|
سڤیل
ماجد موهەندیس، هونەرمەندی بەنێوبانگی عێراق و
عەرەبە، لەو دیمانەیەدا لەگەڵ (سڤیل)، تیشك
دەخاتە سەر كارەكانی خۆی و هیوای ئەوە دەخوازێ
سەردانی شەقڵاوە بكات و بەبەهەشت وەسفی دەكات.
سڤیل: دەنگدانەوەی ئەلبوومە تازەكەت چۆن بوو؟
ماجد موهەندس: من زۆر خۆشحاڵم بەسەركەوتنی
ئەلبوومەكەم (اوزكرونی)، كە گۆڕانكاری گەورەم
بەدەستهێناوە، چ لەرووی هۆنراوە، یاخود ئاواز،
یان جۆری مۆسیقا، زۆر متمانەم هەبوو بەجۆری
گۆڕانكارییەكە بەبەراورد لەگەڵ ئەلبوومەكەی
ترم، هەروەها بەبڕوای هەندێ لەڕاگەیاندنەكان
توانیومە لەو گۆڕانكارییانەدا سەركەوتووبم،
سوپاس بۆ خوا، هەروەها لەبارەی فرۆشتنی
ئەلبوومەكەشەوە تائێستاش داواكاری زۆری
لەسەرە، راستی ئەو ئەلبوومە زۆر كاتی منی برد.
سڤیل: باسی گۆرانی (میجنە)ـم بۆ بكە كە كلیپت
بۆ كردووە؟
ماجد موهەندس: كلیپی گۆرانی (میجنە) كە
لەئەلبوومە نوێیەكەمدا هەیە، لەبەیروت لەژێر
چاودێری دەرهێنەری لوبنانی (ولید ناصیف)
ئەنجام درا، پێش ئەوكاتەش لەچەندین كاری ترم
هەر هاوكارم بووە، ئەو گۆرانییە فۆلكلۆرە و من
بەشێوەیەكی نوێ دووبارەم كردەوە، لەگەڵ چەند
گۆڕانكارییەك كە لەهۆنراوەكەدا كردم،
ئاوازەكەی هی هونەرمەندی عێراقی (سەعدون
جابر)ـە، هەروەها بەكامێرای سینەمایی 35 ملم
وێنەی گیراوە، سیناریۆی كلیپەكە بەسەرهاتەكان
بەجۆرێك دیاری دەكات، كە چیرۆكێكی خۆشەویستی
نێوان كوڕ و كچێكە و پاشان ئەو كوڕە بەپلار و
توانج زۆر ئازاری كچەكە دەدات.
سڤیل: لەكلیپەكانتدا تەدەخول لەكاری دەرهێنەر
دەكەی؟
ماجد موهەندس: نەخێر دەستكاری هیچ وێنەگرتنێكی
گۆرانییەكانم ناكەم، بەڵام لەسنووری خۆم و
هەندێ شتی دیاریكراو بەڕێگایەك كە دیكتاتۆری
نەبێت، ئەویش لەپێناو كارەكە و بەس، سەرنج
دەدەم.
سڤیل: ئەو پەیوەندیەت لەگەڵ هونەرمەندی عەرەب
محەمەد عەبدە چۆن بوو؟
ماجد موهەندس: بەدڵنیاییەوە محەمەد عەبدە
هونەرمەندێكی گەورەیە و پێش دوو ساڵ چەند
جارێك یەكتریمان بینیوە و رەزامەندیمان لەسەر
ئیش و كارەكانی یەكتر هەیە، بەداخەوە رۆژگاری
كار و گەڕان ئەم كارانەی دواخست، دواجار
لەبەرنامەی (تاراتاتا) پێكگەیشتینەوە.
