فیفا.. ئیمراتۆریەتە مەزنەكەی جۆزیف سی پلاتەر  

 

 

مەریوان عومەر




"جوزیف سی پلاتەر"، ئەو بزنسمانەی زانی چۆن بگاتە لوتكەی هەرە گرنگترین و دەوڵەمەندترین رێكخراو لەجیهاندا. ئەو تەنیا پیاوی تۆپی پێیە دەتوانێت هۆشداری بداتە هەر وڵاتێكی جیهان و رێگەنەدات هیچ كامیان دەست لەكاروباری یەكێتی تۆپی پێی ناوخۆی وڵاتەكانیان وەربدەن، وایكردوە ئەم یەكێتیانە بەشێوازێكی دیموكراتیانە هەڵببژێردرێن، تەنانەت لەو وڵاتانەشدا، كە هیچ شتێك لەبارەی دیموكراتیەوە نازانن. لەدواین رووداویشدا، تەنیا مۆڵەتی چەند رۆژێكی دایە سەرۆكی نێجیریا، كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردە و یەكێتی تۆپی پێی وڵاتەكەی هەڵبوەشێنێتەوە، دواجار سەرۆكی نێجیریا هیچ رێگاچارەیەكی لەبەردەمدا نەما، جگە لەملدان نەبێت بۆ داواكاریەكەی پلاتەر.
ئەو تەنیا كەسە لەجیهاندا، كە بە هۆی بەرنامەی كار و سەرقاڵبوونیەوە، پۆزشی بۆ "باراك ئۆباما"ی سەرۆكی ئەمریكا و "نیكۆلا ساركۆزی" سەرۆكی فەرەنسا هێنایەوە، كە نەیتوانی لەو وادانەی كۆشكی سپی و كۆشكی ئێلیزا دیاریان كردبوو، چاوی پێیان بكەوێت. پیاوێكە "دەیڤید كامیرۆن"ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هیوای ئەوە بخوازێت دوای مۆندیال بتوانێت چاوی پێی بكەوێت، چونكە بەریتانیەكان دەیانەوێت مۆندیالی 2018 لەوڵاتەكەیان رێكبخرێت. بەڵام پلاتەر وتی كە "لەكاتی ئێستادا هەموو كات و گرنگیپێدانەكانم بۆ مۆندیالە"، واتە كامیرۆن تۆش چاوەڕێ بكە.
"نەجیب سەلمی" یەكێكە لەدیارترین ئەو رەخنەگرە وەرزشیانەی بەزمانی فەرەنسی دەنوسێت و لەنزیكەوە پلاتەر دەناسێت، دەڵێ "پلاتەر كەسێكی یەكجار زیرەكە، توانایەكی كاركردنی لەڕادەبەدەری هەیە، جگە لەكاركردن هیچ شتێك لەژیانیدا نیە. لەنێو فیفادا ئەو بڕیار لەسەر بچووكترین و گەورەترین شت دەدات. پیاوێكە گەمەی سیاسی دەزانێت، دەتوانێت واقیع لەگەڵ ئەو راستیانەدا بگونجێنێت كە خۆی دروستیان دەكات". هەندێ كەس پلاتەر بە "رێوی" وەسف دەكەن، نەجیبیش دەڵێ "لە رێویش زیرەكترە".
پلاتەر لەئاداری 1936 لەهەرێمی "ڤالیس" لەسویسرا لەدایك بووە، دەرچووی ساڵی 1959ی كۆلێژی كار و ئابووریی زانكۆی "لۆزان"ی سویسریە، لەزۆر بواردا كاری كردوە، لەرێگای كاركردنی لەبواری پیشەسازی و برەوپێدانی بەرهەمەكانی كۆمپانیای "ئەدیداس"ی ئەڵمانیەوە چووە نێو ئیمبراتۆریەتی فیفاوە. لەساڵی 1998 و سەرەتای مۆندیالی فەرەنسادا چووە شوێنی "جواو هافیلانج"ی بەرازیلی، ئێستاش كار بۆ ئەوە دەكات تا ساڵی 2022 و تەمەنی 86 ساڵی لە لوتكەی دەسەڵاتی فیفادا بمێنێتەوە، كە ئەگەرێكی دوور نیە.
