|
زیاد
ئەسعەد كۆمپانیاكانی فێركرد پارە بدەن
ئێوارەی رۆژی 10/7/2010 لەهۆتێلی چوارچرا
كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هەریەك لە حەسەن
غەفوور بەڕێوەبەری كۆمپانیای مێ ڤیژن و
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری كارەكانی
زیاد ئەسعەد سازكرا، كە تێیدا لەبارەی دوا
ئەلبوومی هونەرمەند زیاد ئەسعەدەوە زانیاریی
خرایەڕوو.
حەسەن غەفوور لەسەرەتای كۆنگرەكەدا ئاماژەی
بەوردەكارییەكانی بەرهەمە تازەكەی زیاد كرد،
كە بەرهەمە تازەكەی زیاد بەمنزیكانە و لەماوەی
مانگێكدا تەواو دەبێت و لە 8 تراك پێكدێت و
سەرجەم تێكست و ئاوازی گۆرانییەكان هی خۆیەتی،
گوتیشی "بڕیارە لەدوای تەواوبوونی بەرهەمەكەی،
زیاد بگەڕێتەوە كوردستان". لەماوەی كۆنگرە
رۆژنامەوانییەكەدا، زیاد ئەسعەد خرایە سەر
هێڵی تەلەفۆن و ئەویش پەیامی خۆی راگەیاند، كە
لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا زیاد ئەسعەد
گوتی "كۆمپانیا هونەرییەكان جارێكی تر هیوایان
بەمن بەخشییەوە، كە بە بەرهەمی تازەوە
بگەڕێمەوە نێو هەوادارنی هونەری".
بڕیارە دوای تەواوبوونی كارە هونەرییەكانی
ئەلبوومە بڵاونەكراوەكەی، زیاد ئەسعەد
بگەڕێتەوە كوردستان و لەكۆنگرەیەكی
رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارەكانی
رۆژنامەنووسان بداتەوە، هەر لەماوەی
سەردانەكەیدا بەهاوكاری هەردوو كۆمپانیا (بلو
پرۆجەكش و مێ ڤیژن) كۆنسێرتێكی گۆرانی لەشاری
هەولێر ئەنجام دەدات، بەڵام تائێستا دیار نییە
ئەو كۆنسێرتە بەچ شێوازێك ڕێكدەخرێت.
ئەو بەرهەمەی زیاد ئەسعەد، كە بەناوی (سوێند)
بڵاودەبێتەوە و لەلایەن هەردوو كۆمپانیای "بلو
پرۆجەكش و مێ ڤیژن"ـەوە كڕدراونەتەوە، بەڵام
نرخی بەرهەمەكەیان ئاشكرا نەكرد، كە بەچەند
كڕیویانەتەوە، بەڕێوەبەری كۆمپانیای مێ ڤیژن
ئەوەی گوت "كە تائێستا بەرهەمی هیچ
هونەرمەندێكی دیكە نەگەییشتۆتە نرخی
بەرهەمەكەی زیاد، ئێمە نرخێكی زۆرمان بەو
بەرهەمەی زیاد داوە". بەڵام سەرچاوەیەك
لەكۆمپانیای مێ ڤیژن بە(سڤیل)ـی راگەیاند
"نوێنەرمان چووە سوید و لەگەڵ زیاد ئەسعەد
گفتوگۆیان كرد و دەرئەنجام ئەلبوومەكەمان لێی
كڕیوە بەنرخێكی كەمتر لە 100 هەزار دۆلار".
حەسەن غەفوور لەبارەی چۆنیەتی چاپ و
بڵاوكردنەوەكەی ئەلبوومەكە زانیاریی ئەوەیدا،
كە 100 هەزار دانەی بەشێوەی كاسێت و سێدی لێ
چاپ دەكرێت، "بەڵام نرخی ئەو بەرهەمە لەبازاڕ،
لەسەرووی نرخی بەرهەمی هونەرمەندانی دیكەوە
نابێت".
زیاد ئەسعەد هونەرمەندێكی بەتوانای كوردە و
لەساڵی 1966 لەگەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر
لەدایكبووە و هەر لەو شارەدا ئامادەیی پیشەیی
خوێندووە، لەساڵی 1983ـدا دەستی بەكاری هونەری
كردووە، یەكەم گۆرانی بەناوی "دوعا دەكەم شەو
و رۆژان من، بتسوتێنێ ئاه و ناڵەی من" بووە،
دوای ئەوە چەند گۆرانییەكی دیكەی تۆمار كرد،
یەكەم كاسێتی گۆرانی لەساڵی 1988ـدا
بڵاوكردۆتەوە، زیاد ئەسعەد لە 1993ـدا
كوردستانی جێهێشت و تائێستا پێنج ئەلبوومی
بڵاوكراوەی هەیە، كە دوای ئەلبوومیشی بەناوی
(سكاڵا) لەساڵی 2003 بڵاوكردەوە، بەدەر لەوەش
زیاتر لە 130 ئاواز و هۆنراوەی بەهونەرمەندانی
كورد داوە.
|