سڤیل: باس لەوە دەكرێت پاش هاوكاری كردنت
لەگەڵ هونەرمەندی عەرەب محەمەد عەبدە و
دەستنیشانكردنی تۆ بۆ پەیوەندی لە میهرەجانی
(الجنادریە) لەسعودیە وەك ئەوەبێ لە رقی
گۆرانيبێژ كازم ساهر كرابێ كە هەندێ ناخۆشی لە
نێوان ئەو و محەمەد عەبدە هەیە؟
ماجد موهەندس: بۆ ئاگاداریت من هەردەم لەلایەن
خۆمەوە بەهۆشداریەكی تەواو، هەروەها
هونەرمەندی عەرەب لەلایەن خۆیەوە بەهۆشداری
تەواو بڕیارماندا كە هاوكاربین. پاشان محەمەد
عەبدە دووپاتی كردەوە كە بە هونەرمەندی
ئامادەباش و دەنگخۆش ناوم دەنێن و بۆ هاتنە
ژووری ماجد بۆ میهرەجانی (الجنادریە) بۆ من
جێی شانازییە، كە ئەو پەیوەندییە لەمیهرەجانی
(الجنادریە) دروست بوو، بەم كارە گەورە و
ئۆپرێتە، زۆر تامەزرۆم كە ساڵی داهاتوودا
پەیوەندی بكەمەوە، بەڵام تائێستا زۆر
دڵنیانیم، چونكە هونەرمەندی زۆرهەن كە عێراقین
و ئەم میهرەجانەش بەدوای هونەرمەند دەگەڕێن كە
شاز بێت، من دڵنیام كە كازم ساهیر و جەماوەرە
گەورەكەی لەمن توڕە نابن، ئەگەر پەیوەندیم بەم
میهرەجانە كردبێ، پاشان هونەرمەندی عەرەب
پێیگوتم: هیچ ناخۆشییەك لەنێوان ئەو و كازم
ساهیردا نییە و بۆشی رونكردمەوە كە زۆر رێز
لەئەو دەگرێ. سەبارەت بەپەیوەندی من لەگەڵ
كازم ساهیر پەیوەندییەكی زۆر گەرمە و چەند
جارێك یارمەتی یەكترمان داوە.
سڤیل: بیرت لە نەكردۆتەوە بچیتە ناو بواری
سینەما؟
ماجد موهەندس: بەدڵنیاییەوە چەند جارێك ئەو
ئەركەم پێ سپێردراوە، لەگەڵ چەند ئەكتەرێكی
تەلەفزیۆنیش بەڵێنم نوسی، پێشەكی لەگەڵ
بەرهەمهێنەر (سادق سەباح) لەسەر چەند فیلمێك
قسەمان كرد، بەڵام ئەم ئەزموونەم دواخست، من
بەگەورەیی دیراسەی كارەكەم دەكەم، چونكە
لەدەرنەچوونم دەترسێم، چونكە سینەما زۆر
سەختە، پێشتریش رەزامەندیم لەگەڵ ئەكتەر
(نەبیلە عوبێد) و (ئەشرەف عەبدولباقی) نواند،
كە جێگام بۆ دیاری بكەن بۆ كۆرساتی تایبەت بە
ئەكتەری.
سڤیل: گوێ لەكام هونەرمەند دەگری؟
ماجد موهەندس: زۆر، لەوانە محەمەد عەبدە،
رابیح سەقر، نەوال، شیرین عەبدولوەهاب،
ئەحلام، راشد ماجد، عەبدولمەجید عەبدوڵڵا،
تامر صونی.
سڤیل: بیرت لەوە نەكردۆتەوە گۆرانی دوێت بكەی؟
ماجد موهەندس: بیرم لەوە كردۆتەوە، بەڵام كار
و سەفەركردن زۆرجار ڕێگام لێدەگرێت، بەڕاستی
من دەڵێم گۆرانی دەبێت هەڵقوڵاوی هونەرمەند
بێت، هیوام ئەوەیە لەگەڵ شیرین عبدولوەهاب
گۆرانی بڵێم و بەنیازی موفاجەئەیەكی گەورەین.
سڤیل: ئایا راستە تۆ كچە سعودییەكت هێناوە؟
ماجد موهەندس: جێگای فەخرە، كە ژنم سعوودی
بێت، بەڵام ئەم قسانە دوورن لەڕاستی، زۆرجار
پروپاگەندەی ئەوە دەكەن كە من (ئەلیسا) یاخود
(یارا)ـم مارە كردوە، پێموایە ئەم هەموو
هەڵبەستراوانە بۆ من هۆیەكەی دەگەڕێتەوە
بۆئەوەی، كە من دووركەوتومەتەوە لەخێزانەكەم و
ئەو رۆژانەم بەتەنیایی دەبەمە سەر. من تەنیا
خۆشەویستی لەناو گۆرانی دەبینم و لەوكاتە هەست
بەوە دەكەم، كە پیاو بەبێ ئافرەت ژیانی
بەتاڵە، لەبەرئەوە ئافرەت شتێكی جوان و ناسكە،
هێز بەپیاو دەبەخشێت، هەمووكات پێویستم بە
ئافرەت هەیە لەگەڵم بێت.