كەس نازانێت پەیوەندی پلاتەر بە تۆپی پێوە چیە؟! نەجیب دەڵێ "پلاتەر دەڵێ وەك ئارەزوو یاری تۆپی پێی كردوە، بەڵام من پێم وانیە ئەو پیاوە هیچ پەیوەندیەكی لەگەڵ ئەو یاریەدا هەبووبێت، كە ئێستا سەرۆكایەتی دەكات. پلاتەر رازیبوو وەك سكرتێری ئیداری كار لەگەڵ "هافیلانج"دا كار بكات، سەرەتا مافی خۆپاڵاوتنی بۆ سكرتێری گشتی فیفا نەبوو، چونكە كاری لەگەڵ هیچ یەكێتیەكی تۆپی پێدا نەكردبوو، بەڵام دواتر توانی ئەو یاسایانە هەموار بكات و ببێتە نەوەك تەنیا سكرتێر، بەڵكو سەرۆكی فیفا، ئەوكات هەر كارێكیشی ئەنجامی دەدا، دەیخستە پاڵ هافیلانجی بەڕازیلی".
پلاتەر ساڵی 1964 سكرتێری گشتی یەكێتی سویسری بۆ یاری هۆكی سەر بەفر بوو، پاشان بووە رۆژنامەنوسی وەرزشی، دواتر لە بواری پیشەسازیدا كاری كرد، تا توانی لەبواری وەرزشی نێودەوڵەتیدا كارێك پەیدا بكات. ساڵی 1975-1981 بەڕێوەبەری هونەری فیفا بووە، لە 81 بووە سكرتێری گشتی، تا لە 1998 وەك سەرۆكی فیفا هەڵبژێردرا. ئەوكات چانسی هەڵبژاردنی پلاتەر زۆر لاواز بوو، چونكە هیچ رۆژێك ئەندامی یەكێتیەكی تۆپی پێ نەبووە، بەڵام هەڵبژێردرا و هەموو لایەكی توشی سەرسوڕمان كرد.
ئەوكات ئەو رێویە پەنای بۆ فێڵێكی زیرەكانە برد، لەدیمانەیەكی گۆڤاری "فرانس فوتباڵ"ی فەرەنسی وتی "پێشتر فیفا تەنیا 2 هەزار فرەنكی هەبوو، ئێستا سامانەكەی گەیشتۆتە چەندین ملیار فرەنك، دەترسم سەرۆكی دوای هافیلانج نەزانێ چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم رەسیدە داراییە بكات، من ماوەی 17 ساڵ وەك سكرتێری فیفیا كارم كردوە، پێشنیار دەكەم بۆ ماوەیەكی كەم كارتان لەگەڵ بكەم، تا لەچارەنوسی ئەو سامانە دڵنیا دەبین، پاشان دەست لەكار دەكێشمەوە".
بۆ ئەو مەبەستە پلاتەر پێویستی بە بڕێك پارە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی و چەند دەنگێك لەدەرەوەی ئەوروپادا هەبوو. ئەوكات كتێبێك بەناوی "رێد كارت-كارتی سوور" بڵاوكرایەوە و تێدا باس لەكڕینی دەنگەكانی ئەفریقیا و جیهانی عەرەبی كرابوو لەلایەن پلاتەرەوە، بەڵام بەهەرحاڵ پلانەكەی پلاتەر سەریگرت و بوو بە سەرۆكی فیفا. بەڵام كاتێك لە ساڵی 2002 جارێكی تر بۆ ئەو پۆستە خۆی پاڵاوت، زۆر چیرۆك لە بارەی گەندەڵیە داراییەكانی بڵاوكرانەوە. دەسەڵاتدارانی سویسرا دەستیانكرد بە لێكۆڵینەوە، بەڵام جارێكی تر ئەم رێویە فێڵزانە بەرەو رووی سویسریەكان وتی "باشە ئێوە دەتوانن یاسای سویسری بەسەر مندا جێبەجێ بكەن، چونكە من هاووڵاتیەكی سویسرم، بەڵام ئەم پارەیەی فیفا موڵكی هەموو جیهانە، بۆیە ناتوانن یاسای نێوخۆی بەسەردا بسەپێنن. لەفیفادا خراپ بەڕێوەبردن هەبووە نەوەك هەڵەی تاكەكەسی، بۆیە ناتوانن دەست لە كاروباری نێوخۆی ئەو رێكخراوە جیهانیە وەربدەن، كە زیاتر لەنەتەوە یەكگرتووەكان ئەندامی هەیە و زۆر شەفافانە كارەكانی بەڕێوە دەبرێت!" پلاتەر لەراگەیاندنەكاندا بەم جۆرە قسەی كرد، بەڵام بە نهێنیش لەدانوستاندابوو لەگەڵ حكومەتی سویسری و بە روونی پێی گوتن "گەر لەسەر ئەو هەڵوێستەتان بەردەوام بن، لە كۆنگرەی فیفای داهاتوودا پێشنیار دەكەم بارەگای فیفا ببردرێتە "مۆناكۆ"، لەوێ باج و لێپرسینەوەی یاسایش نییە، یا دەیگێڕمەوە لەندەن، جا خۆتان بڕیار بدەن!"
