فەیرۆز، دەنگی فریشتە لە داوی یاسادا كێ دەتوانێ ناسنامەی هاوڵاتی گەردوونی لە فەیرۆز وەربگرێتەوە؟  

 

 

هەفتەی رابردوو ئەوانەی گۆرانیبێژ فەیرۆزیان خۆشدەوێت لەبەیروت و پایتەختەكانی تری عەرەبی رێپێوانیان بۆ پشتگیری فەیرۆز ئەنجام دا، ئەمەش وەك ناڕەزاییەك لەوەی كە فەیرۆز لەدووبارە گوتنەوەی گۆرانیەكانی برایانی رەحبانی لەلایەن مەنسور رەحبانیەوە رێگری لێكراوە.
مەسەلەكە لەوەدا دەستیپێكرد كاتێك رێكلام بۆ ئەوە كرا، كە فەیرۆز دووبارە یەكێك لەشانۆكان دووبارە دەكاتەوە، كە لە ساڵی 1970 گوتراوە، بەڵام ڤازینۆی لوبنان رەتیكردەوە ئەو شانۆیە پێشكەش بكرێت، ئەویش لەژێر فشاری وەریسەكانی مەنسور رەحبانی بوو، چونكە ئەوان نامەیەكی یاساییان بۆ ئیدارەی گازینۆكە ناردبوو، داوایان لێكرد كە نابێت فەیرۆز گۆرانیەكانی برایانی رەحبانی بڵێتەوە.
وەریسەكانی مەنسور داوا لەفەیرۆز دەكەن، كاتێك گۆرانی دەڵێت دەبێت مۆڵەت لەوان وەربگرێت، جیا لەوەش دەبێت هەقی ماددیش لەبەرامبەر گوتنی گۆرانییەكان بدات، لەبەرامبەر ئەمەشدا فەیروز لەگەڵ ئەوەی منداڵەكانی مەنسور رەحبانی وەك منداڵی خۆی سەیر دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سكاڵایەكی بەرامبەری لەهەریەكە لەو وەریسانە و گازینۆی لوبنان تۆمار كرد، داوای قەرەبوكردنەوەی ماددی و مەعنەویان لێدەكات.
كەسە نزیكەكانی فەیرۆز باس لەوە دەكەن كە ئێستا وەریسەكانی مەنسور رەحبانی، كارەكانی برایانی رەحبانی دووبارە دەكەنەوە، بێ ئەوەی دەست بۆ كارەكانی عاصی رەحبانی ببەن، ریما رەحبانی كچەكەی فەیرۆز كە دەەرهێنەریشە دەڵێ "منداڵانی مەنسور رەحبانی هیچ هەقێكیان لە لای دایكم نییە، تا وەرەسەی لەگەڵ دابەش بكەن، ئەو كارانەی كە لەلایەن فەیرۆزیش گوتراوە، لەلایەن كۆمەڵێك موسیقار دانراوە". جیا لەوەش ریما رەحبانی دەڵێ "دەبێت هەموو بگەڕێنەوە سەر بەڵگەكان كە ئەو كارانە هی كێن، ئەوانەی دەیانەوێت فەیرۆز نارەحەت بكەن، لەوەدا سەركەوتوو نابن، فەیرۆز لە سەرەوەی یاسا نییە، بەڵكو لەگەڵ یاسادایە، خۆزگە هەموو كەسێك وەك فەیرۆز یاسای جێبەجێ دەكرد".
لەبەرامبەردا ئوسامە رەحبانی كە كوری مەنسور رەحبانییە، لەلێدوانێكی بۆ سایتی بی بی سی گوتویەتی "ئێمە كارەكانمان بە یاسایی ئەنجام داوە، ئەگەر گازینۆكە شانۆكەی رەتكردۆتەوە، ئەوە یاسای جێبەجێكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە كێشەكەمان لەگەڵ فەیرۆز بە دیالۆگ چارەسەر دەبێت، نەوەك لەرێگای راگەیاندنەوە".
ئەگەرچی بە یاسا رێگری لەفەیرۆز كراوە، كە ناتوانێت گۆرانی بڵێت، بەڵام هەندێك كەس لەژێر دروشمی "دەنگی فریشتە لەسەرووی یاسایە"، رێپیوانیان ئەنجام داوە، دیمەشق كە یەكەم شوێن بوو لەساڵی 2008 رێگری لەشانۆیەكی فەیرۆز كرد، بەڵام ئێستا رادیۆی فەرمی دیمەشق پشتگیری خۆی بۆ فەیرۆز راگەیاندووە، دەنگ لەدژی ئەو یاسایە كۆدەكاتەوە، كە دەنگی فەیرۆز كپ دەكات، جیا لەوەش پێشتر ئەو رادیۆیە سەعاتێكی تایبەت كردبوو، بە دەنگی فەیرۆز بە ناوی ئەندەلوسیات فەیرۆز، كەچی ئێستا ئەو ماوەیەی بۆ چەند كاتژمێكی تایبەت بە دەنگی فەیرۆز تەرخان كردووە.
جیا لەوەش ئەكتەری میسری ئیلهام شاهین هەڵمەتێكی مانگرتنی دەست پێكردووە، سەدەها هونەرمەند و گەنج لەوڵاتانی عەرەبی هاتونەتە بەیروت و پشتگیری لەفەیرۆز دەكەن، جیا لەوانەش تامر حوسنی گۆرانیبێژی بەناوبانگ گۆرانییەكی بە ناوی فەیرۆز داناوە، كە لە هۆنراوە و ئاوازی خۆیەتی.
فەیرۆز ناوی تەواوی نیهاد وەدیع حەدادە، لەساڵی 1935 لەبەیروت لەدایكبووە، لەتەمەنی 13 ساڵی بە حەلیم رۆمی مۆسیقاری گەورەی لوبنان دەگات، كە ئەو مۆسیقارە باوكی ماجدە رۆمییە، هەر حەلیم رۆمی نازناوی فەیرۆزی بۆ دادەنێت، فەیرۆز دواتر شوو بە عاصی رەحبانی دەكات، عاصی و مەنسور دوو برای مۆسیقار دەبن، ئەوان لەگەڵ فەیرۆز كار دەكەن، تا فەیرۆز دەبێتە ئەو هونەرمەندەی كە بەرپرسێكی ئەمریكی لەبارەیەوە دەڵێت "فەیرۆز هی وڵاتێك نییە، بەڵكو فەیرۆز هاوڵاتییەكی گەردوونیە". ئێستا منداڵانی مەنسور رەحبانی داوای پارە لە فەیرۆز دەكەن، داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەكەن.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com