سڤیل: چۆن سەیری هونەری گۆرانی ئێستا دەكەی و
خوێندنەوەت چییە؟
ماجد موهەندس: گۆرانی ئێستا بۆتە فەوزا و
هەركەسە بۆخۆی گۆرانیبێژە و هیچ سانسۆرێك نییە
لەسەر گۆرانی، لەئێستادا كۆمەڵێك كەس گۆرانی
دەڵێت، خۆشیان نازانن چی دەڵێن، وادەزانن
گۆرانی گوتن هەرئەوەیە، كە كلیپ بكەی و
كۆمەڵێك كچ لە دەورت سەما بكەن، ئەوە پێی
ناگوترێ هونەری گۆرانی، بەڵكو ناوی دەنێن
هونەری چاو، نەك گوێ، چونكە تەنیا بەچاو سەیر
دەكەی، نەك بەگوێ، هەیە كاری جوان پێشكەش
دەكات، بەڵام خراپەكان كارە جوانەكانیان بزر
كردووە.
سڤیل: بەنیازی سەردانی عێراق بكەی بۆ
ئەنجامدانی كاری هونەری؟
ماجد موهەندس: من رێزم بۆ هەوادارانی خۆم هەیە
لەهەرشوێنێك بن، بەتایبەت لەوڵاتی خۆم، من قەت
عێراق لەیاد ناكەم، بەڵام جارێ هیچ شتێكم
لەبەرنامەدا دانییە، چونكە خۆت دەزانی
بارودۆخی عێراق چۆنە، هیوادارم رۆژێ دابێ
وڵاتی منیش وەكو هەموو وڵاتێك خەڵكەكەی
بەئارامی بژی و دوور لەهەموو ناخۆشییەك، من كە
سەیری ئەو دیمەنانەی كەناڵەكان دەكەم زۆر
غەمبار دەبم، بەڵام هیچ دەسەڵاتێكم نییە.
سڤیل: ئەی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە و زۆر
لەهونەرمەندانی عەرەب سەردانی كوردستانیان
كردووە بۆ كۆنسێرت، تۆش بەنیازی؟
ماجد موهەندس: بەڵێ راست دەكەی منیش ئاگادارم
لەو كارە هونەرییانە، بەڵام دەبێت كۆمپانیایەك
داوا بكات، ئەوكاتە من ئامادەم، بۆمن جیاوازی
نییە و كوردستانیش هەر خاكی خۆمە، من كاتی خۆی
زۆر سەردانی كوردستانم كردووە بەتایبەت
لەوەرزی هاوین، هەموو هاوینەهەوارەكانم بینیوە
و زۆر یادگاری خۆشم هەیە لەگەڵ هاوڕێیەكانم،
خۆشترین شوێن بەلای منەوە شەقڵاوە بوو،
بەڕاستی شەقڵاوە زۆر دڵگیرە لەهەموو
روویەكەوە، كاتێك مرۆڤ سەردانی شەقڵاوە دەكات
وادەزانی لە بەهەشتە، بەلای من وایە، تەمەنای
ئەو رۆژە دەكەم، كە جارێكی تر بە شەقڵاوە
بگەمەوە، ئەمجارە كۆنسێرتی تێدا ئەنجام دەدەم.
سڤیل: هیچ دەربارەی هونەری كوردی دەزانی؟
ماجد موهەندس: نكۆڵی لەهونەری كوردی ناكرێ،
زۆر دەوڵەمەندە، هونەرمەندی باشی هەیە، من
سەیری كەناڵە كوردییەكان دەكەم، بۆیە ئاگاداری
هونەری كوردیم، بەڵام هەست بەوە دەكەم هونەری
كوردیش وەكو هونەری عەرەب ئەویش بۆتە فەوزا،
هیوای سەركەوتن بۆ هونەرمەندان دەخوازم، ئەو
هونەرمەندانەی كە كاری جوان دەكەن، چونكە
هەركەسێك هەڵسێ گۆرانییەك بڵێ و تۆ ناوی بنێی
هونەرمەند ئەوە نابێ، بەڵكو دەبێت كەسی
هونەرمەند كاری جوان پێشكەش بكات و بزانێت چی
بۆ خەڵك دەبێت و دەشبێت خەڵك بەو بڵێت
هونەرمەند نەك خۆی.
|