فیلمی منداڵە بچووكەكان و زیندووكردنەوەی كارەكتەری مەدام بۆڤاری  

 

 

سڤیل

فیلمی منداڵە بچووكەكان لە رووی ناوەڕۆكەوە لەفیلمی مەدام بۆڤاری دەچێت، ئەو فیلمە لە دەرهێنانی تۆد فیلدە، لەنواندنی كێیت وینسلت و پاترك ویلسۆنە و جینفەر كونیلی و نوه امیریشە، كێیت لەو فیلمەدا رۆڵی ئافرەتێك دەبینیت كە توێژەری ئەدەبییە، لەو فیلمەدا كارەكتەری ئیما بۆڤاری یان مەدام بۆڤاری بە سەر خەیاڵی ئەو توێژەرە زاڵ دەبێت، بۆیە لەژیاندا دواجار رێچكەی مەدام بۆڤاری دەگرێت، مادام بۆڤاری كە ئافرەتێكی گەنجە لەرۆمانەكەی فلوبیردا، ئافرەتێكی رۆمانسی و زۆرزانە، مێرد بە دكتۆرێك دەكات، بەڵام كە هەست دەكات دكتۆر ئەو كەسە نییە هەستەكانی ئەو تێر بكات، بۆیە بڕیاری خیانەت دەدات.
لەفیلمی منداڵە بچووكەكان كارەكتەری سەرەكی وەك مەدام بۆڤاری دەكات، لەو فیلمەدا سارا پێرس (كیت وینسڵت) ئافرەتێكی فێمێنیستە، رۆڵی دایكێك دەبینێت، لەخانەوادەیەكی مامناوەند لەدەوروبەری شاری (بۆستن) لەئەمریكا، كە لەژیانیدا هەست بە ناخۆشی و دڵتەنگی دەكات. كچەكەی ناوی (لوسیە)، بەڵام لوسی بۆ دایكی مایەی بێزارییە و منداڵێكی جاڕسكەرە. هەروەك سارا ژیانی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا خاڵی بۆتەوە لەخۆشەویستی، كە هیچ گرنگیەكی بە سارا نەدەدا و هەمیشە بە دیار سایتە پۆرنۆگرافیەكانەوە حەزەكانی خۆی بەتاڵ دەكردەوە.
لە رقی ئەمە سارا، ژێركراسێكی رەنگ سووری سەرنجڕاكێش لەماركێتەكەی نزیك خۆیانەوە دەكڕێت، تا سەرنجی (براد)ی پێ رابكێشێت، ئەو پیاوەی ئەمیش لەپەیوەندیە هاوسەرگیریەكەی خۆی بێزار بووە و ماوەیەكی كەم بوو لەگەڵ سارا یەكتریان ناسیبوو.
براد (پاتریك ویلسۆن) لە فیلمەكە یاریزانێكی پێشووی فوتبۆڵی زانكۆیە، خێزانەكەی ناوی كاسیە (واتە خانمە ئەكتەر جینێڤەر كۆنێڵی) و لە بواری سازكردنی فیلمی دۆكیومێنتی كار دەكات. ئەوانیش كوڕێكی بچووكیان بە ناوی (ئارۆن) هەیە. (براد)یش لەو پەیوەندیەی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا توشی نائومێدیەكی گەورە ببوو، خێزانەكەی بژێوی ماڵەكەی پەیدا دەكرد و ئەمیش ببووە پیاوی ماڵەوە. رۆژانە بە مەبەستی خوێندنەوە رووی لەكتێبخانە دەكرد، بەڵام لەڕاستیدا هیچ شتێكی نەدەكرد، تەنیا لەپەنجەرەكەوە تەماشای یارییە جۆربەجۆرە وەرزشیەكانی گۆڕەپانەكەی دەرەوەی دەكرد، تا دوایی پەیوەندی بە تیمێكی تۆپی پێوە كرد.
لەسەرەتای چیرۆكەكە (سارا) و (براد) لەگۆڕەپانی یاریكردنی قوتابخانەیەك یەكتر دەناسن، لەوێ سارا بە براد دەڵێ، كە بۆ ئەوەی دایكەكانی تری ئەوێ توشی شۆك بكەن، با باوەش بە یەكتردا بكەن، بەڵام براد لەوە تێدەپەڕێنێت و سارا ماچ دەكات، ئەم رەفتارەی سارا كەمێك دەشڵەژێنێت، پاشان هەردوولایان لە ناخی خۆیاندا هەستێكی نائاسایی بەرامبەر بە یەكتر بەدی دەكەن.
دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك و چەند جارێك سەردان و یەكتر بینینیان، هەردوولایان باشتر یەكتر دەناسن، لە كاتێكدا منداڵەكانیشان زیاتر بە یەكەوە پەیوەست دەبن.
رۆژێك لەرووداوێكی لەناكاودا، سارا و منداڵەكان توشی زریانێكی بەهێزی باوبۆران دەبن، بە پەلە روو لە ماڵەكەی سارا دەكەن. لەوێش سارا زوو دەیانباتە سەرەوە و دەیانخەوێنێت. لەناكاو براد خۆی دەكا بە ماڵەكەیدا، لە كتێبخانەكەی سارادا لەناو یەكێك لە كتێبەكاندا وێنەیەكی خۆی لەكاتی مەلەكردن لەحەوزی ئاوەكەدا بە نیمچە رووتی دەبینێت، كە سارا لەوێ هەڵیگرتبوو. پاشان لەژێرزەمینی ماڵەكە بۆ جاری دووەم بەماچێكی لەناكاو سارا توشی پەشۆكان دەكاتەوە، دواتر بۆماوەیەك لەوێ بە تەنیا دەمێننەوە و چەند ساتێك بە باوەش بەیەكداكردن و ماچ گۆڕینەوە و سێكس بەسەر دەبەن.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com