|
وریا
بوداغی
دە ساڵ لەمەوبەر خەڵكی ئێران رابەرێكی گەورەی
ئازادییان لەدەستدا، كە رەنگبێ هەرگیز
فەرامۆشی نەكەن، شاملوو مانگی ئازادی و
پێشەنگی ئەدەبیاتی مۆدێرن (شیعری سپی) بوو،
ئەو شیعرانەی كە هەرگیز پێویستیان بە كێش نەما
و چوونە ناو دۆخی ئازادییەوە و هەروەها ئەو
شیعرانەش كە باسی دادپەروەری كۆمەڵایەتییان
كرد و لە عەشق و ژیان دوان. شاملوو لەپێشەكی
هەوای تازەدا دەڵێ "من بۆ خۆم شیعر دەنووسم".
بەڵام لەراستیدا ئەو بووە شاعیری راستەقینەی
خەڵك و لەو یەكەمین ئەو شاعیرانە بووە، كە لە
سەردەمی ژیانی خۆیاندا خەڵك شیعرەكانیان لەسەر
دار و دیوار نوسیبێت.
ئەو ساڵی 1925 لەتاران لەدایكبووە. لەبەرئەوەی
باوكی شاملوو پۆلیسێكی حكومەت بووە، سەردەمی
منداڵی ئەحمەد شاملو و لەم شارە و شاردا بەسەر
چووە. قۆناغەكانی خوێندنی لە تاران و مەشهەد و
چەند شارێكی تری ئێران تەواو كردووە و قۆناغی
كۆتایی پێش زانكۆی لەشاری ورمێ تەواو كردووە.
شاملوو لەتەمەنی 22 ساڵیدا لەگەڵ ئەشرەف
ملووكی ئیسلامییە زەواجی كردووە و چوار
منداڵیان بوو و لەساڵی 1954 دا بۆ ماوەی ساڵ و
نیوێك بەهۆی شیعرەكانییەوە لەلایەن دەسەڵاتی
ئەوكاتی ئێران گیرا و لەهێرشبردنە سەر ماڵەكەی
چەند دەستنووسێكی شیعر و وەرگێڕدراوی
شاملوویان لەگەڵ خۆیان برد و لەگەڵ چیرۆكێك كە
لەزینداندا دواتر نووسی ئاگریان تێبەردا،
كتێبەكانی 'ئاڵتوونی ناو زەلكاو' نووسینی
ژیگمۆند موریس و بەشێكی گەورە لە كتێبی
'كوڕەكانی ئەو پیاوەی كە دڵی وەك بەرد بوو'
بەرهەمی موریوكایی و چەند بەرهەمێكی شیعریشی
لەم كارەساتەدا لەناو چوون.
شاملوو لەتەمەنی 21 ساڵیدا بووە سەرنوسەری
هەفتەنامەی ئەدیب و دواتر لەساڵی 1978 بۆ
ماوەی چوار مانگ بووە سەرنووسەری گۆڤاری
"ایرانشهر" و دوای ئەمە سەرنووسەری 36 ژمارە
لەحەفتەنامەی "كتێبی هەینی" دەگرێتە ئەستۆ.
تەمەنی ئەو رۆژنامانەی كە ئەو دەبووە
سەرنووسەریان زۆر كەم بوون، لەوانە "هونەری
نوێ" سێ ژمارەی لێ دەرچوو، حەوتوونامەی
"روزنە" كە نۆ ژمارەی لێدەركرا و هەروەها
هەفتەمانەی هونەر و سینەما كە سێ ژمارەی
لێدەرچوو. ئەو لەتەمەنی كاری رۆژنامەنووسی و
سەرنووسەریدا كاركردن لەو رۆژنامانەشی گرتە
ئەستۆی خۆی وەكو: زانیاری زانست و هونەر و
ئەدەبیات، حەفتەنامەكانی وەكو ئاشنا و هەدیە و
هەروەها چەندین رۆژنامە و گۆڤاری تریش لەژێر
قەڵەمی ئەودا بە چاپ دەگەیشتن، كە ئەمانە
بەرهەمی كارەكانی ئەو كاتەی بوو، كە تەمەنی
لەنێوان 23 بۆ 30 ساڵدا بوو.
