|




ئەمسـاڵ هیچ گۆرانیبێژێـــكی ژن گۆرانی بۆ
رەمەزان ناڵێت
سڤیل:
لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزان، ئەمساڵ
زۆرترین لەگۆرانیبێژانی كورد گۆرانیان بۆ
مانگی رەمەزان ئامادەكردووە، وەك ئەوەی
مونافەسە كەوتۆتە نێوانیان، كە گۆرانییەكانیان
بەباشترین گۆرانی دینی دەربچێت.
لەكەناڵی هونەری ڤین تیڤی ڕۆژانە زیاتر لەبیست
جار رێكلام بۆ ئەو گۆرانیبێژانە دەكرێ، كە
گۆرانییان بۆ مانگی رەمەزان ئامادە كردووە،
لەوانە (عەبدولقەهار زاخۆیی، شەریف قەیران،
میرە، كاروان كامیل، سەمیر عەبدوڵڵا، بڵند
ئیبراهیم، زانا جەبەلی، هەردی سەڵاح، هەڤاڵ
ئیبراهیم)، كە ئێستا كلیپەكانیان ئامادەیە و
لەیەكەم رۆژی رەمەزان لە كەناڵەكان بڵاو
دەكرێنەوە.
هونەرمەند زانا جەبەلی لەساڵی پاردا
گۆرانییەكی دینی بەناوی (لاالە الا اللە) لە
ئاواز و تێكستی خۆی تۆماركرد، كە لەسەرجەم
كەناڵەكان بڵاوكرایەوە، زانا جەبەلی بە
(سڤیل)ـی راگەیاند، كە زۆربەی خەڵك دەستخۆشیان
لێكردووە، ئەوانەی كە نوێژ ناكەن و رۆژووش
ناگرن گۆرانییەكەیان پێ جوان بووە، ئەو دەڵێت
"خۆشەویستی خوا لەلای من لەهەموو خۆشەویستییەك
گەورەترە، هیچ شتێك لەوە جوانتر نییە، گۆرانی
بۆ ئاینی خۆت بڵێیت، چونكە بەبڕوای من ئاین
دەبێ لەسەرەوەی هەموو شتێكی مرۆڤ بێ، زۆر
خەونی لەمێژینەم بوو، كە بتوانم ڕۆژێك لەڕۆژان
كارێكی وابكەم، كە خزمەت بەئایینی پیرۆزی
ئیسلام بكات". زانا جەبەلی گوتیشی "من كە
توانای كاری هونەریم هەیە، هەوڵدەدەم جوانترین
ئاواز و گۆرانی خۆم بكەمە گۆرانییەكی دینی،
بەڵام پێموایە ئەمساڵ شتێكی واجوانم دەست
نەكەوتبێ، كە شیاوی ئەو ئاینە بێ، خۆشحاڵ دەبم
ئەگەر بتوانم هەموو ساڵێك گۆرانییەكی زۆر باشی
من بۆ دینی پیرۆزی ئیسلام بێ".
میرە یەكێكی دیكەیە لەو هونەرمەندانەی كە بۆ
رەمەزانی ئەمساڵ گۆرانییەكی دینی بەناوی (اللە
اكبر) لە میلۆدی هەڵكەوت زاهیر و تێكستی حەمە
سەعید ئیبراهیم ئامادەی بڵاوكردنەوە كردووە،
میرە كە خاوەن دوو ئەلبوومی بڵاوكراوەیە و بۆ
یەكەمجارە گۆرانییەكی دینی دەڵێت. لەو
بارەیەوە گوتی "دروستكردنی گۆرانییەك بۆ مانگی
رەمەزانی پیرۆز، بیرۆكەی مامۆستا هەڵكەوت
زاهیر بوو، خۆم پێشتر حەزم دەكرد گۆرانییەكی
زۆر باشی دینی بڵێم، بەڵام بۆ ئەو گۆرانییە
مامۆستا هەڵكەوت زاهیر دەستپێشخەری كرد، ئێستا
گۆرانییەكە ئامادەیە و لەهەموو رووەكانەوە
گۆرانییەكی زۆر بەهێزە و لێی ڕازیم، سوپاسی
مامۆستا هەڵكەوت دەكەم، كە توانی ئیشێك بۆ
حەزی من بكات و زۆریش لەگەڵ گۆرانییەكە
ماندووبوو". گۆرانی اللە اكبر، كە
لەبەرهەمهێنانی كۆمپانیای شانێل موزیكە و
لەدەرهێنانی محەمەد جەمیل كلیپی بۆ كراوە،
میرە سوپاسی هەموو كەسانە دەكات، كە
لەكلیپكردنی گۆرانییەكەیدا هاوكاری بوونە.