بەم جۆرە سویسریەكان پەشێمان بوونەوە. لەكۆتایی مۆندیالی 2002 میشل زین" لە پۆستەكەی لادرا، كە دەیویست ببێتە سەرۆكی داهاتووی فیفا، تاكە ركابەری پلاتەر بۆ سەرۆكایەتی فیفا "عیسا حەیاتۆ"ی كامیرۆنی بوو، جارێكی تر پلاتەر پەنای بردەوە بەر یاری شاراوەی وادە و بەڵێن و گرێبەست و رێكەوتنی نێو ژوورە داخراوەكان. یەكێك لە بەڵێنەكانیشی سازكردنی مۆندیالی 2010 بوو لەئەفریقیا، كێبڕكێكەش لەنێوان مەغریب و ئەفریقای باشووردا بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی مەغریبیەكان پشتگیریان لە عیسا حەیاتۆ كرد، ئەفریقای باشوور گرەوەكەی بردەوە.
لەهەرە زەحمەتترین ئەو هەڵوێستانەی پلاتەر دووچاری بووبێتەوە، رق و بێزاری ئەوروپیەكان بوو لە دژیدا لەچەند هەڵوێستێكدا. یەكەم: كاتێك رەخنەی لە نێوبژیوانە ئەوروپیەكان گرت و بە "نەفامن و بەر لە یاریزانان خۆیان حەقی كارتی زەردیان هەیە" وەسفی كردن، دووەم: لە كاتی دابەشكردنی میدالیاكانی مۆندیالی 2006 ئامادە نەبوو، سێهەم: كاتێك بەگژ یانە ئەوروپە گەورەكاندا چوو. بەڵام بۆ یەكەمیان پلاتەر داوای لێبوردنی كرد و گوتی كە لەدەمی دەرچووە، بۆ دووەم وتی "ئامادە نەبووم چونكە پێم وابوو فەرەنسا زیاتر شایانی جامەكە بوو"، بۆ سێهەمیان بە رووی یانەكاندا وتی "یانە ئەوروپەكان چیان دەوێ؟ پارە؟ پێیان دەدەم"، بەو جۆرە 880 ملیۆن یۆرۆی پێبەخشین، بەبیانوی فراوانكردنی بازنەی پیشەگەری.
مۆندیالی 2014 لەبەرازیل ئەنجام دەدرێت. پلاتەر هێشتا مۆندیالی 2018 و 2022ی یەكلا نەكردۆتەوە. گوتی كە بەڵێنی بە هاوپەیمانە سەرەكیەكەی "میشێل پلاتینی" سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپی داوە مۆندیالی 2018 لەئەوروپا ساز بكرێت، بەڵام یەكلانەبۆتەوە لەئینگلتەڕا یا ئیسپانیایە. وڵاتی قەتەر بۆ مۆندیالی 2022 پاڵێوراوە، ئەمیش یەكلا نەكراوەتەوە، بەڵام ئەم رێویە زیرەكە دەزانێت لەئێستاوە چۆن خۆی بۆ ئامادە دەكات.
شەرقلئەوسەت
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com