یەكبوون دەستخۆشی لە كەناڵ 4 و كۆڕەك دەكات: دەخوازم ئەو ژیانەی كە تێیدا ماوم لە كوردستانی ئازاد بژیم  

 

 

 

هەندێك لە كەناڵەكان داوای پارەم لێ دەكەن

سڤیل: زانا دڵشاد دزەیی




یەكبوون خەڵكی باژێری ئامێدیە و لەئەستەمبوڵ تەمەنی منداڵی خۆی بەڕێكردووە، زمانی كوردی (كرمانجی) و توركی زۆر بەباشی دەزانێت و ئینگلیزی و ئەلمانیش دەتوانێت كەمێك قسەی پێ بكات، یەكبوون لەو دیمانەیەدا لەگەڵ (سڤیل) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەگەڵ بەشێكی زۆری هونەرمەندانی كورد پەیوەندی باشە، بەڵام وەك گوتی "لەگەڵ هونەرمەندانی تورك پەیوەندیم نییە، چونكە تورك حەز بەتێكەڵی لەگەڵ كورد ناكەن".
هونەرمەند یەكبوون یەكێك لەگۆرانیبێژە كوردەكانی باكووری كوردستانە، بەشی پەروەردەكردنی موزیكی لەتوركیا خوێندووە و لەساڵی 1992 بۆ یەكەمجار گۆرانییەكی لەگەڵ كۆما چیا تۆمار كرد و بڵاوكردەوە و ئێستاش خاوەن دوو ئەلبوومی بڵاوكراوەیە، لەسەرەتای دیمانەكەی لەگەڵ (سڤیل) یەكبوون گوتی "ماڵی باوكم زۆر هاوكاری منیان كردووە، لەبەرئەوە حكومەتی توركیا كێشەی زۆری بۆ ماڵی باوكم دروست دەكرد، هەر مەبەستیانە ناخۆشی بۆ هونەرمەندانی كورد دروست بكەن و رێگە نادەن بەزمانی كوردی گۆرانی بڵێن، لەباتمانێ دادگای توركیا لەسەر كۆنسێرتێكی من دۆسییەكی دروست كرد و زۆر ناخۆشی و زەحمەتیم تێدا دیت، ئێستا ئەو دۆسییە بەردەوامە، چونكە رێگە نادەن هونەرمەندی كورد كۆنسێرت بكەن"، یەكبوون خۆشحاڵی خۆی نیشاندا، كە كوردستانی باشوور پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، ئەو تائێستا سێ جار سەردانی كوردستانی كردووە و دەڵێ "كە دێمە كوردستانی هەست بە ئارامی و ئازادی دەكەم، كوردستان زۆر خۆشە، هەر جارێك كە دێمە كوردستانی ئازاد پێشكەوتنی زیاتر دەبینم، كوردیش هەوڵدەدات پێشكەوتنی بگاتە ئاستی وڵاتە پێشكەوتووەكان، ئەوە خۆشحاڵم دەكات"، یەكبوون كە نزیكەی پانزە ساڵە گۆرانی دەڵێت، بەڵام تائێستا وەك پێویست لەكوردستان نەناسراوە و كەمتر كلیپەكانی ئەو لەكەناڵەكان پەخشدەكرێ، لەوبارەیەوە دەڵێت "كاتێك من كلیپێكی نوێ بەرهەم دەهێنم دەیدەم بەهەموو كەناڵەكان، بەڵام هەندێكیان داوای پارەم لێ دەكەن و هەندێكیشیان داوای پارە ناكەن"، هەرچەندە یەكبوون نایەوێ لەسەر بازاڕی هونەری كوردستان و دیاردەی كۆپیكردن قسە بكات، لەبەرئەوەی ئەلبوومەكانی لەكوردستانی ئازاد بڵاونەكردۆتەوە، بەڵام گوتی "پیرۆزبایی لەهەردوو كەناڵی كەناڵ 4 و كۆڕەك دەكەم، دیاردەی كۆپیكردنی لەبازاڕ كەمكردۆتەوە، زۆر هەوڵیداوە ئەو دیاردەیە نەهێڵێت و خەڵكی لەو بابەتە هۆشیاركردۆتەوە، بەڵام من گومانم هەیە لەرووی بازاڕی هونەرییەوە كوردستانی باشوور لەكوردستانی باكوور باشتر بێت".
