سەفوەت جەراح لە دوادیمانەیدا بەر لە كۆچی دواییكردنی: من نەخۆشم و بۆ چارەسەری پێویستم بە دەرەوەی وڵاتە، بەڵام كەس نامنێرێتە دەرەوە  

 

 

سڤیل: رەوەند جەواد


سەفوەت جەراح، یەكێك بوو لەهونەرمەندە پێشەنگەكانی شانۆی كوردی، دوای تەمەنێك كاركردنی لەبواری شانۆ و دراما، ڕۆژی 20/7/2010 دوای ملمڵانێیەكی زۆری لەگەڵ نەخۆشییەكەی، لەماڵەكەیدا لەشاری هەولێر، كۆچی دوایی كرد و لەگۆڕستانی مەعمەل قیڕ بەخاك سپێردرا.
سەرەتای كاركردنی هونەرمەند سەفوەت جەراح، لەبواری شانۆدا، بۆ ساڵی 1953 دەگەڕێتەوە، هاوكات كە قوتابی بووە لەقۆناغی ئامادەیی، ئەو یەكەم هونەرمەندی پیاوی كوردە، كە بەهۆی نەبوونی ئافرەتی شانۆكار، لەشانۆگەری (عوتێل)، كە لەهۆڵی (میدیا)ـی شاری هەولێر نمایشكرا، رۆڵی ئافرەتی بینیوە، دواتر بۆ خوێندن چووەتە بەغدا و ئەكادیمیای هونەرەجوانەكانی تەواو كردووە، هەر لەوماوەی خوێندنیدا بەشداری لەچەندین شانۆگەری و درامای تەلەفزیۆنی و فیلمی سینەمای عەرەبی كردووە، لەبەرئەوە چەندە رۆڵی لەشانۆ و درامای كوردی هەبووە، هێندەش رۆڵی لەشانۆ و درامای عەرەبی هەبووە، بەڵام ئەو زۆر كەم بەرۆڵی سەرەكی بەشداری لەكارە عەرەبییەكان كردووە.
لەو بارەیەوە سەفوەت جەراح، گوتی "دەرهێنەرەكانی عێراق رۆڵی سەرەكیان نەدەدایە ئەكتەرێك كە كورد بێت، دەیانگوت: كورد وەك عەرەبێك زمانی عەرەبی نازانێ، وەك عەرەبێك ناتوانێ گوزارشتی تەواو بكات، لەبەر ئەوە هەوڵیان زیاتر لەگەڵ ئەكتەرە عەرەبەكان بوو".
هونەرمەند سەفوەت جەراح، بەر لەكۆچی دوایی، لەدیمانەیەكی لەگەڵ (سڤیل) دا، كە لەماڵەكەی خۆیدا لەگەڵی ئەنجامدرا بوو، هۆكاری دوور كەوتنەوەی چەند ساڵەی لەشانۆ و درامادا، بۆ نەخۆشییەكەی خۆی گێڕایەوە، ئەو گلەییشی لەبێ هەڵوێستی حكومەت بەرامبەر بەخۆی كرد، چونكە وەك دەڵێت "تائێستا نەرێزلێنانم بۆ كراوە، نەهاوكاری چارەسەركردنیشم بۆ كراوە، هەمووان دەزانن من نەخۆشم و پێویستم بەدەرەوەی وڵاتە، ئێستا داوای چی بكەم، ئایا حكومەت دەتوانێ رەوانەی دەرەوەی وڵاتم بكات، ئەگەر حكومەتێك نەتوانێ ئەوە بۆ هونەرمەندێكی وڵاتەكەی خۆی بكات، كەواتە حكومەتێكی بێ دەسەڵات و بێ هەڵوێستە".
هونەرمەند سەفوەت جەراح، كە لەساڵی 1970 بۆ یەكەمجار بەڕێوبەرایەتی سینەما و شانۆی كوردی لەهەولێر دامەزراند و لەهەمان ساڵدا تیپی هونەرە میللییەكانی دامەزاند، ئەو دامەزرێنەرە دوای ئەوەی حەوت ساڵ بەهۆی نەخۆشییەوە لەسەر جێگای كەوت و ڕۆژی 20/7/2010 ئەویش وەك زۆر لەهونەرمەندەكانی دیكەی پێش خۆی، بێناز لەماڵەكەی خۆی، كۆچی دوایی كرد.
هونەرمەند سەفوەت جەراح دیسانەوە یەكەم هونەرمەندی هەولێر بووە، كە لەهۆڵی گەل شانۆی نمایشكردووە، وەك ئەو لەو دیمانەیەی لەگەڵ (سڤیل) دەڵێت "لەساڵانی پەنجاكان لەقوتابخانەكان شانۆمان نمایش دەكرد، چونكە هۆڵ نەبوو، دواتر هۆڵی گەل یەكەم هۆڵ بوو لەهەولێر و منیش یەكەم كەس بووم كە شانۆم تێدا نماش كرد و تەمسیلم تێدا كرد، چ وەك ئەكتەر چ وەك دەرهێنەر، بینەرێكی زۆر ئامادەی شانۆگەرییەكان دەبوون"، هونەرمەند لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت "بەڵام تەكنەلۆجیا بەگشتی زاڵبووە بەسەر جەماوەر، بۆیە جەماوەر لاوازە لەسەیركردنی شانۆ و رۆژ دوای رۆژ بینەری شانۆ روو لەكزبوونە، ئێستا تەلەفزیۆن بووەتە شانۆ و سینەمای ناو ماڵان، دەتوانی باشترین زنجیرە تەمسیلییەكان و فیلم ببینی، پێشان ئەو شتە نەبوو".
لەباسكردنی یەكەم كاری دەرهێنانی خۆی، هونەرمەند سەفوەت جەراح، گەڕایەوە ساڵانی هەشتاكان، كە یەكەم كاری دەرهێنانی ئەو، پشتگیری بووە لەگەنجێكی خاوەن دەقێكی شانۆیی و دەڵێت "لەساڵی 1985 گەنجێك هات لام و گوتی مامۆستا ئەو شانۆگەریەم نووسیوە، دەكرێتە شانۆ؟ منیش خوێندمەوە و كەمێك دەستكاریم كرد و لەهۆڵی گەل لەشاری هەولێر، بەناوی (سورمێ خان) نمایشمكرد، كە ئەوە یەكەم كاری دەرهێنانی من بوو لەشانۆدا، دوای ئەوە دەرهێنانم بۆ درامای (مەرز و كاكەمین) كرد، كە هونەرمەند چەتۆ حەسەن سیناریۆكەی ئامادەكردبوو و چەندان ئەكتەری شاری هەولێر بەشداریان تێدا كرد، لەوانە (سەباح عەبدولڕەحمان، چەتۆ حەسەن، ئیسماعیل قادر، عەلی ئەحمەد) هونەرمەند (سەعدون یونس)یش كاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجام دا".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com