جــیــهــــانــــی ئـــــاو.. فیلمێك لە بیرۆكەكەی كەشتیەكەی نوح و خەیاڵی زانستی  

 

 

سڤیل:
چی دەبوو ئەگەر زەوی هەمووی وشكانی بووایە و ئاو نەبووایە؟ رەنگە وەڵامی پرسیارێكی وەها لەلایەن سادەترین مرۆڤیشەوە، ئەوە دەبوو، كە لەجیهانێكی بێ ئاودا ژیان نابێت، بەڵام ئەگەر بەشێكی پرسیارەكە پێچەوانەوە بكەینەوە، بپرسین ئەگەر گۆی زەوی هەمووی ئاو بووایە، وشكانی نەبوایە، ئەوكات چی دەبوو، پاش تۆزێك بیركردنەوە دیسان دەڵێین، دیسان ژیان نەدەبوو، بۆچی راستەوخۆ ناڵێین ژیان نابێت؟ نا ئەمە تۆزێك زیاتر بیركردنەوەی گەرەكە، ئەگەر زەوی وشكانی نەبێـت، بێ گومان هاموشۆی ئینسان لەسەر زەوی، زۆر سنووردار دەبێت، درەخت و گژوگیا نابێت، جیا لەمانەش ئاوی زەریا بە كەلكی خواردنەوە نایەت، واتە لەزۆری ئاودا ئاوی زولاڵیش نابێت.
ئاگر و خۆڵ و ئاو، ئەو سێ رەگەزەن كە لە فەلسەفەی كۆنی یۆنانی بەر لە سوقرات بەبنەماكانی بوون دادەنران، بوونی هەر یەكەشیان بەرێژەی جیاواز كار لە هەیئەتی بوون دەكات، لەئەفسانە ئاینییەكان و ئەفسانە كۆنەكان باس لەوە دەكرێت، كە ئاو جیهانی هەموو داپۆشیوە، لەكتێبە ئاسمانییەكان باسی چیرۆكی پێغەمبەر نوح دەكرێت، كە چۆن ئەو كاتە زەوی پڕ لەئاو بووە، گیانەوەر و مرۆڤی لەكەشتیەكەی نەجات داوە، هەموو ئەو بابەتانە كە لێرەدا باس كران، لەناوەڕۆكی فیلمێكی سینەمایی نزیكن كە ناوی فیلمەكە (جیهانی ئاو)ە.
ئەو فیلەمە لەلایەن كیڤن رینولدز دەرهێنراوە، لەفیلمەكەدا ئەكتەری بەناوبانگی جیهانی كیڤین كوستنەر و جین تریپلیهون رۆڵی سەرەكی دەبینین، لەرووی تێچوونەوە ئەو فیلمە لەدوای تایتانیكەوە دێت، كە لەمێژوودا زۆرترین پارەی تێدا خەرج كراوە، فیلمی جیهانی ئاو بڕی 530 ملیۆن دۆلاری تێچووە، بەڵام تایتانیك كە دوو ساڵ دواتر دەرهێنراوە، بڕی 550 ملیۆن دۆلاری تێچووە، ئەكتەری سەرەكی فیلمەكە كیڤن كۆسنەر لەو فیلمەدا بڕی 36 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە.
رەنگە ئەو پارەیە بۆ ئەكتەرێكی وەك كیڤن زۆر نەبێت، چونكە ئەو كاتەی ئەو فیلمە بەرهەم هاتووە، كیڤن لەوپەڕی ناوداری دابووە، كیڤن لەساڵی 1955 لەدایكبووە، بە رەگەز ئوسترالیە، دوو جار خەڵاتی ئۆسكاری وەرگرتووە، لەساڵی 1991 بەهۆی فیلمی سەما لەگەڵ گورگەكان خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و ئەكتەری وەرگرت.