یەكبوون وەك خۆیشی لەو دیمانەكەدا ئاماژەی بۆ دەكات، تائێستا لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە هاوكاری مادی ئەو نەكراوە، بەڵام لەبڕی هاوكاری مادی رێز و خۆشەویستی زۆر لەكوردستان بەدی دەكات، دەڵێت "من ئەوەندەی كە هاتووم بۆ كوردستان رێزی منیان زۆر گرتووە، ئومێدەوارم هەموو كوردێك خاوەن نرخی تایبەتی خۆی بێت، زۆربەی رۆشنبیران و هونەرمەندانی كورد كارەكانی خۆیان بەزەحمەتی جێبەجێ دەكەن، ئەگەر حكومەت و گەل پشتگیری ئەوان نەكەن، ئەوا ناتوانن لەژیانیان خۆیان بەردەوام بن"، یەكبوون تەنیا ئەوە لە حكومەتی كوردستان دەخوازێت هەرچی زووە چارەسەرێك بۆ دیارەی خۆسوتاندنی ئافرەتان بدۆزێتەوە، ئەو دیارەیە كە یەكبوونی زۆر دڵگران كردووە و دەڵێت "رۆژانە هەواڵی خۆسوتاندنی ژنانی كوردستان زۆر دەبیستم، پێویستە حكومەت دەستبكات بەنەهێشتنی ئەو كێشەیە، گەنجەكان پاشەڕۆژی ئێمەن و لەبەرچاویان بگرین، دەبێت لەهەمبەری ئەو كێشەیە بوەستین، داوای من لەحكومەتی كوردستان هەر ئەوەیە رێگر بێت لە خۆسوتاندنی ژنان".
یەكبوون دوو ساڵە بەخۆشەویستی شووی كردووە و دوای مانگێك لەشووكردنەكەی، لەگەڵ هاوسەرەكەی چووە وڵاتی ئەڵمانیا و ئێستا لەوێدا دەژین، دەڵێت "چەند ساڵێك لەگەڵ ئەو كەسەی ئێستا هاوسەرمە خۆشەویستیمان لەنێواندا بوو، لەسەر ئەوە رێككەوتبووین هاوكاری من بكات لەكاروباری هونەریی، ئەو كەسێكی رۆشنبیر و تێگەیشتووە، حەز بەكاری هونەری دەكات، منیش تا لەژیان ماوم لەسەر كاری هونەری بەردەوام دەبم"، یەكبوون باسی لەوەشكرد ئەو ژیانەی كە ماویەتی دەیەوێ لەكوردستان بەڕێی بكات و كۆتایی بە غەریبی بهێنێ، بەڵام تائێستا بڕیاری ئەوەی نەداوە، خۆیشی گوتی "هیوادارم ئەو ژیانەی كە تێیدا ماوم لەكوردستان بژیم، چونكە دووری وڵات پڕزەحمەتە، هەروەها دەخوازم بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیم هەبێت و لەسەر كاری هونەری خۆشم بەردەوام بم".
پەیوەندی یەكبوون لەگەڵ هونەرمەندانی كورد لەهەرچوار پارچەی كوردستان زۆر باشە و بەنیازە لەداهاتوویەكی نزیكدا گۆرانییەكی دوێت لەگەڵ هونەرمەند بلند ئیبراهیم ئەنجام بدات، دەڵێت "پێشتر هیچ هونەرمەندێك داوای لەمن نەكردووە بەیەكەوە گۆرانی بڵێین و كلیپ دروست بكەین، هونەرمەندێك بیەوێت لەگەڵ من گۆرانی بڵێت، بەمەرجێك دەنگی خۆش بێت من ئامادەم". بەڵام ئەو هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ توركەكان نییە، "من دەتوانم بڵێم هیچ پەیوەندییەكم لەگەڵ هونەرمەندە توركەكان نییە، چونكە تورك حەز بەپەیوەندی لەگەڵ كورد ناكات، ئەو هونەرمەندە كوردانەی كە لەتوركەكان نزیكن، ئەوانەن كە بەزمانی توركی گۆرانی دەڵێن"، یەكبوون لەبارەی پڕۆگرامی (ibo show) كە بەرنامەیەكی هەفتانەیە و هونەرمەند ئیبراهیم تاتلیساس پێشكەشی دەكات و زۆر لەهونەرمەندە كورەكانی باكووری داوەتی ئەو پڕۆگرامە كراون و بەشداریان تێدا كردووە، بەڵام ئەو گوتی "هیچكات من خۆم داوام نەكردووە بەشداری تێدا بكەم، تەبیعەتی من وایە خۆم داوای هیچ شتێك ناكەم ئەگەر پێشنیارم بۆ نەكەن، هەركاتێكیش ئیبراهیم تاتلیساس داوام لێ بكات ئامادەم بەشداری بكەم". ئەو هونەرمەندە ئەو شتەی كە رقی لێیەتی و ئەوەشی یەكجار دڵخۆشی دەكات، ئاشكرا كرد و گوتی "شتێك كە زۆر رقم لێیەتی درۆیە، هەروەها ئەو بەڵێنانەی كە پێم دەدرێ و پاشان جێبەجێ ناكرێن، ئەوكاتەشی خەڵك لەسەر شانۆ لەگەڵ من گۆرانی دەڵێنەوە، زۆر بەختەوەرم و جگە لەخۆشی و ئارامی هەست بەهیچ شتێكی دی ناكەم".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com