|
مەریوان
ئیبراهیم ئەو هونەرمەندەی كە لەساڵی
هەشتاكانەوە هاتۆتە ناو دنیای هونەر، وەكو
ئەكتەر و دەرهێنەر چەندین بەرهەمی شانۆیی و
درامای بەهەمهێناوە، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات
زۆر رقی لەو هونەرمەندانەیە، كە لەخۆیان بایی
دەبن.
سڤیل: سلێمانی
سڤیل: سەرەتای دەستكردنت بەكاری هونەری و
گرنگترین ئەو بەرهەمانەی كارت تێدا كردون؟
مەریوان ئیبراهیم: یەكەم كاری نواندنم كارێكی
شانۆیی بەناوی ڕێنوس بوو، كە لەدەرهێنانی
مامۆستا هیوا رەئوف بوو، ساڵەكانی هەشتاكان
ساڵی زێڕین بوو، هەروەها كاری دەرهێنانم
كردووە بۆ درامانی (گوڵەكانی ماڵئاوایی) سڵاو
گوڵەكانی پایز _ كە خەم گوڵ دەگرێت) وەكو
كورتە فلیمیش (كۆرپە، خۆر، دوا وێنە، سۆما)
وەكو ئەكتەریش لەدراماكانی (نامەكانی ئەشرەف،
گوڵەكانی ماڵئاوایی، نمەخان، پاداشت).
سڤیل: كام بەرهەم تۆی بەبینەر ناساند؟
مەریوان ئیبراهیم: یەكەم بەرهەم، كە درامای
(پاداشت) بوو لەسەرتاسەری كوردستان پەخشكرا،
هەروەها درامای (نمەخان) كە رۆڵی سۆرانم
هەبوو، تائێستاش بەناوی سۆرانەوە بانگم دەكەن.
سڤیل: باست لەوە كرد، كە تەمەنێكت بۆ كاری
هونەری تەرخان كردووە، ئایا ئەو ماندووبوونەت
یەكسانە بەژیانی ئێستات؟
مەریوان ئیبراهیم: بەدڵنیاییەوە نەخێر، چونكە
تائێستا لەكوردستان هونەر نەبووەتە مادە و
ژیانی هونەرمەند دابین ناكات، بۆیە زۆرجار
لەپارەی گیرفانی خۆمان كارە هونەرییەكان تەواو
دەكەین.
سڤیل: تاچەند لەڕۆڵی هەمزە رازیت لەنامەكانی
ئەشرەفدا؟
مەریوان ئیبراهیم: تائێستا رۆڵی كارەكتەرێكی
وەكو هەمزەم نەبینی بوو، بەڵام بڕیارمدا كە
ئەو رۆڵە ببینم، وەكو خۆم زۆر لەڕۆڵەكەم رازیم
و بەپێی ئەوەی رۆژانە بینەر دەستخۆشی
لێدەكردم، هەستدەكەم بەدڵی بینەر بووە و
سەركەوتوو بووم.
سڤیل: روخانی سینەماكان و كردنیان بەباڵەخانەی
بازرگانی، چ مەسجێك دەدات بەسینەماكاران؟
مەریوان ئیبراهیم: ئەوە روخاندنی بیروبۆچوون و
پێشكەوتن و ماڵی هونەرمەندانە.
سڤیل: لەو بارەیەوە رۆڵی رێكخراوی هونەرمەندان
چۆن دەبینی؟
مەریوان ئیبراهیم: رێكخراوی هونەرمەندان
نەبوونی باشترە لەهەبوونی، چونكە تائێستا
هیچیان بۆ هونەرمەندان نەكردووە، تەنیا
بینایەكیان گرتووە و كۆمەڵێك فەرمانبەر دێن و
دەچن، من پێموایە نەبوونی باشترە، لەبەرئەوەی
ناتوانن هیچ داواكارییەكی هونەرمەند بگەیەننە
سەرووی خۆیانەوە.
سڤیل: دەوترێت هەندێ لەدەرهێنەرەكان بەمیزاج و
بەئارەزوی خۆیان رۆڵ دەدەن بەئەكتەر، ئەوە
تاچەند راستە؟
مەریوان ئیبراهیم: من هەمیشە بایەخ بەو كەسانە
دەدەم، كە یەكەم جاریانە دێنە بەر كامێرا،
بەڵام بەداخەوە هەندێ لەدەرهێنەرەكان لەسەر
مێزی خواردنەوە رۆڵ دابەش دەكەن، یان زیاتر
رۆڵ بەو هاوڕێیان دەدەن، كە زۆر بەیەكەوەن،
واتە لەسەر بناغەی هاوڕێیەتی كاری هونەری
دەكەن، ئەمەش زۆر زیان لەدەرهێنەرەكە و
لەكارەكەشی دەدات.
سڤیل: دووبارەبوونەوەی ئەكتەر و دەركەوتنیان
لەچەند درامایەكدا، واناكات رەهەندی كەسایەتی
ئەو كارەكتەرە بەبینەر نەگات؟
مەریوان ئیبراهیم: من لەساڵێكدا یەك كار بكەم،
لەوە باشترە چەند كارێك بكەم، بەڵام
هونەرمەندەكانی ئێمە تەنیا مەبەستیانە دەركەون
و بەیانی لە بازاڕدا خەڵك بیانبینێت، ئیتر
گرنگ نییە كە لەهەموو رۆڵەكانیاندا هەمان ئەدا
و ئیقاع و دەموچاوی هەیە.
سڤیل: چۆن ژیانی هاوسەریت پێكهێنا و لەماڵەوە
بە چ شتێكی خێزانەكەت توڕە دەبیت؟
مەریوان ئیبراهیم: لەپاش هەشت ساڵ خۆشەویستی
ژیانی هاوسەریم پێكهێنا، بەڵام ئەگەر بەشتێكی
خێزانەكەم توڕەبم، ئەویش ئەو كاتانەیە كە زۆر
شت دووبارە بكاتەوە.
سڤیل: خۆشترین بەسەرهات لەژیانی هونەریتدا
چییە؟
مەریوان ئیبراهیم: ئەو كاتەی لەپەیمانگای
هونەرە جوانەكان نمایشی شانۆیی (بەرەو
خۆر)ـمان دەكرد، مامۆستا عەلی شێخانی وەكو
ئەكتەر رۆڵی دەبینی و هەمیشە دەیگوت "لەكاتی
نمایشدا داهێنان دەكەم" لەو نمایشەدا لەسەر
قادرمەكانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی
سلێمانی بوو، حیوارێكی زیادەی گوت و كەوتە
خوارەوە و كەوتە باوەشی مامۆستا بەدیعە
دارتاش، ئیتر هیچمان بۆ نەكرا لەگەڵ بینەردا
كەوتینە پێكەنین.
سڤیل: رات چییە لەسەر ئەو هونەرمەندانەی، كە
زوو لەخۆیان بایی دەبن؟
مەریوان ئیبراهیم: هونەرمەند دەبێت سادە و
ساكار بێت، من ئەو ئەكتەرە تازانەی لەخۆیان
بایی بوون بەهونەرمەندیان نازانم، هەروەها
ئەوانە ئیدانە دەكەم، ئەوانە بە رێكەوت
دەرهێنەرێك رۆڵی پێداون و دەركەوتوون، دڵنیاشم
جارێكی تر كەس رۆڵیان پێنادات، چونكە ئەو جۆرە
هونەرمەندانە نەخۆشییەكی دەروونیان هەیە، كە
پێی دەوترێت (حب چهور).
|