نیو سەدە لەوە پێش شاملوو بڵاوكراوەی "كتێبی
هەفتە"ی بە چاپ گەیاند، كە لەماوەیەكی كەمدا
بە تیراژی 24000 دانە بڵاو بووەوە.
شاملوو لەراستیدا بەلای خەڵكەوە گرنگ بوو،
بەشێك لە وتە و شیعرەكانی شاملوو ئەوەندە
بەلای خەڵكەوە گرنگ بوون، كە لەسەر
سەیارەكانیان دەیانووسی یان لەپشت پاسەكانی
نێو شار، هەر بەم هۆیەشەوە لەلایەن دەسەڵاتی
شای ئێران ئەمانە قەدەغە دەكران و هەتا ئێستاش
زیاتر لە 100000 لینك و سایت و سەرچاوەكانی
ئینتەرنێتی بە زمانی فارسی پڕە لەوتە و
شیعرەكانی شاملوو.
شاملوو دە ساڵ دوای زەواجی یەكەم و لەپاش
ئەوەی كە لەگەڵ ژنی یەكەمی لێكدابڕان، لەگەڵ
خاتوو تووبا ژیانی نوێ دەستپێكرد و
لەهەمانساڵدا كتێبی "هەوای تازەی" بڵاو
كردەوە.
شاملوو بۆ جارێكی تریش بڕیار دەدا بێ ژن ژیان
بكا و چوار ساڵ دوای زەواجی دووەمی لەگەڵ
خاتوو توبا لێك جیا بوونەوە.
شاملوو هەتا تەمەنی گەیشتە 46 ساڵ، دایك و
باوكیشی لەدەست چوون و دوای ساڵێك لەگەڵ ئایدا
سەركیسیان ئاشنا دەبێ و پاش دوو ساڵ لەم
ئاشنایەتییە دەبنە هاوسەری یەكتر و ئیتر ئایدا
تا كۆتایی تەمەنی شاملوو، هەر لای دەمێنێتەوە.
شاملوو لەگەڵ ئەوەدا لەساڵەكانی كۆتایی
تەمەنیدا رێگەی چالاكی ئەدەبیان پێنەدەدا،
بەڵام هیچكات مەیلی ئەوەی تێدا نەبوو، كە
لەوڵاتی خۆی بچێتە دەرەوە. سێ ساڵ بەر لەمەرگی
شاملوو پزیشكەكانی سەرپەرشتی تەندروستی ئەو
بڕیاریاندا بەهۆی نەخۆشی شەكرەوە ئەژنۆی راستی
ببڕنەوە و لەپاش ناڕەحەتی لەش و دەروونی
سەرەنجام كاتژمێر 9 ئێوارەی 23/7/2000 لەپاش
ئەوەی كە پزیشكەكان شاملوو و ئایدایان
بەتەنیایی لەماڵەوە بەجێهێشت، لەماڵەكەی خۆی
لەكەرەج چاوی لێكنا و بۆ هەمیشە مەیدانی
داهێنانی ئەدەبییاتی ئێرانی بەنوێیەتی
بەجێهێشت. زۆرینەی نووسەران و رووناكبیرانی
ئێران پێیانوایە كە شاملوو زمانی ئەدەبیاتی
هاوچەرخ بووە و هەروەها لەپاش حافزی شیرازی
ئەو تەنیا گەورە شاعیری ئێران دەمێنێتەوە.
شاملوو لەپاش مەرگی بە دەیان كتێبی خۆی لەناو
ئەدەبیاتی فارسدا بە یادگار بەجێهێشت،
لەگرینگترینیان "هەوای تازە، ئاسنەكان و
هەستەكان، كاتژمێری ئیعدام، پەریا و چەندین
بەرهەمی نایابی تر، كە هەمووی ئەم بەرهەمانە
بە جیا لەكتێبخانەكان، لەناو دڵی خەڵكی
ئێراندا جێگەیان كردەوە.
|