مستەفا ئەحمەد: بە قەد توكی سەرم دەقی هونەریم رەتكردۆتەوە  

 

 

سڤیل: شادمان مستەفا



مستەفا ئەحمەد هونەرمەندێكی بەناوبانگە و زۆر لەجەماوەرەكەی لەخۆشەویستیدا پێی دەڵێن "وەستا عەلی". ئەو خاوەنی چەندین بەرهەمە كە دیارترینیان "بەرنامەی بەرنامە، لانەوازان، كەشكۆڵ، خولە چەخماخە، وڵاتەكەم، جەنابی وەزیر، خولەپیزە)، هونەرمەند لەو دیمانەیەی لەگەڵ (سڤیل) تیشك دەخاتە سەر ژیان و كاری هونەری خۆی.
مستەفا ئەحمەد هەتا تەمەنی دە ساڵی لەشارۆچكەی عەربەت ژیاوە، كە دەڵێ عەربەت تامێكی تایبەتی خۆی بۆ من هەبوو، "چونكە ئەو سەردەمەی كە لەوێ بووم، عەربەت شارۆچكەیەكی 600 ماڵ دەبوو، خۆشبەختانە ئەوكاتە دوو كۆمپانیای ئەڵمانی و ئینگلیزی ئۆفیسەكەیان لەعەربەت بوو، شەقامی عەربەت بۆ دەربەندیخان و جەلەولایان دروست كرد، ئیتر برایەكم هەبوو خوالێی خۆشبێ، ئەوكاتە لای بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە كاری دەكرد، بەهۆی ئەوەوە تێكەڵی ئەوان بووم و بەڕێوەبەری كۆمپانیاكەش هەموو هاوینێك منداڵەكانی دەهێنا بۆ عەربەت، منیش تێكەڵیم لەگەڵیان هەبوو، ئەوكاتە ئەوان یاریگایەكیان دروست كردبوو، تێنسی سەر زەوی و باسكە و بالەیان دەكرد، مەلەوانگەشیان هەبوو، هەموو ئەمانە چاوكرانەوەیەك بوو بۆ من"، بەڵام شاری سلێمانی بووە جێگەی پێگەیاندن هونەری مستەفا ئەحمەد، وەك خۆیشی دەڵێ "لەمنداڵیمدا بەحوكمی ئەوەی خاڵ و پورەكانم لەسلێمانی بوون، هەموو هەفتەیەك سەردانی سلێمانیم دەكرد، سینەمای تێدابوو و چالاكی شانۆ و ئاهەنگ دەكرا، ئەو شتانە بۆمن تازە بوون، لەقۆناخی خوێندنی ناوەندیمدا، زیاتر چاوم كرایەوە و ئەو هەست و هۆشەی بۆ هونەر هەمبوو فراوانتر بوو"، هونەرمەند مستەفا ئەحمەد ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو لەپۆڵی پێنجەمی سەرەتایدا بەشداری شانۆگەری كردووە و زۆرترین جار دەوری سەرەكی تێدا بینیوە، دەڵێت "لەوكاتەدا زۆر رێزم لێدەگیرا و چەپڵەم بۆ لێدرا، هەروەها زۆر پیرۆزباییان لێدەكردم، ئەوە وای لەمن كرد، كە بەردەوام بم و هەوڵی زیاتر بدەم".
ئەو هونەرمەندە باس پەرتەوازەیی هونەرمەندان لەئێستادا دەكات، پێی وایە ئەو ئابلوقەی كە لەسەر عێراق و كوردستان هەبوو، وایكرد زۆر لەهونەرمەندان كوردستان جێبهێلن، مستەفا ئەحمەد دەڵێت "دوای ڕاپەڕین ژیان زۆر قورس بوو، هونەرمەندان و ئەدیبان و گەنجانمان زۆربەیان روویان كردە وڵاتانی دەرەوە، كاری هونەریش تاڕادەیەكی زۆر وەستا، چونكە ئەو ئابلوقەیەی لەسەر عێراق و كوردستانیش هەبوو، كارێكی كرد خەڵك دەرگا و پەنجەرەكانی خۆی بفڕۆشێ، تەنیا لەپێناوی نان، دوای ئەوەش حیزبەكان هەریەكە و دامودەزگا و تەلەفزیۆن و رۆژنامەی خۆی دروست بكات، ئەوەش وایكرد هونەرمەندان بەش بن بەسەر ئەو حیزبانەدا، كۆمەڵێك هونەرمەندانی چالاك كۆچی دواییان كرد".
مستەفا ئەحمەد، كە بەدڕێژایی تەمەنی خۆی لەشانۆ و كاری هونەریدا بەڕێكردووە، دێتەسەر باسی شانۆ و دراماكانی قۆناخی ئێستا و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەچاو ئەوەی كورد مێژوویەكی دوور و درێژی لەشانۆدا نییە، كە مێژووكەی ناگاتە سەد ساڵ، لەبەرئەوە شانۆ لەئێستادا تاڕادەیەك باشە، بەڵام ئەو دەشڵێت "هێشتا خەڵكی دەوێت كە بە عەقڵ ئیشی تێدا بكات، هەندێ كەس هەن كار دەكەن، تەنیا مەبەستیان مادی و خۆدەرخستە، كۆمەڵێك دراما كراون ئێستا من ناوەكانیشم لەبیر نەماوە، نەك ناوەڕۆكەكانیان، جەماوەری ئێمە هیچ خەتایەكی نییە، جەماوەری ئێستا زۆر رۆشنبیرن و لەشتە هەرە وردەكان ورد دەبنەوە رەخنەی جدی دەگرن، واتە بینەرێكی زۆر زیرەكمان هەیە، لەبەرئەوە هەموو شانۆگەریەك و هەموو جۆرە درامایەك قبووڵ ناكەن".
لەبارەی هۆكاری كەم دەركەوتنی خۆیشی لەشانۆ و دراماكانی ئێستادا، هونەرمەند مستەفا ئەحمەد دەڵێت "من تاقەتم نییە لەگەڵ هەموو كەسێك ئیش بكەم، چونكە من تەبیعەتێكی تایبەتم هەیە، دووەمیش ئەگەر ئیشێك نەخوێنمەوە و لای خۆم هەڵینەسەنگێنم و شەن و كەوی نەكەم، ئیشی تێدا ناكەم". مستەفا ئەحمەد ئەوەش دەخاتەسەر قسەكانی خۆی، كە لەئێستادا ئیشی خراپ و كرچ و كاڵ بەرهەم دەهێنرێ، لەبەرئەوەشە ناوبراو دەڵێت "بەقەد توكی سەری خۆم دەقم رەتكردۆتەوە، پێم وابووە ئیشەكە نەكەم زۆر باشترە لەوەی، بینەر لەئیشێكی لاوازدا بمبینێت".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com