سەرەتای فیلمەكە بە چەند نوسینێك باس لەوە دەكات، كە لەئەنجامی توانەوەی سەهۆڵەكانی جەمسەری باكوورەوە هەموو زەوی بە ئاو داپۆشراوە، ئەو خەڵكەی كە ماوەتەوە بەسەرپەرشتی پارچە ئاسنەكانەوە، كە كەشتی بچووك و خانووی ئاسنە، بۆ وشكانی عەوداڵن، یەكەم گرتەی فیلمەكە ئەوەیە كارەكتەری سەرەكی فیلمەكە، كە كیڤن رۆڵی تێدا دەبینێت، لەناو كەشتیەكی سەیروسەمەرەدایە، بەرامبەر بە خۆر وەستاوە و لەناو قوتویەك میز دەكات، دواتر میزەكە لەناو لوولەی پاڵاوتن دەكات، كە لە دەمی لوولەكەوە دێتە دەرەوە وەك ئاو دەیخواتەوە، هەموو شتێك لەناو كەشتیە بچووكەكەی ئەو دا هەیە، ئەو گوێچكەی زیادەی وەك ماسی هەیە، پەنجەی پێیەكانی بەیەكتر لكاون، ئەو مەركانەیەكی لایە، كە درەختێكی بچوكی لایە، دوو لیمۆی گرتووە، هەردەم سەیری لیمۆیەكان دەكات، كاتێك تووشی رێبوارێكی پۆلۆنی دەبێت، كە كەشتیەكی بچوكی لایە، باسی ئەوەی لەگەڵ دەكات، كە هیچ شتێك لەدونیای ئاودا بەخۆرایی نییە، پۆلۆنیەكەش هەوڵ دەدات درەختە بچووكەی لێ بدزێت، دواتر ئەو پاڵەوانە دەچێتە شوێنێك وەك گوندێكی ئاسن وایە، لەوێ كیسەیەك خۆڵ دەفرۆشێت بەچەند گڵاسێك ئاوی پاك و شتلێك تەماتە، ئەو كاتە خەڵكەكە گوێچكەكانی دەبینن، بە بیانووی ئەوەی كە ئەوە مرۆڤ نییە، دەیگرن، ئەو كاتە جگەرەكێشەكان هێرشیان دەكەنە سەر، جگەرەكێشەكان كۆمەڵێك مافیای ناو ئاون، لەفیلمەكەدا بەو ناوە ناویان دێت.
لەفیلمەكەدا هەموو شەڕەكان لەسەر منداڵێكە، كە ئەو منداڵە خولیای رەنگەكانی هەیە، هەر دەم وێنە دەكێشێت، لەپشتی منداڵەكە تاتۆیەك هەیە، كە گومان دەكرێت وێنەی وشكایی بێت، بەڵام جگەرەكێشەكان منداڵەكە دەدزن، بەڵام منداڵەكە لەشیكردنەوەی تاتۆیەكە هاوكاریان ناكات، دواجار پیاوەكە كە گوێچكەكانی لەماسی دەچێت، لەگەڵ ئەو ئافرەتەی منداڵەكەی پەروەردە كردووە، لەگەڵ خەڵكەكانی تر بەسەر جگەرەكێشەكان زاڵ دەبن و منداڵەكە دەدۆزنەوە و دواجاریش دەگەنە وشكانی و دورگەیەكی سەوز.
ئەو فیلمە خەیاڵی زانستیە، فیلمی خەیاڵی زانستی، زۆرجار ئەفسانەكان دەكاتە راستی و زۆرجاریش بە خەیاڵ حەزی ئینسان بۆ وەڵامی هەندێك پرسیار تێر دەكات، ئەو فیلمەش رەنگە لەبیرۆكەكەی ئەفسانەی نوح پێغەمبەر نزیك بێت و وەڵامێكیش بێت بۆ ئینسانی هاوچەرخ، كە لەخۆی بپرسێت، ئەگەر هەموو جیهان ببێتە ئاو ژیان چۆن دەبێت؟


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com