكاری خۆی هەبوو، من لەو رۆژەوەی برینداربووم لەگەڵ یەكێتی تا ئەمڕۆ، كە 28 ساڵ دەكات وڵاتەكەی خۆمم نەبینیوەتەوە، ‌من كەسێكی كەمئەندامم ناتوانم وەك هەر ئینسانێكی ئاسایی سەفەر بكەم، چونكە پێویستم بەتەوالێت و حەمامی تایبەت هەیە، رەنگە كەسوكار ئەو ماڵەی كەدەچم توانای دابینكردنی ئەوەی نەبێت بۆم، لەو لایەنەشەوە یەكێتی نەیتوانیوە دوای 28 ساڵ دووریم و لەدەستدانی جەستەم بەهۆی ئەوانەوە جێگەیەكی وا بۆ من دابین بكات، ئەگەر بۆ هەفتەیەكیش بێت بچمەوە سەردانی خزم و كەسی خۆم بكەم من نامەوێت دوای ئەو هەموو دابڕانە بچمەوە كوردستان و كەسوكار و دۆستەكانم لەهوتێل ببینم، یەكێتی بەو هەموو تواناوە نەیتوانیوە توالێت و حەمامێك بۆ من دروست بكات، هەتا لەماڵی خزم و كەسیش بێت، خەڵكیش هەیە لەدوكان ماڵیان بۆ كردووە".
كاوە حەمەساڵح ئەوەشی گوت، كە جگە لەسەردانی وڵات و كارئاسانی هیچ شتێكی نەویستووە هاوكاری هونەرەكەی نەبێت، بەڵام لەو بارەیەشەوە هیچ هاوكاریەك نەكراوە، بۆیە بەرهەمگەلێكی لەسەر كاسیت و بەتۆمار نەكراوی ماوەتەوە. ئەو هونەرمەندە جگە لەنیگەرانی بۆ دۆخی خۆی و پشتگوێ خستنی هونەرەكەی و هاوكاری نەكردنی وەك پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتی بۆ بارودۆخی ئێستای حیزبەكەی داخبارە و ئەو بارودۆخەشی بۆ ئەنجامی خەڵك رەنجاندن گێڕایەوە "داخباربم خەڵكانێك كۆبۆتەوە لەدەوریان، كە دڵسۆزنین بۆ ئەوانیش گرنگ نییە ئەوەی بڕیار و كارێكی دەدەنە دەست دڵسۆزە یان دڵسۆز نییە، خائین بووە یان نا، باشە ئێوە خەڵكتان عەفوو كرد، كە جاش بووە ئێستا بۆ دەسەڵاتی دەدەنێ؟ لەساڵانی چلەكانەوە تائێستا لەهەموو عالەمدا دەگەڕێن بەدوای نازیەكدا بیبەن بیدەنە دادگا لەپێش چاوی راگەیاندن، كە ئێستا وەك ئەرشیف ئەو فیلمانە لەپێش چاومانە هەزاران خۆفرۆش پێش دەبابەكان كەوتبوون بۆ ئەنفالكردنی كورد ئێستاش دەسەڵاتیان لەهەموو كەس زیاترە لەو وڵاتەدا، ئەوە بۆ حیزبەكانی تریش هەروایە بۆ بارودۆخی یەكێتیش لەو وڵاتە لەسوید ئەگەر قسە بكەم ئەوەیە تائێستا خەڵكانێكیان بەبەرپرس و نوێنەری خۆیان داناوە خەڵكانێك نەبوون بتوانن تەنانەت خەڵكە ماندووەكانی خۆیان بەسەر بكەنەوە، نەك شتی تر، بۆ نموونە من برایەكم لەساڵی شەستەكانەوە پێشمەرگە بوو تاساڵی 1975 و دوای ئەوەش لەیەكەم دەستەی مەفرەزەی پێشمەرگە، پێشمەرگەبووە گەیشتۆتە مستەوایەكی بەرز تامەكتەبی عەسەكەری یەكێتی و هەر بەهۆی پێشمەرگایەتیشەوە توشی نەخۆشییەك بوو، كە لەكۆڵی نەبووەوە تا كۆچی دوایی كرد، كاتی تازیەكەی ئەو برادەرانەی یەكێتی لەسوید نەیانتوانی بێن سەرەخۆشییەكم لێ بكەن، لێرە كاتێك پرسەیەك دادەنێی پێویستت بە پشتگیریە، نەك لەباری مادی لەباری مەعنەوی، دەبوو ئەو حیزبەی من شتێكیان بكردایە كەمن هەستم بكردایە ئەو حیزبە شایەن بەو هەموو قوربانییەیە براكەم و خۆم لەپێناویدا دامان"‌.


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com