|
سڤیل:
تایبەت
ئەو وەك خۆی باسی كرد، كەسێكی بێدەنگە و
دەیەوێت لەرێگەی گۆرانییەوە گوزارشت
لەهەستەكانی خۆی بكات، ژیانی هاوسەری
پێكهێناوە، بەڵام بەردەوام نەبووە، باوەڕی
بەخۆشەویستی هەیە و نایشارێتەوە كە خۆشەویستی
كەسێكی تر لەدڵیدایە، سیریل دەڵێت "هونەر
ژیاندنەوەی رۆحی منە".
سیریل لەم دواییانەدا وەك گۆرانیبێژێك بە دیار
كەوت، ئەو وەك خۆی باسی دەكات، ژیانی
بەئازاردا تێپەڕكردووە، لەهاوسەرەكەی
جیابۆتەوە، بەڵام هاوڕێیەتی كوڕ رەت ناكاتەوە
و دەڵێت بە مەرجێك بە مانای هاوڕێیەتی بێت.
سیریل لەدایكبووی شاری سلێمانییە و ماوەی 18
ساڵە لەشاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوێد ژیان
بەسەر دەبات، لە مناڵییەوە خولیای گۆرانی
وتنە، خۆیشی ئەوەی باس كرد، كە ئەو حەزە لە
منداڵییەوە لەگەڵی گەورە بووە، كەچی بارودۆخی
ژیانی بۆی نەڕەخساوە كە بەشێوەیەكی جددی
بەردەوامی بە كارە هونەرییەكانی بدات، هەتا
دوو ساڵ بەر لە ئێستا، بەڵام بە گۆرانییەك
توانی دەنگی خۆی ئاشنای ئەو كەسانە بكات، كە
گوێی لێدەگرن، سیریلیش وەك هەموو گۆرانیبێژە
كوردەكانی تر، كۆسپ لەبەردەم هونەرەكەیدا
دروستبووە، دەڵێت "كۆسپێك كە هاتبێتە سەر رێی
كارە هونەرییەكانم، ئەوەیە كە لەدەرەوەی
كوردستان كۆكردنەوەی ئەو كەسانەی كە لەبواری
هونەریدا كار دەكەن، وەك میوزیكژەن و
ئاوازدانەر و شاعیر ئاسان نیە"، سیریل جگە لەو
كۆسپە باس لەكۆسپێكی تری بەردەم كارە
هونەرییەكانی دەكات، كە رەنگە ئەمەیان كۆسپە
گەورەكە بێت، دەڵێت "باری ئابوریش رێگرە
لەبەرهەمهێنانی بەرهەمی هونەری".
سیریل هونەر بە بەشێكی گەورەی ژیانی خۆی ناو
دەبات، كە رەنگە گوزارشتی ئەو بۆ خۆشەویستی
هونەر و ئەو كاریگەرییەی بەسەر لایەنی رۆحی
خۆیەوە هەیەتی، دەرخەری ئەو هەستە بێت كە ئەو
هەمیشە لە قسەكانیدا بۆ هونەر دەریدەبڕێت، ئەو
لە بارەی هونەرەوە دەڵێت "هونەر ژیاندنەوەی
رۆحی منە".
سیریل ئەو راستییە بۆ (سڤیل) دەدركێنێت، كە
ژیانی بە ناو ئازاردا تێپەڕی كردووە، بۆیە وەك
خۆی دەڵێت "كەسێكی بێدەنگم و هەستی خۆم زۆر بە
قسە دەرنابڕم، ئەو هەستەی لەناخمدایە، لە
رێگەی گۆرانییەكانمەوە دەری دەبڕم، چونكە
ئەگەر گۆرانی هەست و سۆزی گۆرانیبێژەكە خۆی
تێدابێت، سەركەوتووتر دەبێت".
سیریل پێشتر ژیانی هاوسەرێتی پێكهێناوە، بەڵام
بەهۆی كۆمەڵێك گرفتەوە لە یەك جیابوونەتەوە،
كە سیریل ئەو هاوسەرگیرییەی پێشووی، بە
هاوسەرگیرییەكی تەقلیدی ناو دەبات، دەڵێت "لە
رابردوودا ژیانی هاوسەرێتیم پێكهێنابوو، بەڵام
بەداخەوە چونكە بەشێوەیەكی تەقلیدی هاوسەریم
كردووە و نەبوونی هاوبەشی بڕیار و بۆچوونمان
لەگەڵ یەك و دوری كەسایەتییمان پێكەوە، بۆوە
هۆی بەردەوام نەبوونمان لەژیانی هاوسەرییدا".
سیریل ئێستا لەوڵاتی سوێد كاری وەرگێڕان لە
نێوان زمانی كوردی و زمانی سوێدی دەكات،
كاتەكانی تریشی وەك خۆی دەڵێت، بە گوێگرتن لە
میوزیك و وەرزش بەسەر دەبات، بەڵام ئەو باوەڕی
زۆری بە خۆشەویستی هەیە "بەڵام بە مەرجێك
"خۆشەویستییەكی پاك و راست بێت، كە
خۆشەویستییەكی رۆحی بێت"، ئەوەش ناشارێتەوە كە
ئێستا خۆشەویستی هەبێت بۆ كەسێك، بەڵام ناوی
خۆشەویستەكەی ناهێنێت، دەڵێت "هەر مرۆڤێك
خوداوەند بەشێوەیەك دروستی كردووە، كە لەناو
دڵیدا خۆشەویستیشی دروست كردووە، رەنگە منیش
دڵم خۆشەویستییەكی تێدا بێت بۆ كەسێك".
سیریل باوەڕی بە هاوڕێیەتی كوڕانیش هەیە،
بەڵام وەك خۆی دەڵێت، دەبێت بە مانای
هاوڕێیەتی بێت و "تا ئێستاش هیچ گرفتێكم لەو
بارەوە نەبووە"، بەڵام سیریل لەرووی
تێكەڵبوونە كۆمەڵاییەتییەكانەوە، تا رادەیەك
حەزی لەتەنیاییە "كاتیشم هەیە بۆ هاوڕێ و
كەسەكانم".
ئەو حەز لەزۆربەی رەنگەكان دەكات، هەروەها
كابانێكی باشە و حەزی لەزۆربەی خواردنە
كوردییەكانیشە، دەڵێت "بەڵام پەیوەندیشم لەگەڵ
خواردنە بیانییەكاندا باشە، شارەزاییشم هەیە
لەدروستكردنی زۆربەی خواردنە كوردی و
بیانییەكانیشدا".
|