هونەرمەند دانا عەبدولجەبار كە لەساڵی
(2004)ـدا گۆرانییەكی دینی بڵاوكردەوە، ئاماژە
بەوە دەدات، ڕەنگە كارێكی واجوان و بەهێزی بۆ
پێشنەهاتبێ، كە بۆ ئەمساڵیش گۆرانییەكی دینی
بكات، چونكە ئەو پێیوایە كارێك ئەگەر بەهێز
نەبێ و نەتوانێ بۆ چەندەها ساڵ بمێنێتەوە،
نەكردنی باشترە، هاوكات دانا عەبدولجەبار
ئاماژە بۆ ئەوەشكرد "ئەو گۆرانیانەی بۆ مانگی
رەمەزان كراوە و دەكرێ، ساڵی پار و تەنانەت
ساڵی پێراریش كۆمەڵێك گۆرانی كرا، هەموو
ئەوانە زیاتر چاولێكەرییە، نەك دڵسۆزییەك بۆ
مانگی رەمەزان، گرنگ ئەوەیە كە كارێكی وا
دەكەیت، دەبێ پێش هەموو شتێك خۆت قەناعەتێكی
زۆرت بەرەمەزان و دین و خوا و پێغەمبەر هەبێ،
ئینجا ئەو كارەی كە لەو پێناوەدا پێشكەشی
دەكەم، بەڵام من وای نابینم"، لەبارەی لایەنە
هونەرییەكانی ئەو گۆرانییە دینیانەی، كە
لەساڵی پار و ئەمساڵ بینراوە، دانا
عەبدولجەبار دەڵێ، بەگشتی لایەنی هونەرییەكانی
گۆرانییەكان باش بوون و هەندێكیان كاری زۆر
جوانیان بۆ كرابوو، رەنگ هەندێكیشیان كرچ و
كاڵ بووبن، دەشڵێ "بەڵام من پێموابوو وەك
لایەنی وێنەگرتن و كلیپ، رەنگە هێشتا پێویستی
بەكۆمەڵێك كاری دیكە هەبوایە و كاری باشتری بۆ
بكرایە".
لە هەرچوار ساڵی 2006 و 2007 و 2008 و 2009
سەمیر عەبدوڵڵا گۆرانی دینی تێدا كردووە،
ئێستا ئەو خاوەن چوار گۆرانی بڵاوكراوەی دینیە
و زۆریش دیندارە، ڕۆژانە لەكەناڵی هونەری ڤین
تیڤی رێكلام بۆ گۆرانییە دینیەكان دەكرێ،
بەڵام بۆ ئەمساڵ گۆرانی دیكەی دینی ئامادە
نەكردووە و دەڵێت "لەبەرئەوەی چوار گۆرانی و
كلیپی دینیم هەیە، ئەدی ئەوەندە بەسە" هەروەها
سەمیر عەبدوڵڵا كە یەكێك لەگۆرانیبێژە گەنجە
بەتواناكان، ئەوەش دەڵێت "لەمانگی رەمەزان
بەنیازنیم هیچ ئیشێكی هونەری بكەم، تەنیا
عیبادەتی خوا دەكەم".
میرە پێش ئەوەی ببێتە هونەرمەند لەپڕۆگرامی
ستۆدیۆی ئەسێران، لەزاگرۆس تیڤی دەربكەوێت،
لەزۆربەی مزگەوتەكانی سۆران بانگی داوە، دەڵێ
ئێستاش بانگ دەدەم و لەنوێژ و رۆژوو
دانەبڕاوم، گوتی "بەردەوام نوێژم كردووە و
هەموو ساڵێك لەمانگی رەمەزاندا بەرۆژوو دەبم،
هەركەسێك كاری هونەری بكات، مانای ئەوە نییە
دەبێ لەدینەوە دوور بێ، لەساڵانی ڕابردوو
لەمزگەوتەكانی سۆران زۆر بانگم داوە، هەتا
چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لەمزگەوت بانگم داوە".
لەساڵانی رابردوو هەریەك لەئاڵان عومەر و
دڵنیا قەرەداخی و تارا رەسوڵ گۆرانییەكی
ئاینیان پێشكەش كرد، بەڵام لەساڵی پار و
ئەمساڵیش هیچ ئافرەتێكی گۆرانیبێژ گۆرانییەكی
ئاینی ئامادە نەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی
(سڤیل) هونەرمەند لۆكە بەنیازبووە بۆ ئەمساڵ
گۆرانییەكی دینی تۆمار بكات، بەڵام بەهەر
هۆكارێك بێت، كارەكە جێبەجێ نەكرا، ئەو
سەرچاوەیە دەڵێت "لەبەرئەوەی هونەرمەند
هەڵكەوت زاهیر بەنیازە بۆ هەموو ساڵێك
گۆرانییەكی دینی بۆ یەكێك لەقوتابییەكانی خۆی
بكات، (لۆكەخان)ـیش كە یەكێكە لەو قوتابیانەی
هەڵكەوت زاهیر، بەڵام بۆ ئەمساڵ كارەكە بۆ
لۆكەخان رێكنەوت".
|