زاهیر جەلال لەترسی هاوسەرەكەی هەڵناپەڕێت  

 

 

زاهیر جەلال، كە یەكێكە لەئەندامانی لیژنەی پڕۆگرامی (من جیاوازم) لەكەناڵی زاگرۆس، بە(سڤیل)ی راگەیاند، خێزانەكەی كە لەتەلەفزیۆندا دەیبینێتەوە، پێیخۆش نییە لەپڕۆگرامەكەدا هەڵپەڕێ.
هونەرمەند زاهیر جەلال بەدەر وەك گۆرانیبێژێك، ئەو یەكێكە لەئەكتەرە كۆمدییەكانی كورد و خەڵكی شاری سلێمانییە، ئەو ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی پڕۆگرامی (من جیاوازم)ـی كەناڵی زاگرۆسە و بە(سڤیل)ـی راگەیاند، هەر مرۆڤێك گەر عاتیفەی لەدڵدا نەبێ، واتا مرۆڤ نییە، زۆرجاریش عاتیفە مرۆڤ ڕادەكێشی، دەڵێت "بەڵام زۆر حەزدەكەم ئەو بەشداربووەی كە پێویستی بەو پارەیە هەیە، بۆی دەربچێت، بەڵام دواتر بڕیاری كۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ جەماوەر"، بەشی چوارەمی (پڕۆگرامی من جیاوازم) كۆتاییهات، بەڵام زاهیر جەلال تائێستا نازانێ لەبەشی پێنجەمدا بەشداری دەكاتەوە یان نا، دەڵێ "ئەگەر داوام بكەنەوە دەچم".
زاهیر جەلال ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كاتێك ئەو دەچێتە شوێنە گشتییەكان، خەڵك دەستخۆشی لێدەكەن و خەڵكێكی زۆریش بەتەلەفۆن دەستخۆشی لێدەكەن، دەڵێت "خەڵكی زۆر پێمدەڵێن بەڕاستی حەقی تەواو دەدەی، بەڵێ و نەخێرەكانت تەواون، هەندێجاریش رەخنەم لێدەگرن و پێدەڵێن: راپ و هەڵپەڕكێ بۆ جیاوازە؟" لەبارەی رای خێزانەكەی خۆیشی لەسەر پڕۆگرامەكە، زاهیر جەلال گوتی "خێزانەكەم موتابەعەی پڕۆگرامەكە دەكات و پێمدەڵێ: دائیمەن لەشوێنی خۆت دانیشە و وەك ئەوانی دیكە، ئەوەندە مەچووە سەر شانۆ و حەروك مەبە، لەگەڵ گۆڕانی هەڵپەڕكێش هەڵمەپەڕە. منیش پێمگوتووە: بەسەرچاو هەڵنەپەڕیوم و هەڵیشناپەڕم".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com